ده‌سته‌ی ده‌سپاكی: هەولێر زۆرترین گەندەڵی تێدا کراوە

ده‌سته‌ی ده‌سپاكی: هەولێر زۆرترین گەندەڵی تێدا کراوە

به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی ده‌سته‌ی ده‌سپاكیی هه‌رێمی كوردستان ئاشكراى ده‌كات، زۆرترین دۆسیه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌ پارێزگای هه‌ولێر تۆماركراوه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، پارێزبه‌ندی بووه‌ته‌ رێگر له‌ ئه‌نجامدانى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی سكاڵایان له‌سه‌ر تۆماركراوه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ "سه‌رخێڵ هاشم" به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی ده‌سته‌ی ده‌سپاكیی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند "له‌ ساڵی رابردوو ١٧٠ دۆسیه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌ دادگاكانی كه‌تن و تاوان هه‌بوون، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ زۆرترین دۆسیه‌ى گه‌نده‌ڵی له‌ هه‌ولێر و كه‌مترینیان له‌ دهۆك بووه‌".

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد "٧٦ دۆسیه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌ هه‌ولێر و ٥٤ دۆسیه‌ له‌ سلێمانی و ٤٠ دۆسیه‌ له‌ دهۆك هه‌بووه‌، له‌ كۆی گشتیش ١٠٢ دۆسیه‌ له‌ دادگای تاوان و ٦٨ دۆسیه‌ له‌ دادگای كه‌تن و ١١٧ دۆسیه‌ش له‌ دادگاكانی دیكه‌ن و ٣٣ دۆسیه‌ش یه‌كلاكراونه‌ته‌وه‌ و ٢٠ دۆسیه‌ش گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌".

به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی ده‌سته‌ی ده‌سپاكیی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "نه‌بوونی دادگایه‌كی تایبه‌ت به‌ دۆسیه‌ى گه‌نده‌ڵی هۆكارى دواكه‌وتنی یه‌كلاكردنه‌وه‌ى دۆسیه‌كانه‌ له‌ دادگا، هه‌روه‌ها كێشه‌یه‌كى دیكه‌ زۆری پارێزبه‌ندیه‌ كه‌ رێگری ده‌كات له‌ ئه‌نجامدانى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی سكاڵایان له‌سه‌ر تۆماركراوه‌".