یەكێتی پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ توركیا رێكدەخاتەوە‌و جموجوڵەكانی پەكەكە لە زۆنی سەوز سنوردار دەكات

یەكێتی پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ توركیا رێكدەخاتەوە‌و جموجوڵەكانی پەكەكە لە زۆنی سەوز سنوردار دەكات

مانگی هەنگوینی نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان ‌و یەكێتی نیشتمانی كۆتایی دێت، یەكێتی پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ توركیا رێكدەخاتەوە‌و جموجوڵەكانی پەكەكە لە زۆنی سەوز سنوردار دەكات.

ئەوەش لە کاتێکدایە هێزێكی ئاسایشی سلێمانی بارەگای (تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان)ـی لە گەڕەكی (چوارباخ)ـی شاری سلێمانی، گەمارۆدا.

ئاسایش ماوەی (٢٤) كاتژمێر مۆڵەتی بە تەڤگەری ئازادی داوەی بارەگاكەی دابخات، ئەمەش بە بەهانەی ئەوەی ئەو حزبە مۆڵەتی یاسایی نییە.

تەڤگەری ئازادی چییە؟

تەڤگەری ئازادی رۆژی ١٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە، ئەم پارتە یەكەمین كۆنگرەی خۆی لە سلێمانی بەست، لەدوای دامەزراندنییەوە داوای مۆڵەتی یاسایی لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی سلێمانی ‌و وەزارەتی ناوخۆی هەرێم كردووە، بەڵام تائێستا مۆڵەتی كاركردنی پێنەدراوە.

تەڤگەری ئازادی كە باڵی سیاسی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) یە لە هەرێمی كوردستان ‌و درێژكراوەی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان (پەچەدەكە) یە كە پێشتر خۆی هەڵوەشاندەوە.

لە ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم پارتە هیچ بنكە‌ و بارەگایەكی ئاشكرای نییە.

سەرەڕای ئەوەی لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتی كاركردنی نەبوو، رۆژی ١٩ـی كانونی دووەمی ئەمساڵ، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق مۆڵەتی كاركردنی بە تەڤگەری ئازادی بەخشی‌ و بەوهۆیەوە تەڤگەر توانی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بكات كە رۆژی ١٢ـی ئایاری رابردوو بەڕێوەچوو، تەڤگەر لەو هەڵبژاردنەدا بەیەك لیست لەگەڵ (جوڵانەوەی نەوەی نوێ) بەشداریكرد‌و كاندیدێكی بەناوی (یوسرا رەجەب) سەركەوت بۆ پەرلەمانی عێراق.

بۆ هەڵبژاردنی ٣٠ـی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان، تەڤگەری ئازادی داوایكرد بەشداری بكات، بەڵام لەسەر سكاڵایەكی (سیروان گەردی) كادری پارتی دیموكراتی كوردستان ‌و سەرپەرشتیاری تۆڕی هەماهەنگی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، دەستەی دادوەری سەربە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ‌و راپرسی هەرێم رێگەی پێنەدا بەشداری هەڵبژاردن بكات.

پشتی پەردەكە

هەوڵی داخستنی بارەگاكانی تەڤگەری ئازادی لەلایەن یەكێتی نیشتمانییەوە بێ هۆكار نییە ‌و پەیوەندی بە هەندێك جموجوڵی سیاسییەوە هەیە كە بەمدواییە لە پشتی پەردەوە بەڕێوەدەچێت.

ساڵی رابردوو هێزێكی تایبەتی (پەكەكە) لە سنوری قەزای دوكانی سەربە پارێزگای سلێمانی دوو ئەفسەری سەربە دەزگای هەواڵگری توركیا (میت)یان رفاند، بەپێی قسەی پەكەكە، ئەو كەسانە پلانیان داڕشتووە بۆ تیرۆركردنی جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە).

رفاندنی ئەو دوو ئەفسەرە لەلایەن پەكەكەوە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا، لە ناوخۆی توركیا كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە، لە یەكەم كاردانەوەدا توركیا رۆژی ٢٤ـی ٨ـی ٢٠١٨، (بەهرۆز گەڵاڵی) نوێنەری یەكێتی نیشتمانی لە ئەنكەرە دەركرد‌و گەڵاڵی گەڕایەوە بۆ هەرێمی كوردستان ‌و دواتر نوێنەرایەتی یەكێتی لە ئەنكەرە كرایەوە.

لەدوای ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستانیش، توركیا گەشتە ئاسمانییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی داخست، پاش شكستهێنانی ریفراندۆم ‌و گەڕانەوەی كورد بۆ بەغداد، توركیا ئاسمانی خۆی بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی هەولێر كردەوە، بەڵام تائێستا رێگە بە گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی نادات.

بەرپرسانی ئەنكەرە یەكێتی نیشتمانی تۆمەتبار دەكەن بەوەی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی كردوەتەوە بۆ پەكەكە.

بەمدواییە كەناڵێكی تەلەفزیۆنی توركیا بەناوی (ئەی خەبەر- A.HBR) راپۆرتێكی لەبارەی جموجوڵەكانی پەكەكە لە شاری سلێمانی بڵاوكردەوە‌و تێیدا وێنەی سالار مەحمود پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشان دەدات كە لەگەڵ جەمیل بایك هاوسەرۆكی (كەجەكە) دایە.

راپۆرتەكەی ئەو كەناڵەی توركیا دیمەنێكی رێستۆرانتی (سندی) لە شاری سلێمانی نیشان دەدات كە وێنەی ئەو سێ سەركردەیەی پەكەكەی هەڵواسیوە كە بەمدواییە ئەمریكا خەڵاتی دانا بۆ دەستگیركردنیان.

رۆژی شەشی تەمموز، مەولود چاوەشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا لە دیدارێكدا لەگەڵ سەرنوسەرانی ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ـی وڵاتەكەی ئاشكرایكرد" لەگەڵ یەكێك لە وەزیرێكی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم كۆبوەتەوە‌و پێی راگەیاندووە پەكەكە لەناو یەكێتیدا خاوەنی هەژمون‌و بڕیارە".

یەكێتی پەیوەندییەكانی ئاساییدەكاتەوە

رۆژی ٤ـی ئەم مانگە هاكان كاراچای كونسوڵی گشتی توركیا لە هەولێر سەردانی سلێمانی كرد‌و لە دەباشان لەگەڵ بافَل تاڵەبانی كۆبوەوە، بەپێی زانیارییەكان هاوكات لە بەغداد فاتیح یەڵدز باڵیۆز توركیا لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار‌و جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كۆبوەتەوە.

سەركردەكانی یەكێتی ماوەیەكە هەوڵێكیان دەستپێكردووە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ توركیا‌ و كردنەوەی ئاسمانی توركیا بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا.

ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر توركیا داوای لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردووە ئەو كەسانە سزا بدات كە بەناوی یەكێتییەوە بەشدارییان لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەنەكە)ـدا كردووە لە هۆڵەندا، ئەو سێ كەسەش  (ئارێز عەبدوڵا- سالار مەحمود- بڵێسە جەبار فەرمان) بوون.

توركیا چەند مەرجێكی هەیە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی، رەنگە یەكێك لە مەرجەكان كۆتاییهێنان بێت بە جموجوڵەكانی (پەكەكە) لە زۆنی سەوز‌و ئەمە هۆكاری داخستنی تەڤگەری ئازادی بێت.

توركیا ئاسمانی خۆی بۆ سلێمانی دەكاتەوە

بەپێی زانیارییەكان، دەسەڵاتدارانی توركیا بڕیاریانداوە رۆژی ٥ـی مانگی داهاتوو ئاسمانی وڵاتەكەیان بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا بكەنەوە.

رۆژی ١١ـی مانگی رابردوو بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە بەغداد لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا كۆبوەوە، یەكێك لە تەوەرەكانی ئەو كۆبونەوەکە پرسی هەڵگرتنی گەمارۆی توركیا بووە لەسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی.

وادەی درێژكردنەوەی گەمارۆی توركیا لەسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی تاوەكو رۆژی ٥ـی مانگی داهاتووە، ئەگەر یەكێتی هەندێك لە مەرجەكانی توركیا جێبەجێ بكات بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان، توركیا جارێكی تر وادەی گەمارۆكە درێژناكاتەوە‌و ئاسمانی خۆی بۆ گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی دەكاتەوە.

رەنگە داخستی بارەگای تەڤگەری ئازادی لەلایەن یەكێتییەوە، بۆ جێبەجێكردنی مەرجی كردنەوەی ئاسمانی توركیا بێت بۆ گەشتەكانی سلێمانی.

پەیوەندییەكانی یەكێتی ‌و توركیا

پەیوەندی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان ‌و توركیا بەدرێژایی سێ دەیەی رابردوو بەردەوام پەیوەندییەكی پڕ لە هەڵبەرزو دابەرز بووە.

لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا لە سەردەمی سەرۆكایەتی تۆرگۆت ئۆزال (١٩٨٩-١٩٩٣)، جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەوڵیدا پەیوەندییەكانی حزبەكەی لەگەڵ توركیا توندوتۆڵ بكات ‌و ساڵی ١٩٩٢ تاڵەبانی لەگەڵ ئۆزال كۆبوەوە.

هەر لەو ساڵەدا یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌ و پارتی دیموكراتی كوردستان شەڕیان لەدژی پارتی كرێكارانی كوردستان راگەیاند، بە بەهانەی ئەوەی بەهۆی پەكەكەوە هەرێمی كوردستان كەوتوەتەبەر هەڕەشەی هێرش ‌و گەمارۆی توركیا.

لەدوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی‌ و دووركەوتنەوەی لە شانۆی سیاسی، سەركردەكانی یەكێتی نیشتمانی سەرباری ئەوەی حزبەكەیان لە ئەنكەرە نوێنەرایەتی هەبوو، بەڵام بەشێوەیەكی ئاشكرا پەیوەندییان لەگەڵ (پەكەكە) توندوتۆڵ كرد، بەتایبەتیش لەسەروەختی شەڕەكانی رۆژئاوای كوردستان‌ و ئازادكردنی شاری (كۆبانێ)ــدا.

هەر لەوكاتەوە بەرپرسانی یەكێتی جۆرێك لە كرانەوەیان بۆ جموجوڵی لایەنگرانی (پەكەكە) لە سنوری دەسەڵاتی خۆیان دروستكرد، ئەم هەنگاوە لەكاتی خۆیدا وەكو موزایەدەی سیاسی یەكێتی ‌و بۆ پەردەپۆشكردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی لێكدرایەوە، بەم هەنگاوە پەكێتی جارێك پشتیوانی (پەكەكە)ـی بەدەستهێنا‌و سەركردەكانی (پەكەكە) لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە ساڵی ٢٠١٤ داوایان لە لایەنگرەكانیان كرد لە هەرێمی كورستان دەنگ بە یەكێتی نیشتمانی بدەن.

بە داخستنی بارەگای تەڤگەری ئازادی ‌و كۆتوبەندكردنی جموجوڵەكانی پەكەكە لە زۆنی سەوز، پێدەچێت مانگی هەنگوینی نێوان (پەكەكە) و (یەكێتی) كۆتایی بێت.