گەنجانی هەولێر دوور لە ماڵەکانیان دەژین

گەنجانی هەولێر دوور لە ماڵەکانیان دەژین

ڕۆژانە ماندووم بە هۆى کارەکەمەوە و زۆر هیلاک دەبم، بۆیە پێویستم بەوە هەیە شەو پشوویەک بدەم، ئەم پشووەش پێویستى بە ماڵێکى ئارامە، بۆیە شووقەیەکەم بە کرێ گرتووە״، ئەمە وتەى گەنجێکى تەمەن (٣٠) ساڵى شارى هەولێرە.

ژمارەیەک لە گەنجانى شارى هەولێر ڕوو دەکەنە شووقەکان و دەیانەوێت بە تەنیا بژین، نووسینگەکانى خانووبەرەش ئاماژە بە زۆربوونى ئەم حاڵەتە دەکەن و بەم هۆیەشەوە نرخى ئەم جۆرە شووقانە لە بەرزبوونەوەدایە.

یەکێک لەو گەنجانە وتی: ماڵەکەمان قەرەباڵغە و چوار برا و دوو خوشکین، هەروەها برایەکم کە ژیانى هاوسەرگیریى پێک هێناوە ئەویش لەگەڵ ئێمە دەژیت، بۆیە بە هۆى قەرەباڵغى و بێجێگەییەوە لە ماڵەوە هەموو کات دەنگەدەنگ و دەمەقاڵێیە، ئەمە ناچارى کردووم کە بیر لە ژیانى تەنیایى بکەمەوە و بۆ خۆم شووقەیەکى سەربەخۆ بگرم.

سازژەنین و گۆرانى و گاڵتەوگەپ لەگەڵ هاوڕێکانیدا، واى لە گەنجێک کردووە نەک شووقە بە کرێ بگرێت بەڵکو بیکڕێت، ئەو وەکو خۆى دەڵێت کوڕى کەسێکى خواپێداوە، ئەگینا هەموو گەنجێک ناتوانێت ئەوە بکات.

هاوڵاتییەکی گەنجی تر لە شووقەکانى (لوبنان سیتى)ـى شارى هەولێر بە تەنیایە و ئەو وتى: ״من گەنجێکى تەمەن (٢٥) ساڵم، کوڕى پیاوێکى خواپێداوم و خانوویەکى گەورەشمان هەیە، بەڵام بۆ خۆم حەزم لە ژیانى تەنیاییە، بۆیە ئێستا لە شووقەکانى لوبنان سیتى شووقەیەکى (٥٠)م بە بڕى (٤) دەفتەر دۆلار کڕیوە و بۆ خۆم لێرە بە تەنیا دەژیم.

وتیشى: بۆ خۆم لێرە شەوان بە تەنیا ئامێرى ساز دەژەنم و زۆر جار برادەرانیشم دێنە لام، دەست دەکەین بە گۆرانى و مۆسیقا، بەڵام ئەم کەشە لە ماڵەوە ناڕەخسێت و ڕێگریت لێ دەکەن.

بەسەربردنى ژیان لە دەرەوەى ماڵى دایک و باوک مۆدێلێکى ئەورووپییە و لە هەرێمى کوردستان ئێستا بەشێک لەوانەى بۆیان ڕەخساوە؛ هاوشێوەى گەنجانى وڵاتانى ئەورووپی و وڵاتە پێشکەوتووەکان ئەو کارە دەکەن، هەندێکیش لەبەر تواناى ماددى ناتوانن شووقە بکڕن یان بە کرێى بگرن، هەرچەند حەزیش بکەن.

زیادبوونى خواست لەسەر کڕین و بەکرێگرتنى شووقەکان؛ واى کردووە نرخیان بەرز ببێتەوە، خاوەنى یەکێک لە نووسینگەکانى خانووبەرە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ڕۆژانە خەڵک بۆ ئەو مەبەستە ڕوویان تێ دەکەن.

بەختیار مامە، خاوەنى یەکێک لە نووسینگەکانى خانووبەرە ئەو وتی: ״بەڵێ، ئێستا داواکارییەکى زۆر هەیە، هەم بۆ شووقەى بەکرێ و هەم بۆ کڕین لە لایەن ئەو گەنجانەى کە بە تەنیا دەژین و ژیانى هاوسەرگیرییان پێک نەهێناوە״.

وتیشى: ״ڕۆژانە گەنجان ڕوومان تێ دەکەن، یان پەیوەندیمان پێوە دەکەن، بۆ شووقەى بەکرێ، بەتایبەتى لە شووقەکانى ئیسکانى نوێ، کە دەکەوێـتە گەڕەکى ئیسکانى شارى هەولێر و هەروەها لوبنان سیتى، کە دەکەوێـتە سەر ڕێگاى بەحرکە״.

نرخى کرێى ئەو شووقانە لە (٤٠٠-٦٠٠) دۆلارن، ئەو گەنجانەیشى بە تەنیا ناتوانن شووقە بگرن بە چەند کەسێک شووقەکە دەگرن.

ئەو شوێنانە زیاتر ئەو یەکە نیشتەجێیانەن کە بە سیتى ناسراون، لەژێر بارى ئاسایشدان و پۆلیسیش وەکو هەر ڕووداوێکى تر، بە دەم گرفت و کێشەکانەوە دەچن، ئەگەر ڕوو بدەن و لێکۆڵینەوە دەکەن.

هۆگر عەزیز وتەبێژى پۆلیسى هەولێر ڕایگەیاند: ئەو شوێنانەى کە پێیان دەوترێت (سیتى) ژمارەیەکى زۆرى گەنج لێى دەژین، ئەو شوێنانەیش ئاسایشى تایبەت بە خۆیان هەیە و ئەوان دەیپارێزن، بەڵام هەر ڕووداوێکى نەخوازراویش هەبێت پۆلیس تەداخول دەکات و کارى خۆیان دەکەن.

وتیشى: زۆربەى ئەم شوێنانە بێ کێشەن و تا ئێستا ڕووداوێکى ئەوتۆى لێ نەکەوتووەتەوە״.

هەبوونى ئازادى و ئابووریى سەربەخۆ واى کردووە گەنجان ئەو شێوازى ژیانە هەڵبژێرن، ئەمە وەک ئەوەى توێژەرێکى کۆمەڵایەتى ئاماژەى بۆ دەکات.

فەرەیدوون حەبیبە، توێژەرى کۆمەڵایەتى ئاماژە بەوە دەدات: ئازادى بۆ ڕەگەزى نێر زیاتر فەراهەم کراوە و ڕەگەزى نێر خاوەنى ئابوورى سەربەخۆن، بۆیە بیر لە خۆشگوزەرانى و سەفەر و ژیانى تەنیا دەکەنەوە و شووقەى سەربەخۆ دەگرن و بەتەنیا دەژین و خەریکى ژیانى خۆیان دەبن.

وتیشى: خاڵێکى ترى پەنابردنە گەنجان بۆ ژیانى تەنیایى دەگەڕێـتەوە بۆ زۆریى کێشەکانى خێزان و جیابوونەوە و دەمەقاڵێ، بۆیە گەنجان لە ماڵەوە ڕادەکەن و پەنا دەبەنە بەر ژیانى تەنیایى و بیر لە ژیانى هاوسەرگیرى ناکەنەوە و چەند کەسێک کۆ دەبنەوە بۆ خۆیان شووقەیەک دەگرن، کە خەرجییەکى کەمترى دەوێت، یان ئەوانەى بارى ئابوورییان باشە هەر بە تەنیا دەژین.