گۆڕان دە ترسێت ئەمجارەش لەلایەن پارتییەوە لە حکومەت دەربکرێت

گۆڕان دە ترسێت ئەمجارەش لەلایەن پارتییەوە لە حکومەت دەربکرێت

كۆبوونەوەی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان تەنها ٢٠ خولەك بوو، دوو لیژنەی لاوەكی بۆ گفتوگۆی نێوانیان پێكهێنرا تایبەت بە پێكهێنانی حكومەت و بزوونەوەكەش ترسی هەیە جارێكی تر تیمەكەیان لە حكومەت دەربكرێت لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان.

نزیك دەبینەوە لەچوار مانگ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام تاوەكو ئێستا كاتی پێكهێنانی حكومەت دیارنییە و بزووتنەوەی گۆڕانیش ئومێدی زۆری بەچوونە حكومەت هەیە، هەرچەندە لەم كابینەیە سەرۆكی پەرلەمان¬و وەزیرەكانی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان نێردراوەنەوە ماڵەوە.

چوارەمین كۆبوونەوەی شاندی دانوستاندنكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بۆپێكهێنانی حكومەت لە ١٥ـی ئەم مانگە لەمەكۆی سەرەكی گۆڕان لەگردی زەرگەتەی سلێمانی ئەنجامدرا. بەگوێرەی راگەیەندراوی هاوبەشی كۆبوونەوەكە بڕیاردرا "هەردوولا دوو لیژنە دروستبكەن، بۆیەكخستنی روانگەی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان، لەسەر كارنامەی حكومەت و لیژنەیەك بۆ دانانی پێوەرەكانی چۆنیەتی بەشداریكردن لەحكومەت".

ئەوەش زانراوە کە بزووتنەوەی گۆڕان داوای پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم و وەزارەتێكی سیادی و دوو وەزارەتی دەكات، بۆبەشداریكردن لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم.

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان و ئەندامی شاندی دانوستانكاری بزووتنەوەكە دەڵێت" ناتوانین بڵێین كۆبوونەوەكە سەركەوتووە، چونكە ئەوە دەرەنجامەكانن دەتوانن بڕیار لەوە بدەن، دوو لیژنەمان دروستكردووە، یەكێكیان بۆ پێوەردانانە بۆپۆستەكان، ئەوی تریان بۆ داڕشتنەوەی بەرنامەی حكومەتی داهاتووە، دوای ئەوەی دوو لیژنەكە كارەكانی تەواو دەكات دەگەڕێینەوە بۆ لیژنەی دانوستاندكارو پاشان ئێمە بۆ دوایین بڕیار دەگەڕێینەوە بۆجڤات و ئەو كاتە بڕیاری كۆتایی دەدەین بۆ بەشداریكردن یان نەكردن لە حكومەتدا".

سەبارەت بەداواكاریەكانی گۆڕان لە پارتی عەلی حەمە ساڵح ئاماژەی بەوەدا، داوای ئێمە لەپارتی بەپلەی یەكەم داڕشتنەوەی بەرنامەكانی حكومەتە، چونكە تا كۆمەڵێك یاسا دەرنەچوێنرێت و كاری پێنەكرێت ناتوانرێت هاوسەنگی دروستبكرێت لەناوچەكەدا. بەپێوەرو میكانیزمی تایبەت و پێداگرییەكی دیكەمان ئەو بنەمایانە كەلەسەرەتاوە گۆڕانی لەسەر دروستبووە.

بە پێی زانیارییەکان، كۆبوونەوەی پارتی و گۆڕان تەنها ٢٠ خولەك بووە، ئەندامەكەی شاندی دانوستانكاری گۆڕان لەسەر ماوەكورتی كۆبوونەوەكە دەڵێت، هۆكاری ئەوە دەگەڕێنینەوە بۆ ئەوەی دوو كارە بنەڕەتیەكان دراوەتە ئەودوو لیژنەیەو ئێمە كاتەكانی خۆمان دەدەینە ئەو دوو لیژنەیەی كە بڕیارمان لەسەری داوە تاوەكو كارەكانی خۆیان تەواو بكەن.

بزووتنەوەی گۆڕان لەم كابینەیە (هەشتەم) بەشداریكردن سەرۆكی پەرلەمان و چەند وەزارەتێكی وەرگرت، بەڵام دواتر بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رێگری سەرۆكی پەرلەمانكراو تیمی گۆڕان لە حكومەت نێردراونەتەوە ماڵەوە.

عومەر عینایەت، ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت" بەبڕوای من بەشداری گۆڕان لەحكومەتدا هەڵەیەكی گەورەیەو نابێت گۆڕان لە كونێكدا دووجار مار بیگەزێ، ئەوەی ئێستا دەكرێت پەلەقاژێیە لەنێوان خەڵكی گۆڕان كەدەیانەوێت هەندێك لەدەنگدەرەكانیان بەهۆی بەدەستهێنانی پۆست و پارەوە  ئاشتبكەنەوە، كارنامەی گۆڕان لەناو حكومەتدا گرنگ نیە، بەڵكو جێبەجێكردنی بەرنامەكەی لە حكومەتدا گرینگە".

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو بەرنامەیەی كە گۆڕان هەیەتی و دەیەوێت لەوێ جێبەجێبكرێت كارێكی باش دەكەن، بەڵام بەباوەڕی من ئەو ئەزمونەمان هەیە ئەوبەرنامەیە تەنها لەسەركاغەز دەمێنێتەوەو بەهیچ جۆرێك جێبەجێناكرێت.

بەبڕوای عینایەت، ئەگەر گۆڕان بەشداری بكات لەكابینەی نۆیەم دەنگدەرەكانی لەدەستدەدات، ئەو بەرنامەیەی لەسەرەتاوە كاریان بۆ دەكرد دەمرێنرێت.