کێشەی نێوان دوو ئامۆزاکە قوڵتر دەبێتەوە

کێشەی نێوان دوو ئامۆزاکە قوڵتر دەبێتەوە

نێچیرڤان بارزانی  ‌و مەسرور بارزانی چاویان لەپۆستی وەزیری سامانەسروشییەكانە بۆ ئەوەی لەكابینەی داهاتوو كەسێك بكە وەزیر لەخۆیانەوە نزیك بێت.

نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی کوردستان، كە كاندیدی حزبەكەشی دەبێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چەند ساڵێكە دۆسییەی نەوتی لەبەردەستدایە و دەشیەوێت لەكابینەی داهاتوو دۆسییەكەی لەدەستدا بمێنێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی چەندین ساڵە لەرێگەی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانەسروشییەكان دۆسییەی نەوتی لەدەست خۆی هێشتووەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌ و مەسرور بارزانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی لەكابینەی نوێ‌ لەگەڵ كاندیدكردنەوەی ئاشتی هەورامی بۆ ئەو پۆستە نین.

هەر بەپێی زانیارییەكان، مەسرور بارزانی ئەوە بەدەرفەت دەزانێت بۆ ئەوەی لەرێگەی دانانی كەسێكی نزیك لەخۆی بۆ وەزیری سامانەسروشییەكان دۆسییەی نەوت بگرێتە دەست كە چەند ساڵێكە چاوی لەسەرە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، بەو هۆیەوە كێشە لەنێوان ئەو دوو بەرپرسەی دروستبووە و بووەتە رێگری بەردەم گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌، كە چەند مانگێكە هەڵبژاردن كراوەو هیچ وادەیەك دیارنییە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌.

پارتی دیموكراتی کوردستان چەند ساڵێكە دۆسییەی نەوتی لەدەستدایە و لەئێستاشدا دەیەوێت ئەو دۆسییە لەدەستی خۆی بهێڵێتەوە، كە بەرنامەشی هەیە ئەو دۆسییە لەگفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت بەرێتە دەرەوە.