پیاوان بەر لە سێکس ئەم ١٠ خاڵە جێبەجێ بکه‌ن

پیاوان بەر لە سێکس ئەم ١٠ خاڵە جێبەجێ بکه‌ن

توێژەران و پزیشکان لەو بڕوایەدان، بۆ پاراستنی تەندروستی و دەرووندرووستی خۆیان و هاوسەر یان کچە هاوڕێکەیان، پیاوان پێویستە بەر لەوەی هەر پڕۆسەیەکی سێکسی ئەنجام بدەن، بەم خاڵانەی خوارەوە پابەند بن:

یەکەم- جلی ژێرەوە:

جلی ژێرەوە یەکێکە لە هەستیارترینی ئەو کەلوپەلانەی مرۆڤ بەکاریان دەهێنێت، بۆیە پێویستە بە تایبەت لە وەرزی هاوینی ناوچە جیۆگرافییە گەرمەکاندا، بە تەواوی خۆتان دوور بگرن، لەو جۆرانەی جلی ژێرەوە کە لە مادەی نایلۆنی یاخود پۆلیستێر دروستکراو، چونکە ئەمانە کاریگەری نەرێنی لەسەر پێست و ئەندامە سێکسییەکان دروست دەکەن و دەبنە هۆی سووتانەوە، هەروەها وا دەکەن پلەی گەرمیتان زیاتر بەرز ببێتەوە، کە ئەمەش شوێنەواری نەرێنی لەسەر توانای سێکسی جێدێڵێت، هاوکات پێویست پاکوخاوێنی جلی ژێرەوە بپارێزرێت و پێویستە لە رۆژێکدا لانی کەم دووجار بگۆڕدرێت.

دووەم- شووشتن:

دوای هەر میزکردنێک، پێویستە پیاوان ئەندامە سێکسییەکەیان بشۆن و وشکی بکەنەوە، چونکە لەناو بڕێکی کەمی میزدا ژمارەیەکی زۆری بەکتریای جۆراوجۆر هەن، کە ئەگەر پاکنەکرێتەوە ئەوا بە هۆی هەستیاری ئەو ئەندامەوە گەشە دەکەن و دەبنە هۆی هەوکردن و چەندین نەخۆشیی گوازراوە.

سێیەم- چاودێریکردن:

ئەندامی نێرینەییش وەک هەر ئەندامێکی تری جەستە، بەشێکە لە پێکهاتەی مرۆڤ، هەر بۆیە پێویستە گرنگی پێ بدرێت و چاودێری بکرێت، ئەگەر هەر نیشانەیەکی نائاسایی لێ بینرا سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت، نەکا نەخۆشییەکی ترسناک بێت و تەشەنە بکات.

چوارەم- ئەو کەسەی سێکسی لەگەڵ دەکەیت:

ئەگەر بە تەواوی خۆتان لە هەموو نەخۆشییەک بپارێزن و پابەندی هەموو رێنماییەکانی پسپۆڕانی ئەو بوارە بن، هێشتا مەترسی ئەوە هەیە تووشی نەخۆشییە سێکسییەکان ببن، ئەگەر نەزانن لەگەڵ کێ سێکس دەکەن، بۆیە گرنگە پیاو هەوڵ بدات هەموو ئەو رێنماییانەی خۆی پێیانەوە پابەندە، وا بکات کەسی بەرامبەریش پێیانەوە پابەند بێت، چونکە نەخۆشییە سێکسییەکان بە ئاسانی دەگوازرێنەوە، ئەگەر هاوسەر یان کچە هاوڕێکەتان، هەر جۆرە هەوکردنێکی هەبوو، پێویستە داوای لێ بکەن بە زوویی سەردانی پزیشک بکات.

پێنجەم- پشکنینی خولی:

پێویستە خۆتان لە شەرم و نەریتە دواکەوتووەکان رزگار بکەن، کە رێگرن لەوەی سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن، چونکە پێویستە هەموو شەش مانگ جارێک، یان لانی کەم ساڵی جارێک سەردانی پزیشک بکەن و پشکنینێکی گشتی بۆ ئەندامی سێکسیتان بکەن، چونکە هەندێک نەخۆشی هەن تا نەگەنە ئاستێکی مەترسیدار نیشانەکانیان دەرناکەوێ.

شەشەم- تاشینی موو:

پێویستە رێگە بە زیادبوونی مووەکانی نزیک لە ئەندامی سێکسی نەدرێت، چونکە رێگرن لە بەردەم پاراستنی پاکوخاوێنی، بەڵام گرنگە مادەی کیمیایی بەهێز بەکارنەهێنن، کە شوێنەواری نەرێنی لەسەر پێست جێبهێڵن.

حەوتەم- مادەی پاککردنەوە:

بۆ پاککردنەوە و شووشتنی ناوچە سێکسسییەکانی جەستەتان، پێویستە خۆتان دووربگرن لەو سابوون و پاککەرەوانەی کە مادەی کیمیایی بەهێزیان تێیدایە، چونکە دەبنە هۆی لەناوبردنی بەشێک لە وزە و توانا سێکسییەکانی پیاو.

هەشتەم- سێکسی توندوتیژ:

توندوتیژی و ئەنجامدانی سێکس بە شێوەیەکی توند، دەبێتە هۆی دروستبوونی گرێی دەروونی، رەنگە ئازاریش بە ئەندامە سێکسییەکانی هەردوو کەسەکە بگەیەنێت و ببێتە هۆی دروستبوونی هەوکردن لای هەر یەکێکیان و گواستنەوەی بۆ ئەوی تر.

نۆیەم- ئارەقکردنەوە:

گەرچی ئارەقکردنەوە سوودی بۆ جەستە هەیە و دەبێتە هۆی دەردانی رێژەیەکی زۆری ژەهر و مادە زیانبەخشەکانی جەستەی مرۆڤ، بەڵام پێویستە دوای ئارەقکردنەوە بە خێرایی جلوبەرگەکانتان بە تایبەت جلی ژیرەوە بگۆڕن، چونکە جلی ئارەقاوی دەبێتە هۆی تەشەنەکردنی بەکتریای مەترسیدار.

دەیەم-وریای سێکسی دەم بن:

سێکسی دەم، گەرچی وەک جۆرێک لە چێژگۆڕینەوە لە کولتووری سێکسکردنی هەندێک لە کۆمەڵگەکاندا بە دی دەکرێت، بەڵام پێویستە بە تەواوی وریای ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە بن، چونکە هەر هەوکردن یان برینێکی بچووکی دەم و ددان دەبێتە هۆی گواستنەوەی بۆ ئەندامە سێکسییەکەی ئەوی تر و درووستکردنی نەخۆشیی زۆر مەترسیدار.