پـــارتــــی لـە حـوکـمـی عـەشـیـرەتـەوە بـوو بـە بــنــەمــاڵــە

پـــارتــــی لـە حـوکـمـی عـەشـیـرەتـەوە بـوو بـە بــنــەمــاڵــە

ڕۆژی ٣ـی کانونی یەکەمی ٢٠١٨، ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی بە پێشنیاری مەسعود بارزانی، مەسروری کوڕی کرد بە کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت و نێچیرڤانی برازاشی کرد بە کاندیدی سەرۆکی هەرێم کە ئەو دەزگایە بە بڕیاری پەرلەمان بوونی نەماوە.

چاودێران دەڵێن "ئەو بڕیارانەی پارتی لەچوارچێوەی رێکخستنەوە حزب و ناو ماڵی بارزانییەکان خۆشیان بووە، رێخۆشکەر بووە کە دەسەڵات بدرێتە نەوەی سێیەمی بارزانییەکان".

وەک چۆن لەدوای مردنی مەلا مستەفا بارزانی، دەسەڵات درایە ئیدریس و مەسعود کە لەساڵی ١٩٨٧ـدا ئیدریس بارزانی بەدەسیسەی مەسعودی برای تیرۆر و دەرمان خوارد کرا، ئیدی دەسەڵاتەکان بۆ مەسعود مانەوە، لەئێستاشدا نەوەی سێیەمی حزبەکە دەسەڵات وەردەگرن، بەڵام ئەمجارەش مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە و نێچیرڤان بارزانی، برازا و زاوای مەسعود بارزانی جارێکی دیکە لە حزب و حکومەتیشدا وەلا دەنرێت و لە لوتکەی دەسەڵات دووردەخرێتەوە.

بارزانییەکان نازناوی مەلاییان بەخۆیان بەخشیوە و رێنادەن کچەکانیان لە دەرەوەی چوارچێوەی خێزانەکانی خۆیان هاوسەرگیری بکەن، ئەوەش بۆ ئەوەیە لەناو عەشیرەتە کوردیەکانی دیکە خۆیان بە جیاوازی بهێڵنەوە.

لەچەندین ساڵی رابردوودا ئەم خێزانە و حزبەکەیان جومگە گرنگەکانی دەسەڵاتیان لە هەرێم قۆرخکردوە، مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی پۆستەکانی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتیشیان بۆ خۆیان گرتبوو.

لە ماوەی ڕابردووشدا بە راگەیاندنەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی بۆ کاندیدی پۆستەکان، چەند بۆچوونێکی جیاواز دروستبوون، کەسانی نزیک لە نێچیرڤان بارزانی دەڵێن پلەی نێچیرڤان بەرزکراوەتەوە و رۆڵی گرنگتری پێدراوە وەک سەرۆکی هەرێم، لەکاتێکدا سەرۆکی هەرێم بوونی نەماوە و دەزگاکە لەلایەن پەرلەمانەوە پەکخراوە.

بۆچوونێکی دیکەش دەڵێت، ئەوەی روویدا بە خێزانیکردنی دەسەڵات بوو لەناو پارتیدا و دوورخستنەوەی نێچیرڤان بارزانی بوو لە دەسەڵات، چونکە هەوڵێک هەیە باڵی مەسرور بارزانی کە قۆرخی جومگەکانی دەسەڵاتیان کرد، دەیانەوێت هاوشێوەی سیستمی حوکم لە عێراق، سیستمی هەرێمیش بکەنە پەرلەمانی و دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێم تەنیا تەشریفاتی بێت و سەرجەم دەسەڵاتەکانیش بدرێنە دەست حکومەت.

چەند راپۆرتێکی میدیایی دەڵێن، دانانی مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت، ئەو مێژووەیە دووبارەدەبێتەوە کە ٣٠ ساڵ پێش ئێستا روویدا، ئەوە بوو ئیدریس بارزانی، باوکی نێچیرڤان بارزانی لەساڵی ١٩٨٧ کۆچی دوایی کرد و دەسەڵاتەکان و سەرۆکایەتی پارتی درایە مەسعود بارزانی، ئەو هەنگاوەی مەسعودیش رێخۆشکەر بوو بۆ تەحویلکردنی دەسەڵات بۆ کوڕەکانی و ئامادەکردنیان بۆ وەرگرتنی پۆستی باڵا و گرنگ لە سیاسەت و حکومەت و ئەمنیشدا.

هەروەها بارزانی دەیەوێت بنەماکانی حوکمی (مەسرور)ـی کوڕی بسەپێنێت، تا خۆی ماوە لە ژیاندا و لە لوتکەی هەڕەمی حزبدایە، ئەوەش لەبەر مەترسی ئەوەیە کە پێش مردنی خۆی دەیەوێت میراتییەکە بداتە کوڕەکانی.

شیکەرەوەیەکی سیاسی عێراقی، رایگەیاندووە، کە ئەم هەنگاوەی پارتی بۆ ئەوە بوو دەسەڵات لە عەشیرەتی بارزانییەوە و چڕبکرێتەوە لە بنەماڵەی مەسعود بارزانی خۆیدا، ئەم بابەتەش رێخۆشکەر دەبێت بۆ دروستبوونی ناکۆکی و پێکدادان لەنێوان ئامۆزاکاندا لەسەر دەسەڵات و سامان، ئەمەش بە پیلانێکی مەترسیدار دادەنرێت.

پێشتر میدیاکان رایانگەیاند کە مەسعود بارزانی و مەسروری کوڕی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لە ناکۆکیدان، ئەوەش بەهۆی دۆسیەی نەوت و مامەڵەی حکومەتی هەرێم بووە لەگەڵ بەغدا، ئەمەش هۆکار بووە کە بارزانی هان بدات کوڕەکەی کاندید بکات بۆ پۆستی سەرۆکایەتی حکومەت.

مەسعود بارزانی و کوڕەکەی پێیان باشە نەوتی کوردستان و داهاتەکەی رادەستی بەغدا بکەن لە بەرامبەر وەرگرتنی پشکی تەواوی هەرێم لە بودجەدا و کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان لەگەڵ بەغدا کە بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆی هەرێمەوە دروستبووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت لەوەدا پەلە نەکرێت و رێککەوتن لەگەڵ بەغدا واژۆبکرێت بەدەر لە رادەستکردنی نەوت و داهاتەکەی بۆ بەغدا، ئەمەش هۆکار بوو کە دیاریکردنی کاندیدی پارتی و پێکهێنانی حکومەتی هەرێم دوابکەوێت.

مەسروور بارزانی، لە دایکبووی ساڵی ١٩٦٩ـەو خوێندنی ئامادەیی لە ئێران تەواوکردوە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەیە لە زانستە سیاسییەکاندا لە زانکۆی واشنتن بەدەستیهێناوە، زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی و فارسی دەزانێت.

نێچیرڤان بارزانی، لە دایکبووی ساڵی ١٩٦٦ـەو لە زانکۆی تاران، زانستە سیاسیەکانی خوێندووە و لە ساڵی ١٩٩٦ـەوە سەرۆکایەتی حکومەتی وەرگرت، دواتر لەساڵی ٢٠١١ـەوە تا ئێستا سەرۆکی حکومەتە، زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی دەزانێت.