وەزیرێكی پارتی دوو بەرپرسی كورد لە كەركوك دووردەخاتەوە

وەزیرێكی پارتی دوو بەرپرسی كورد لە كەركوك دووردەخاتەوە

لەسەر بڕیاری دوورخستنەوەی دوو بەرپرسی كورد لەكەركوك لەلایەن وەزیرێكی عیراق لەسەر پشكی پارتی، یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناڕەزایەتی دەردەبڕێت و پەرلەمانتارێكی ئەو حزبەش ڕایدەگەیەنێت: بەدواداچوون بۆ بڕیارەكە دەكەین.

ئیدریس حاجی عادل، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی، ڕایگەیاند: بە بڕیارێكی بەنگین ڕێكانی وەزیری شارەوانی عیراق، هەردوو سەرۆكی شارەوانی دوبزو داقوق لەپۆستەكانیان لابراون.

وتیشی: "لەدوای ڕوداوەكانی كۆتایی ساڵی ٢٠١٧ەوە، چەندین بەرپرسی كورد لەكەركوك بەبڕیاری شۆڤێنیانەی دژ بەكورد، لەپۆستەكانیان دورخراوەنەتەوە، بەڵام لابردنی ئەو دوو سەرۆكی شارەوانییە لەلایەن وەزیرێكی كوردەوە، جێگەی ناڕەزایەتی و نیگەرانی ئێمەو شەقامی كوردییە لەشارەكە".

سەبارەت بەجێبەجێكردنی بڕیارەكەش، ئەو بەرپرسەی یەكێتی جەختیكردەوە لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا لەسەر هێڵن بۆ ڕاگرتنی بڕیارەكە، ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر لەمدیو حەمرینەوە حزبایەتی دەكەن، دەبێت لەبەغدا كوردایەتی بكەن، بەرپرسێكی كورد لەبری ئەوەی ئەوەی بایەخ بەناوچە دابڕێندراوەكان بدات، كەچی بەرپرسانی كورد لەپۆستەكانیان دووردەخاتەوە، كە ئەمە ئەوپەڕی جێگەی نیگەرانییە، لەلای خۆشیەوە، جەمال شوكر ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ڕایگەیاند: بەدواداچوون بۆ ئەو بڕیارەی وەزیرە پارتییەكەی عیراق دەكەین.