وه‌زاره‌تی دارایی عیراق ٥٢٢ ملیار ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كات

وه‌زاره‌تی دارایی عیراق ٥٢٢ ملیار ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كات

وه‌زاره‌تی دارایی عیراق ده‌ستی به‌جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه‌ی ٢٠١٩ و خه‌رجكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ كردو په‌رله‌مانتارێكی لیژنه‌ی داراییش رایده‌گه‌یه‌نێت"چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا ٥٢٢ ملیار دینار ره‌وانه‌ی هه‌رێم بكرێت".

ماڵپه‌ڕی (سومریه‌ نیوز)ـی عیراقی له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ وه‌زیری دارایی عیراقه‌وه‌ بڵاویكردۆته‌وه‌، وه‌زیری دارایی عیراق ده‌ستی به‌جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه‌ی ٢٠١٩ كردوه‌و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا رێكاره‌كانی خه‌رجكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ ده‌ستیپێكردوه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌، د.جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، رایگه‌یاند: له‌سه‌ر بنه‌مای بودجه‌ی ٢٠١٩ـی عیراق، به‌غدا بڕی (٤٥٤) ملیار دینار بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و (٦٨)ملیار دیناریش بۆ موچه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌نێرێت.

وتیشی:"ئێستا ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌یانوت له‌رۆژی ١٣ـی مانگی رابردووه‌وه‌ بودجه‌ جێبه‌جێكراوه‌ وانه‌بووه‌و به‌هه‌ڵه‌دا چوون".

به‌وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا بڕی ٥٢٢ ملیار دینار وه‌كو موچه‌ له‌ به‌غداوه‌ ره‌وانه‌ی هه‌رێم بكرێت، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی پاره‌ی جیاوازی هه‌ردوو مانگی (١ و ٢)ـی ئه‌مساڵیش ره‌وانه‌ ده‌كرێت، چونكه‌ به‌غدا ٣١٧ ملیاری بۆ هه‌ر مانگێكی له‌و دوو مانگه‌ ناردوه‌.