هاوسەر و خوشک و برایەکی شاسوارعەبدولواحید دەست بەسەر حزب و کۆمپانیاکانیدا دەگرن

هاوسەر و خوشک و برایەکی شاسوارعەبدولواحید دەست بەسەر حزب و کۆمپانیاکانیدا دەگرن

هاوسەر و خوشک و برایەکی شاسوار عەبدولواحید، دەست بەسەر داهات و خەرجییەکانی حزب و کۆمپانیا و گرووپە ئاشکرا و نهێنییەکانی شاسوار عەبدولواحیددا دەگرن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ڕۆژنامەی (زەمەن)ـی نزیک لە بزووتنەوەی گۆڕان لە زاری ئەندامێکی ئەنجومەنی باڵای (نەوەی نوێ)وە بڵاوی کردووەتەوە و تێیدا ئاشکرای کردووە کە ئەو کەسە لە ترسی تەخوینکردنی پێی باش نەبووە ناوی بهێندرێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاشکرا کراوە کە ”خاتوو شۆخانی خێزانی شاسوار عەبدولواحید، بە تەواوی باڵی کێشاوە بەسەر دارایی نەوەی نوێ و کۆمپانیای نالیا و بەرپرسی هەموو دارایی نەوەی نوێ و کۆمپانیای نالیایە بە داهات و خەرجییەوە“.

لە بەغداشەوە سروە عەبدولواحیدی خوشکی شاسوار عەبدولواحید، وەک کەسی دووەم و جێگری سەرۆکی نەوەی نوێ هەڵسوکەوت دەکات و پەیوەندییەکانی نەوەی نوێ لە بەغدا ئیدارە دەدات. لە دوو هەفتەی پێشووشدا شاسوار عەبدولواحید وەک نوێنەری حزبەکە لە دەستەی باڵای سیاسیی تەحالوفی ئیسلاح و ئیعمار بە سەرۆکایەتیی عەمار حەکیم لە بەغدا دایناوە.

رۆژنامەکە هەروەها ئەوەشی درکاندووە کە بڕیارەکە نیگەرانی لای پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ لە بەغدا درووست کردووە و لەمبارەیەوە یوسرا رەجەب، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، ئەگەرچی نیگەرانیی فراکسیۆنەکەی رەت نەکردووەتەوە، بەڵام گوتوویەتی ”بۆ ئەو بابەتە قسە ناکەم“.

لەلایەکی دیکەشەوە، نزار عەبدولواحیدی برای شاسوار عەبدولواحید، مەلەفی بزنس و لۆبیکردن و هەندێک لە کۆمپانیا نادیارەکانی بەڕێوە دەبات، چەندین ژنبرا و کەسی نزیکی تری خێزانەکەی بەرپرسیاریەتی و ڕۆڵی گرنگی پێ داون.