هاوسه‌رۆكی كه‌جه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی جوڵاندنی هێز له‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ده‌كات

هاوسه‌رۆكی كه‌جه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی جوڵاندنی هێز له‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ده‌كات

جه‌میل بایك، هاوسه‌رۆكی كۆما جفاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه‌) هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی نهێنی ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی كردوه‌ و ده‌رفه‌تێكی كورتی پێداون كه‌ ئه‌گه‌ر پارتی و بارزانی له‌ دژایه‌تی كردنی پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ شاخ و بنكه‌ و باره‌گاكانیان له‌ناو شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا له‌ دژی سه‌ری ره‌ش هێز ده‌جوڵێنن.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ دوایین هه‌ڵوێستی هاوسه‌رۆكی  كه‌جه‌كه‌  ئاشكرایكردووە، هه‌فته‌ی رابردوو نێردراوێكی تایبه‌تی په‌كه‌كه‌ سه‌ردانی نوسینگه‌ی مه‌سعود بارزانی كردوه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ و په‌یامی توندی جه‌میل بایكی به‌ بارزانی گه‌یاندووه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆكی په‌یامه‌كه‌ی جه‌میل بایك بۆ بارزانی وتوشیەتی "جه‌میل بایك له‌ سیاسه‌تی دوژمننانه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان نیگه‌رانه‌ به‌رامبه‌ر گه‌ریلا و رێكخستنه‌كانی په‌كه‌كه‌".

به‌پێی سه‌رچاوه‌كه‌، ئێستا ناوچه‌كانی بارزان به‌ ته‌واوه‌تی كه‌وتونه‌ته‌ ده‌ست جەندرمە و ده‌زگای میتی توركیا و له‌سه‌ر فه‌رمانی هه‌واڵگری زێره‌ڤانییش رێكخستن و پێشمه‌رگه‌ تایبه‌ته‌كانی پارتی له‌و سنورانه‌ی (زاپ و خواكورك و خنێره‌ و ئاڤاشین) چاوساغیی بۆ سوپا و هێزی ئاسمانیی توركیا ده‌كه‌ن و به‌هۆی ئه‌و هاوكارییانه‌ش پارتیش، ژماره‌یه‌كی زۆری گه‌ریلا شه‌هید و بریندار بوون.

"نێردراوه‌كه‌ی جه‌میل بایك بۆ لای بارزانی به‌ڕوونی هه‌ڕه‌شه‌ی جه‌میل بایكی به‌ پارتی و پاراستن راگه‌یاندووه‌ و هۆشداری داونه‌تێ كه‌ ئه‌گه‌ر واز له‌ كوشتنی رۆڵه‌ی كورد نه‌هێنن، هێزتان له‌ به‌رامبه‌ر ده‌جوڵێنن."

به‌پێی سه‌رچاوه‌كه‌، نێدراوه‌كه‌ی جه‌میل بایك به‌ باره‌گای بارزانیی راگه‌یاندووه‌ كه‌ زۆر نیگه‌رانن له‌ ره‌فتاری حكومه‌تی هه‌رێم به‌رامبه‌ر رێكخستنه‌كانی په‌كه‌كه‌ و هه‌ڤاڵانی ته‌ڤگه‌ری ئازادی له‌ هه‌رێمی كوردستان و جه‌میل بایك ئه‌وه‌ی به‌ بیر پارتی هێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ بارزانی ناتوانێت تا سه‌ر چاوساغ و ڕێ نیشانده‌ری جه‌ندرمه‌ و میت بێت و به‌ خواستی ئه‌وان گه‌ل بن ده‌ست بخات.