نێچیرڤان بارزانی میراتێكی ٣٠ ملیار دۆلاری قەرز بۆ مەسرور بارزانی جێدەهێڵێت

نێچیرڤان بارزانی میراتێكی ٣٠ ملیار دۆلاری قەرز بۆ مەسرور بارزانی جێدەهێڵێت

قەیرانی دارایی‌ و قەرزاری گەورەترین كێشەی بەردەم كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد.

نێچیرڤان بارزانی بەهۆی هەوڵی بۆ فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ لەساڵی ٢٠١٤، قەیرانی دارایی تووشی هەرێمی كوردستان كرد، كە بەو هۆیەوە بڕێكی زۆر پارە قەرزار بوو، تائێستاش نەیتوانیوە ئەو كێشە چارەسەربكات.

بەپێی ئامارە نافەرمییەكان، نێچیرڤان بارزانی، كە ئێستا لەكۆتایی كابینەكەیدایەو چەند رۆژێكی تر بەجێدەهێڵێت، نزیكەی ٣٠ ملیار دۆلاری وەك قەرز كەڵەكە كردووە بەسەر كابینەكەی، كە ئەوە وەك میرات بۆ كابینەی داهاتوو دەمێنێتەوە.

پێشتر سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو، كە حكومەتی هەرێم ١٨ ملیار قەرزارە، بەڵام بەقسەی پەرلەمانتار شێركۆ جەودەت، ئەو قەرزە لەوە زیاترەو بڕەكەی دەگاتە ٣٠ ملیار دۆلار.

هەر بەپێی ئامارە نافەرمییەكان، ئەو قەرزانە خۆی لەقەرزی كۆمپانیا نەوتییەكان‌و بانكەكان‌ و موچەی فەرمانبەران‌و بەڵێندەران‌ و پرۆژەكان دەبینێتەوە، كە هیچ هەوڵێك نەدراوە بۆ دانەوەیان.

ئێستا ئەو قەرزە وەك میراتێك بۆ كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم دەمێنێتەوە، كە پارتی دیموكرات وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن مەسرور بارزانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت كاندید كردووە.

پرسی ئەو قەرزانەو رێككەوتنی لەگەڵ حكومەتی عێراق ‌و بڕیاری فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ گەورەترین ئەو كێشانەن، كە رووبەڕووی مەسرور بارزانی لەكابینەی نۆ دەبێتەوەو دەبێت هەوڵی تەواو بدات بۆ چارەسەری، كە بەئەستەمدەزانرێت سەركەوتوو بێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان، هەریەكە لەئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان، ڕێباز حەملان وەزیری دارایی ‌و ئابووری حكومەتی هەرێم، كە لەكابینەی نێچیرڤان بارزانی وەزیر بوون، لەكابینەی نۆدا لەپۆستەكانیان دەمێننەوە.

هەر بەگوێرەی زانیارییەكان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت سوربووە لەسەر ئەوەی ئەو دوو وەزیرە لەپۆستەكانیان بمێننەوە، لەگەڵ ئەوەی مەسرور بارزانی كاندیدی پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆی حكومەت دەیویست زۆرینەی وەزیرەكانی كابینەكەی لەكەسانی نوێ بن.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، خواستی نێچیرڤان بارزانی بۆ مانەوەی ئاشتی هەورامی ‌و رێباز حەملان بۆ ماوە لە پۆستە وەزارییەكان پەیوەندی بەو قەرزانەوە هەیەو نایەوێت وردەكاریی‌ و زانیارییەكان لەبارەیەوە بەتەواوی ئاشكرابكرێت، تا یەكلادەكرێنەوە.

هەندێك سەرچاوەش گومان لەو ئامارە فەرمی ‌و نافەرمییانە لەبارەی قەرزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، بەوەی ئەو ژمارانە بەمەبەست خراونەتەڕوو، گومانیش دەكرێت حكومەتی هەرێم هەر قەرزار نەبێت‌ و ئەو ژمارانەش بۆ ئەوە دەخرێنەڕوو، كە بەردەوامی بەو قەیرانە دارایی بدرێت‌ و حكومەتیش پارەی زیاتر لەداهاتی ئەو نەوتە ببات، كە لەساڵی ٢٠١٤وە دەیفرۆشێت.