نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ژماره‌ی قوربانیانی مانگی رابردووی عێراقی بڵاوکردەوە

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ژماره‌ی قوربانیانی مانگی رابردووی عێراقی بڵاوکردەوە

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ژماره‌ی قوربانیان مانگی کانونی یەکەمی ئەمساڵی لە عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ٤١ هاوڵاتی مەدەنی عێراقی بەهۆی کردەوە تیرۆرستییەکانەوە کوژراون.

به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ی ئه‌مڕۆ دووشەممە ٣ـی ١٢ـی ٢٠١٨، نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌كان بۆ هاریكاریی عیراق (یونامی) ‏بڵاویكردووەته‌وه‌، له‌ دەرئه‌نجامی كرده‌ی‌ توندوتیژی و تیرۆرستی و پێكدادانی چه‌كداری كه‌ له‌ مانگی تشرینی دوومی ٢٠١٨ـدا ‏روویانداوه‌، ٤١ هاوڵاتی مه‌ده‌نی عیراقی كوژراون ٧٣ كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون‎‎.

یونامی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو ژمارانە هاوڵاتی مەدەنی و ئەو هاوڵاتییانە دەگرێتەوە کە لە کاتی مردن یان بریندار بوون وەک هاوڵاتی مەدەنی ڕەچاوکراون، وەکو پۆلیس لە دەرەوەی ئەرکی سەربازی، بەرگری شارستانی و کارمەندانی پاسەوانی تایبەت و پۆلیسی پاسەوانی بارەگاکان و کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە.

یان کوبیش، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق رایگەیاندووە، "بەردەوامبوونی گیان لەدەستدان جێگەی نیگەرانییە، بەڵام ئەو ژمارانەی ئەم دواییە کەمترین ڕێژەن لەوەتەی یونامی تۆماری کردوون لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٢ـەوە".

کوبیش راشیگەیاند، "ئەمانە تەنها ژمارە نین، بەڵکو مرۆڤن و خێزانیان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا کەمی ڕێژەی قوربانیان نیشاندەرێکە ئاستی توندوتیژی بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات بە هەڵسانەوەی وڵاتەکە لە دوای شەڕی تیرۆر و بەرەو داهاتوویەکی سەقامگیر و پڕشنگدار هەنگاو دەنێت."

بەپێی ئامارەکانی یونامی پارێزگای بەغدا به‌ركه‌وته‌ترین پارێزگابووە‌، کە ٥٥ هاوڵاتی مه‌ده‌نی بوونه‌ته‌ قوربانی (٢٣كوژراو و ٣٢ بریندار)‌. دوای ئه‌و پارێزگای نەینەوا دێت كه‌ ئاماره‌كانی برتییه‌ له‌ (٨ كوژراو و ١٩ بریندار) و پارێزگای ئەنباریش (٤ كوژراو و ١٥ بریندار) هەبوون.

یونامی رونیشیکردووەتەوە، له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیاریكراودا چالاكیه‌كی سنورداری هه‌یه‌ له‌ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی قوربانیان و بە هۆی دژواری بارودۆخی ناوچەکە و پچڕانی خزمەتگوزارییەکان.

هەروەها له‌ هه‌ندێک حاڵه‌تدا ته‌نها توانیویه‌تی ‌هه‌ندێك له‌ رووداوه‌كان به‌ شێوه‌ی هه‌نده‌كییانه‌ (ناته‌واو) پشتڕاست بكاته‌وه ژمارەی قوربانییانی پارێزگای ئەنبار لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگاکە وەرگیراون و لەوانەیە گوزارشت لە ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانیان لەو پارێزگایە نەکات بۆیە ژماره‌كان پێویسته‌ به‌ لانی كه‌م وەربگیرێن.