نرخی ئینتەرنێت دادەبەزێت

نرخی ئینتەرنێت دادەبەزێت

حكومەتی عیراق بڕیاریداوە نرخی ئینتەرنێت بەڕێژەی (٪٢٥) دابەزێنێت، بەرپرسێكی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی هەرێمیش رایدەگەیەنێت: چاوەڕێی بڕیارەكەی بەغدا دەكەین، بۆئەوەی بڕیاری لەبارەوە بدەین، بەڵام مەرج نییە لەهەرێمیش بەهەمان رێژە داشكاندن بكرێت.

ئازاد محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی دیوان لەوەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم، رایگەیاند: چاوەڕێی ئەو بڕیارەی بەغدا دەكەین كە هەفتەی رابردوو بڕیاریداوە نرخەكانی ئەینتەنرێت (٪٢٠ بۆ ٪٢٥) دابەزێنرێت، بەفەرمی بڕیارەكەمان بۆ نەهاتووەو چاوەڕوانی بڕیارەكە دەكەین.

وتیشی: "وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن كۆبوونەوەی تایبەتی لەسەر دەكات و بڕیاری خۆی دەدات، بەشێوەیەك تاچەند بتوانین هاوكاری هاووڵاتیان بكەین".

راشیگەیاند: هەركاتێك ئەو بڕیارەی عیراق بەدەستمان بگات، ئەوكاتە لەلایەن دەستەی راوێژكارانی وەزارەتەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت، مەرجیش نییە هەمان ئەو رێژەی بەغدا لەهەرێمیش دابەزێت، چونكە لەچەند ساڵی رابردوو لەهەرێمی كورستان تاڕادەیەك داشكاندن لەنرخدا كراوەو هاووڵاتیان سودمەند بوون، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی لەبەرنامەماندا دەبێت پێداچوونەوە بەنرخ و كوالیتی ئینتەرنێت بكەین.