مەسرور بارزانی، لە لوتكەی دەسەڵاتی ئەمنییەوە بۆ لوتكەی دەسەڵاتی مەدەنی

مەسرور بارزانی، لە لوتكەی دەسەڵاتی ئەمنییەوە بۆ لوتكەی دەسەڵاتی مەدەنی

لەو كاتەوەی پێی خستووەتە گۆڕەپانەكەوە لە كەرتی ئەمنیی‌ و هەواڵگرییدا كار دەكات، هەژموونی بەسەر دامەزراوە ئەمنییەكانی زۆنی حوكمڕانیی حیزبەكەیدا بە جۆرێكە، هەر هێرش‌ و پەلاماردانێك هەبوو بێت بۆسەر دەنگی جیاوازو ڕەخنەگر لە هەولێرو دهۆك، ڕاستەوخۆ پەنجەی تۆمەت ڕوو لە ئەو بووە، ئەو كەسە مەسرور بارزانی كاندیدی پارتییە بۆ سەرۆك وەزیران لە كابینەی نوێی حكومەت.

ڕای زاڵ لەناو خەڵك ‌و حزبەكاندا ئەوەیە، بەبێ فەرمان یاخود ئاگاداریی مەسرور بارزانی، دامودەزگا ئەمنییەكانی پارتی ناتوانن هێرش ‌و توندوتیژی دژی كەس ئەنجام بدەن، ئەمە ئەگەر لە واقیعیشدا وانەبێت، بەوشێوەیە كەوتووەتەوە، هەربۆیە چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەو بەدواداچوون ناكرێت ‌و هەمیشە كەسی باڵادەستی تۆمەتباركراو لەناو خەڵكدا، ئەو بووە.

مەسرور تەمەنی ٤٩ ساڵەو كوڕە گەوری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و سەرۆكی پێشووی هەرێمە، ئەو ١٤ ساڵ بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی پارتی بووە (پاراستن)، ٦ ساڵیشە ڕۆڵی فراوانتر بووەو ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمە، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع هێشتا دەسەڵاتی نەگەیشتووەتە پارێزگای سلێمانی ‌و ئەو زۆنەی ئێستا بە قەڵەمڕەوی یەكێتی ‌و گۆڕان ناودەبرێت.

بارزانی كوڕ لە ئەركی نوێیدا دەبێتە سەرۆكی حكومەتێك كە دەیەوێت "بەهێز و جیاواز بێت"، ئەو لە سەردەمێكدا ئەو پۆستە وەردەگرێت كە حیزبەكەی بە پشتبەستن بە پێكهاتەكان نیوە+١ـی پەرلەمانی كوردستانی هەیەو لەو ڕووەوە پشت قایمە.

"سوپاستان دەكەم، دڵنیام هەمووتان شایستەی ئەو پۆستەن، بەڵام من دەمەوێت شانی بدەمەبەرو كارێكی جیاواز بكەم. لەم ئەركە نوێیەمدا كاك نێچیرڤان گەورەترین پشتیوانمە" ئەمە وتەی مەسرور بارزانی بووە لەو كۆبوونەوەیەی سەركردایەتی حیزبەكەی كە تێیدا كاندید كرا بۆ سەرۆك وەزیران.

سەرچاوەیەكی باڵا كە وردەكاریی گفتوگۆكانی ناو كۆبوونەوەكەی لە زاری بەشداربووانەوە بۆ گێڕدراوەتەوە، باسیلەوەكرد مەسرور بارزانی بەناوی خۆی ‌و نێچیرڤان بارزانییەوە قسەی كردووە، دواتریش نێچیرڤان بارزانی لە وتەیەكدا پشتیوانیی خۆی بۆ دەربڕیوە و بە"شایستەی" ئەو پۆستەی داناوە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت"ئەوانە قسەی ناو كۆبوونەوە بوون، لە واقیعدا ململانێ هەیە لە نێوانیاندا و لەم گۆڕانكارییەشدا لە پێگەی زۆر كەسی نزیك لە نێچیرڤان بارزانی دەدرێت."

نێچیرڤان بارزانی كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتی ‌و برازای مەسعود بارزانییە، بە درێژایی تەمەنی حكومەت زۆرترین ماوە سەرۆك وەزیران بووەو ٢٠ ساڵە لە لوتكەی دەسەڵاتدایە، لەم گۆڕانكارییە نوێیەدا كە مەسروری ئامۆزای دەچێتە شوێنەكەی، نێچیرڤان كراوەتە كاندید بۆ سەرۆكی هەرێم‌ و پارتی ئەو پۆستە زیندوو دەكاتەوە.

نێچیرڤان بارزانی دوای ٢٠ ساڵ سەرۆكایەتی حكومەت جێدەهێڵێت‌ و كابینەی مەسرور بارزانی دەستپێدەكات.

مەسرور بارزانی، ماستەری لە زانكۆی ئەمەریكی لە واشنتۆن لە بواری ئاشتی‌ و چارەسەری قەیرانەكان وەرگرتووە و بەكالۆریۆسیشی لە هەمان زانكۆ بووە لە خوێندنی نێودەوڵەتی. جگە لە دامەزراوەی میدیایی تایبەت بەخۆی، دامەزرێنەری زانكۆی ئەمەریكی لە كوردستان- دهۆك ‌و دەزگای خێرخوازیی بارزانی یە، سێ كوڕو كچێكی هەیە.

بە زەحمەت كەسێك دەدۆزیتەوە قسە لەسەر كەسایەتی مەسرور بارزانی بكات، ڕەنگە ئەمە بەگشتی ئەو دۆخەبێت كە دەسەڵاتدارانی ئەمنیی بۆ خۆیانی دروست دەكەن، هەندێک تایبەتمەندی مەسرور بارزانی لە كەسێكی نزیکی خۆیەوە دەستكەوتووە دەڵێت:

"تاڕادەیەك كەسێكی داخراوە و ستافێكی وشكی لەگەڵدایە، ئەگەر هەڵوێست دژی شتێك وەربگرێت كاردانەوەی زۆر تووندە و دەیگەیەنێتە خاڵی سفر" ئەمە وتەی ئەو كەسایەتییەیە دەربارەی مەسرور بارزانی.

ئەوەشی خستەڕوو، مەسعود بارزانی باوكی كە خاوەنی قسەی كۆتایی حیزبەكەیەتی لە ژێر كاریگەریی بیروڕای مەسروردایە، "مەسرور بارزانی ئەگەر بیەوێت لە كەسێك بدات زۆرجار لە ڕێی باوكییەوە لێیدەدات."

ئەو سەرچاوەیە كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت، وتیشی، مەسرور بارزانی تێڕوانینێكی ئەمنیی هەیە بۆ بەڕێوەبردن، "هەمیشە بە گومان ‌و بێمنەتە."

"بەڕای من واپێویست دەكات ئەم ئەركە نوێیەی بكاتە دەرفەتێك بۆ گۆڕانكاریی‌ و كرانەوە، چونكە بەوجۆرە ناتوانێت حكومەتێكی سەركەوتوو بەڕێوەببات، لەبەرئەوەی تەنها حكومەتی پارتی‌ و ئەو زۆنە نابێت كە حیزبەكەی تێیدا باڵادەستە."

هەروەها لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە ئەوەش زانراوە کە، مەسرور بارزانی لەناو یەكێتی پەیوەندیی لەگەڵ باڵی كۆسرەت ڕەسوڵ باشەو لەگەڵ ماڵی تاڵەبانی باش نییە.

هەروەها پشتیوانیی ئەو دەنگانەی ناو حیزبەكەی دەكات كە داوا دەكەن كۆمەڵی ئیسلامی بەشدار نەبێت لە كابینەكەی، هەرچی دەربارەی بزووتنەوەی گۆڕانە، پەیوەندیی لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیەدا نییە، بەڵام دەیەوێت "پەیوەندییەكی بەهێز" لە گەڵیاندا دروست بكات.

هەروەها ئەوە هەمان خواستی گۆڕانیشە، ئەو بزووتنەوەیە هەرچەندە ڕەخنەی زۆری لە مەسرورو باڵەكەی هەیە، بەڵام دەیەوێت مامەڵە لەگەڵ ئەو ئەمری واقیعەدا بكات كە پارتی دروستی دەكات.

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە گۆڕانەوە ڕایگەیاند: "گۆڕان لە سەردەمی كاك نەوشیروان‌ و بە ئێستاشەوە لەگەڵ باڵی مەسرور بارزانی پەیوەندیی نەبووە و تەنانەت پێی باش نەبووە مامەڵەیان لەگەڵدا بكات ‌و ئەو باڵە ببێتە واجیهەی پارتی."

ئەو بەرپرسەی گۆڕان وتیشی:"پێمانوایە كەسایەتییەكی توندوتیژ ئامێزی هەیە، ئەو هەڵمەتانەی لە میدیای پارتی ‌و سێبەرەكانیەوە دەكرێتەسەر حیزبەكانی دیكە لەكاتی بوونی كێشەو ناكۆكی سەرجەمیان ئاڕاستەی ئەو باڵەن كە مەسرور سەرۆكایەتی دەكات، تەنانەت ئەو فەرمانی دەستگیركردنەی كاك نەوشیروان كە پارتی بە دادگای دەركرد هەر ئەوان بوون."

لەگەڵ ئەوانەدا، بەرپرسەكەی گۆڕان وتی: "ئێستا قۆناغێكی نوێ هاتووەتەپێش، ئێمە مامەڵەی لەگەڵ دەكەین، بە نیەتی ئەوەی هەم خۆی بگۆڕێت، هەم حكومەتەكەی سەركەوتووبێت ‌و بتوانێت خزمەتی خەڵك بكات."

"ئارامیی ‌و حوكمڕانی سەرتاسەری ‌و پێكەوە كاركردن ئامانجی چوار ساڵی داهاتووی حوكمڕانی دەبێت" مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمیی پارتی وای وت.

وتەبێژەكەی پارتی وتیشی: "پێشبینی دەكەم پێكهێنانی حكومەت ئەوەندە كارێكی قورس نەبێت ‌و هەوڵدەدەین بە ئاسانی لەگەڵ لایەنەكان تەفاهوم بكەین، چونكە هەموو لایەنەكان ئامادەیی ئەوەیان هەیە لەم قۆناغەدا پێكەوە كارە گرنگەكان بكەین."

ئەوەی یەكلایی بووەتەوە بۆە بەشداربوون لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم هەریەک لە یەكێتی نیشتمانی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە لە كابینەی نوێ ‌و ئۆپۆزسیۆن بوونی نەوەی نوێ‌ ‌و حیزبی شیوعییە، هێشتا گۆڕان ‌و كۆمەڵی ئیسلامی وەك دوولایەنی ئۆپۆزسۆن بڕیاری كۆتاییان نەداوە بۆ بەشداریكردن، بەڵام لەناو گۆڕان خواستی بەشداربوون بەهێزترە.

هەرچەندە پێكهێنانی حكومەت بۆ پارتی كە ٤٥ كورسی هەیە، ئاسانەو لەگەڵ كەمینەكانی پەرلەمان كە ١١ كورسییان هەیە دەتوانێت كابینەی نوێ پێكبهێنێت‌ و دەنگی ٥٠+١ـی پەرلەمانتاران مسۆگەر بكات (٥٦ لە ١١١)، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ئاسەوارەكانی دوو ئیدارەیی، لە واقیعدا ناتوانێت حكومەتێكی یەكگرتوو لەسەر زەویی پێكبهێنێت بەبێ بەشداریی حیزبە براوەكانی پارێزگای سلێمانی، بەتایبەت یەكێتی دواتر گۆڕان.

لە سەرەتای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لە ساڵی ١٩٩٢ تائێستا، یەكێتی بەردەوام پێكهێنەری سەرەكیی حكومەت بووە بە دوو ئیدارەیی ‌و ئیدارەی یەكگرتووشەوە، بەڵام گۆڕان خولێكی تەواو ئۆپۆزسیۆن (٢٠٠٩بۆ٢٠١٣)‌ و خولی دواتر سەرەتا لە حكومەت‌و دواتر بووەوە بە ئۆپۆزسیۆن.

لە ئێستاوە چاوەكان لەسەر هەنگاوەكانی مەسرور بارزانی دەبن، ئەو كە لایەنگرانی لەناو پارتی بە "برا گەورە" ناوی دەبەن، كابینەی نۆهەم بەجۆرێك بەڕێوەدەبات كە ماف‌ و ئازادییەكان تێیدا پارێزراوبن‌ و یاسا سەروەر بێت؟ یاخود بە پێچەوانەوە حكومەتێك كە نزیكتر بێت لە دیكتاتۆرییەت ‌و ئازادییەكان پاشەكشە بكەن‌ و شەقام لە دژی خۆی بجوڵێنێت؟ داهاتوو وەڵامدەرەوەی ئەو پرسیارانە و چەندین پرسیاری دیكە دەبن دەربارەی حوكمڕانیی هەرێم لەسەردەمی بارزانی كوڕدا.