مەسرور بارزانی هەڕەشە لە کاربەدەستانی ژێر دەسەڵاتی نێچیرڤان بارزانی دەکات

مەسرور بارزانی هەڕەشە لە کاربەدەستانی ژێر دەسەڵاتی نێچیرڤان بارزانی دەکات

پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم كێشە دەخاتە ناو بنەماڵەی بارزان و (مەسرور بارزانی) داوای سەرۆكی حكومەت دەكات و ڤیدیۆی ژیانی تایبەتی وەزیرەكانی سەر بە نێچیرڤان بارزانی بڵاو دەكرێتەوە.

كێشەی نێوان مەسرور مەسعود بارزانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی کوردستان و نێچیرڤان ئیدریس بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی لە پێشتر سەری هەڵداوە و تاوەكو ئێستاش بەردەوامی هەیە لەسەر بەدەست هێنانی زۆرترین پۆست بۆ خۆیان و كەسە نزیكەكانیان.

ئەم كێشەیەی نێوان هەردوو ئامۆزاكە لە چەندین گۆڕانكاری حكومەتی هەرێم و ناوخۆیی پارتی رەنگی داوەتەوە، بەجۆرێك دوای دامەزراندنی كەناڵی روداو لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی كەناڵی كوردستان ٢٤ـی دامەزراند بۆ چەندین جار كێشەیان لەسەر بابەت بۆ دروست بووە و دامەزراوەكانی پارتی بە مەرج بۆیان نێردراوە كە پێویستە هەردوو كەناڵەكە ئاگادار بكرێنەوە.

سیروان غەریب، بڵاوكردنەوەی ئەو دوو گرتە ڤیدیۆیەی ئاشتی هەورامی ئەگەری ئەوە هەیە هەرێمی كوردستان هەنگاو بنێت بۆ حكومەتێكی ئەمنی كە بە پێچەوانەی مافەكانی مرۆڤ و حورمەتی ئازادییەكانمان و حەرەمی شوێنە تایبەتەكانمان، كامێرامان بۆ بخاتە ژوری نوستنەكانیشمانەوە

كێشەی نێوان مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لە ئێستادا سەری هەڵداوەتەوە لەسەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، كە مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاریداوە كە هیچ وەزیرێكی ئەم كابینەیە لە كابینەی نۆیەم نەكرێتەوە وەزیر، ئەمەش وەك لێدان لە پێگەی نێچیرڤان بارزانی كە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانە.

لە ئێستادا مەسرور بارزانی، كوڕی مەسعود بارزانی داوای سەرۆكی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەكات (شوێنی نێچیرڤان بارزانی) بەمەش نێچیرڤان بارزانی دوور دەخرێتەوە لە حكومەتی هەرێم.

ئەم كێشەیە بەردەوامی هەیە و بە جۆرێك سەردانی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەغدا بە بەشێكی بۆ ئەوەبووە كە فرۆشتنی نەوت بخرێتەوە بە تەواوی بخرێتەوە ژێر كۆنترۆڵی بەغدا ئەمەش وەك لێدان لە نێچیرڤان بارزانی كە بە ئەندازیاری فرۆشتنی نەوت بە شێوەی سەر بەخۆ دادەنرێت.

مەسرور بارزانی، كوڕی مەسعود بارزانی و ئامۆزای نێچیرڤان بارزانی، پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە نەوت لە ژێر كۆنتڕۆڵی بەغدا بێت

هەرچی نێچیرڤان بارزانیە پێی وایە حكومەتی هەرێم لە قەیرانی دارایی سەركەوت و لە ئێستادا كە نرخی نەوت بەرزبۆتەوە دەكرێت حكومەتی هەرێم هەنگاو بەرە و نەمانی پاشكەوتی مووچە بنێت و لە فرۆشتنی نەوت بە شێوەی سەربەخۆ زیاتری دەست دەكەوێت، لەبەرامبەدا مەسرور بارزانی، كوڕی مەسعود بارزانی و ئامۆزای نێچیرڤان بارزانی، پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە نەوت لە ژێر كۆنتڕۆڵی بەغدا بێت.

هەرچی تایبەتە بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم كێشەكان لە گەورە بووندان  بەجۆرێك بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی خێزانی ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانەسروشتیەكان بە دەستێكی ناوخۆیی پارتی دەزانرێت و پەنجەی تۆمەت بۆ مەسرور بارزانی رادەكێشرێت، بەوەی ئاشتی هەورامی كەسێكی نزیكی نێچیرڤان بارزانییە.

رۆژنامەنوسێك لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەوە دەڵێت"بڵاوكردنەوەی ئەو دوو گرتە ڤیدیۆیەی ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم و هاوسەری پێشووی ئەو راستییە ئاشكرا دەكات، ئەگەری ئەوە هەیە هەرێمی كوردستان هەنگاو بنێت بۆ حكومەتێكی ئەمنی كە بە پێچەوانەی مافەكانی مرۆڤ و حورمەتی ئازادییەكانمان و حەرەمی شوێنە تایبەتەكانمان، كامێرامان بۆ بخاتە ژوری نوستنەكانیشمانەوە، یان لەوانەشە بۆ ئاگاداركردنەوەمان بێت بەوەی بەخراپ رازی بین تاوەكو خراپتر حوكمان نەكات".

سیروان غەریب-ی رۆژنامەنوس ئاماژە بەوەش دەكات كە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆیە بەدەر نییە لەم دوو رێگایەی باسی كردوە.

لە ئێستا مەسرور بارزانی، لە رێگەی کەناڵی كوردستان ٢٤ و دەزگای كوردستان چەندین هەواڵی فەیك لەسەر وەزیرەكانی ئەم كابینەیە كە نزیكن لە نێچیرڤان بارزانی بڵاو دەكەنەوە

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندووە:" مەسرور بارزانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی وتویەتی بۆ كابینەی نۆیەم من سەرۆكی حكومەت دەبم و ماوەی چەندین ساڵە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتە بۆیە مافی خۆمە منیش ببمە سەرۆك وەزیران".

لە ئێستا مەسرور بارزانی، لە رێگەی کەناڵی كوردستان ٢٤ و دەزگای كوردستان چەندین هەواڵی فەیك لەسەر وەزیرەكانی ئەم كابینەیە كە نزیكن لە نێچیرڤان بارزانی بڵاو دەكەنەوە و یاخود هەواڵی ئەوەیان بڵاوكردۆتەوە كە ئەم كابینەیە سێ مووچەی كۆتای ٢٠١٨ پاشكەوت دەكات، لە كاتێكدا لە بەدواداچوونێکدا دەركەوتوە كە هیچ جۆرە بڕیارێك نەدراوە لەسەر پاشكەوتی مووچەی هەرسێ مانگی كۆتایی ٢٠١٨.

هەروەها پێكهێنەهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بەشێكی بەهۆی كێشەی نێوان هەردوو ئامۆزاكەیە و مەسرور بارزانی پێداگری دەكات لەوەی خۆی سەرۆكی كابینەی نۆیەم بێت و تاوەكو ئێستاش نێچیرڤان بارزانی رازی نەبوە كە دەست بەرداری سەرۆكی حكومەتی داهاتوو بێت.

هەروەها ئەوەش زانراوە بەڵێنی ئەوە بە نێچیرڤان بارزانی دراوە كە ئەگەر دەست بەرداری سەرۆكی حكومەت بێت بۆ مەسرور بارزانی ئەوا سەرۆكایەتی هەرێم كارا دەكرێتەوە و لە پەرلەمانەوە هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی هەرێم دەكرێت و ئەویان دەكرێتە سەرۆكی هەرێم.

زانیاریەكان باس لەوەش دەکەن ، مەسرور بارزانی بە هێزەوە خۆی بۆ كابینەی نۆیەم ئامادە كردوە بەجۆرێك چەند باس لە دانانی چەند وەزیرێك كراوە كە كەسی نزیكن لە مەسرور بارزانی، یەكێك لەو كەسانە نێچیرڤان ئەحمەد، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانە كە لە كابینەی نۆیەم دەكرێتە وەزیر.