مەترسییەکانی نەشتەرگەریی گەورەکردنی مەمک چین؟

مەترسییەکانی نەشتەرگەریی گەورەکردنی مەمک چین؟

زۆرێک لە ئافرەتان پاش نەشتەرگەریی گەورەکردنی مەمک، تووشی هیچ جۆرە گرفتێکی تەندروستیی نابن، بەڵام تا ئێستا چەندین کەیس تۆمارکراون کە دەریانخستووە، بەهۆی ئەم نەشتەرگەرییەوە ژمارەیەک لە ئافرەتان تووشی ئازاری بەردەوام و چەند جۆرێکی نەخۆشیی مەترسیدار بوون.

لە بابەتێکی تەندروستییدا ماڵپەڕی سی ئێن ئێن ئاماژەی بە مەترسییەکانی نەشتەرگەریی گەورەکردنی مەمک کردووە، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆراک و دەرمانی ئەمریکاوە خراونەتەڕوو.

ئاماژە بەوە کراوە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەک نامەی ئاگادارکردنەوەیان بۆ زۆربەی بەرهەمهێنەرانی ماددەی (جێڵی سیلیکۆن) ناردووە، لەبەرئەوەی بەشێوەیەکی باش پەیڕەویی ڕێنماییە تەندروستییەکانیان نەکردبوو.

باس لەوەش کراوە، کۆمیتەیەکی FDA پلانیان هەیە لێکۆڵینەوە لەسەر چەند ڕاپۆڕتێک دەربارەی پەیوەندیی نێوان ئەم جۆرە نەشتەرگەرییانە و توشبوون بە جۆرێکی دەگمەنی نەخۆشیی شێرپەنجە بە ناوی  "anaplastic large cell lymphoma" بکەن.

بەڕێوەبەرایەتیی FDA لە ئێستادا هیچ بەڵگەیەکی فەرمییان نییە لەسەر مەترسییە تەندروستییەکانی نەشتەرگەریی گەورەکردنی مەمک، بەڵام لە داهاتوویەکی نزیکدا چەندین ڕێنمایی لەسەر سوود و زیانە تەندروستییەکانی ئەم جۆرە نەشتەرگەرییانە بڵاودەکەنەوە.