ململانێی مەسرور و نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم دەستپێدەكات

ململانێی مەسرور و نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم دەستپێدەكات

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەو دامەزراوەیەی لە سەرەتای دروست بوونیەوە پارتی ئامادە نەبووە بیخاتە چوارچێوەی هیچ دانوستاندنێكەوە، ئێستا بووەتە بەشێك لە ململانێ ناوخۆییەكانی ئەو حیزبەو هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی چاویان لەسەریەتی كە لەژێر دەسەڵات‌و هەژموونیاندا بێت.

بە دیاریكردنی مەسرور بارزانی بۆ سەرۆكوەزیرانی هەرێم‌ و نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكی هەرێم، گۆڕانكاریی لەناو پارتی‌و دەسەڵاتی هەرێمدا ڕوودەدات، بەڵام ئەو دوو پۆستە بە تەنها نین، چەندین پۆست‌و دامەزراوەی دیكەیان پێوە گرێدراوە كە هێز بەو دوو پۆستە دەدەن، یەكێك لەوانە ئەنجومەنی ئاسایشە.

لە سەرەتای دامەزراندنی ئەنجومەنی ئاسایش، مەسرور بارزانی لەو پۆستەدایە تائێستا، ئەو دامەزراوەیە لەو چەند ساڵەی دروست بووە لە دەرەوەی بازنەی ئەو گفتوگۆیانە بووە كە حیزبەكانی هەرێم بۆ دابەشكردنی پۆست‌و دەسەڵات لەناو خۆیاندا ئەنجامیانداوە، ئەنجومەنەكە پێكدێت لە؛ دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هەواڵگریی سەربازی‌و ئاژانسی پاراستن‌و زانیاریی(سەربە پارتی‌و یەكێتی-ن).

یاسای ئەنجومەنەكە(ژمارە ٤ـی ساڵی ٢٠١١) دەڵێت"ئەنجومەن ڕاوێژكارێكی دەبێت، لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە بە پلەی وەزیر دادەمەزرێت، دەزگاكانی سەربە ئەنجومەن بەڕێوەدەبات‌و سەرپەرشتییان دەكات‌و هەماهەنگییان لە نێواندا دەكات."

تا ساڵی ڕابردوو ئەنجومەنەكە سەربە مەسعود بارزانی بوو وەك سەرۆكی هەرێم، بەڵام دوای ئەوەی ئەو پۆستە نەماو دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دابەشكران بەسەر دامەزراوەكانی دیكەدا، پۆستەكە گرێدرا بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە.

لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا، مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی ئاسایش جێدەهێڵێت‌و دەبێتە سەرۆك وەزیران، "بەڵام نایەوێت ئەنجومەنەكەی لە دەست بچێت."

سەرچاوەیەك كە ئاگاداری وردەكاریی ململانێ نوێیەكانی نێوان مەسرور بارزانی‌ و نێچیرڤان بارزانییە، ڕایگەیاند:"كاك مەسرور دەیەوێت ئەنجومەنی ئاسایش لە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیدا بێت، بۆئەوەش دەیەوێت ئەوكەسەی لە شوێنی ئەو دادەنرێت نزیك لە خۆی بێت‌و خۆی دایبنێت."

ئەو خواستەی مەسرور بارزانی ڕوبەڕوی هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی دەبێتەوە، سەرچاوەكە وتی: "نێچیرڤان بارزانی ئەوەی قبوڵ نییە، هەربۆیە دەیەوێت بەرلەوەی سەرۆكی حكومەت هەڵبژێردرێت، ئەو وەك سەرۆكی هەرێم دەستبەكار بێت‌و خۆی كەسێك وەك ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش دەستنیشان بكات‌و دامەزراوەكەش هەر گرێدراوی سەرۆكی هەرێم بێت."

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، مەسرور بارزانی بەنیازە ئەو ستافەی لە ئەنجومەنی ئاسایش لەگەڵیدا كار دەكەن، "هەندێكیان لەگەڵ خۆی ببات بۆ ئەنجومەنی وەزیران‌و هەندێكی دیكەیان لە ئەنجومەنی ئاسایش بهێڵێتەوە تا هەژموونی بمێنێت بەسەر ئەنجومەنەكەوە."

ئەو ئاڕاستەیەی پشتیوانیی نێچیرڤان بارزانی دەكەن لەناو پارتی، سوورن لەسەر ئەوەی بەرلە هەڵبژاردنی سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرێت، لەوەشدا "ترس"یان هەیە، "ئەگەر سەرۆكی هەرێم دوابخرێت ئەگەر زۆرە گرفت بۆ نێچیرڤان بارزانی دروست بكرێت لە چەند ڕوویەكەوە، یەكێك لەوانە دیاریكردنی كەسێكە بۆ ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش كە دواتر گۆڕینی ئەو كەسە ئاسان نابێت."

بەهۆی حیزبیی بوونی هێزی چەكدارو ئەمنیی‌و هەواڵگریی لە هەرێمی كوردستان، كەسانی باڵادەستی ناو ئەو هێزانە پێگەی بەهێزیان دەبێت لە ناوخۆی حیزبەكانیاندا، ئەمە بەدەر لە پێگە فەرمیی‌و حكومییەكانیان، هەربۆیە بەردەوام دانانی بەرپرسانی ئەو هێزانە بەشێكە لە ململانێی ناوخۆیی پارتی‌و یەكێتی كە خاوەنی ئەو دامودەزگایانەن.

پارتی ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش لەناوخۆیدا یەكلایی دەكاتەوەو بەنیاز نییە بیخاتە چوارچێوەی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت‌و كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، هێشتا لایەنەكانی دیكەش قسەیان لەسەر ئەم پۆستە هەستیارە نەكردووە.

هاوكات نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت بە هەمان ئەو یاسایەی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم بوو(ژمارە 1ی ساڵی 2005) پۆستەكە وەربگرێت، نەك یاسای دیكە یاخود دەستكاریكردنی ئەو یاسایەو كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم.

ئەو یاسایە لە ڕابردوودا ڕوبەڕوی ڕەخنەی زۆری لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بووەتەوە، ساڵی ڕابردوو دوای ئەوەی مەسعود بارزانی دەستبەرداری پۆستەكەی بوو، دەسەڵاتەكانی كە ئەو یاسایە پێی دابوو، دابەشكران‌و زۆربەیان دران بە سەرۆكی حكومەت‌و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بەشێكیشی درا بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی.

ئەگەر لە گۆڕانكارییە نوێیەكاندا سەرەتا مەسرور بارزانی دەستبەكار بێت لە پۆستەكەی ئەوا بە ڕەهایی دەسەڵاتی ڕاپەڕاندنی لەدەستدا دەبێت تا ئەو كاتەی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم دەستبەكار دەبێت‌و دەسەڵاتەكان بۆ ئەو پۆستە دەگەڕێنەوە، ئەم هاوكێشەیە پەسەندكراو نییە لەلایەن ئاڕاستەكەی نێچیرڤان بارزانی.

مەسرور تەمەنی ٤٩ ساڵەو كوڕە گەوری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و سەرۆكی پێشووی هەرێمە، ئەو ١٤ ساڵ بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی پارتی بووە(پاراستن)، ٦ ساڵیشە ڕۆڵی فراوانتر بووەو ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمە، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع هێشتا دەسەڵاتی نەگەیشتووەتە پارێزگای سلێمانی‌و ئەو زۆنەی ئێستا بە قەڵەمڕەوی یەكێتی‌و گۆڕان ناودەبرێت.

بارزانی كوڕ لە ئەركی نوێیدا دەبێتە سەرۆكی حكومەتێك كە دەیەوێت "بەهێز و جیاواز بێت"، ئەو لە سەردەمێكدا ئەو پۆستە وەردەگرێت كە حیزبەكەی بە ٤٥ كورسیەكەی خۆی‌و پشتبەستن بە پێكهاتەكان نیوە+١ـی پەرلەمانی كوردستانی هەیە.

ئەوەی تائێستا یەكلایی بووەتەوە بەشداربوونی یەكێتی لە كابینەی نوێ‌و ئۆپۆزسیۆن بوونی نەوەی نوێ‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و حیزبی شیوعییە، هێشتا گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی وەك دوولایەنی بەهێزی ئۆپۆزسۆن بڕیاری كۆتاییان نەداوە بۆ بەشداریكردن، بەڵام لەناو گۆڕان خواستی بەشداربوون بەهێزترە، لایەنە بەشدارەكان قسەیان دەبێت لەسەر هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم.

لەسەرەتای دانانی سەرۆك بۆ هەرێمی كوردستان لە ٢٠٠٥ ئەو پۆستە لای پارتی بووەو مەسعود بارزانی سەرۆك بووە، لە ٢٠١٣ دوو خولی تەواو كرد، بەڵام ٢ ساڵی بۆ درێژ كرایەوە‌و لە٢٠ـی ٨ـی ٢٠١٥ـەوە دوای ١٠ ساڵ مانەوەی لەپۆستەكەی وادەی یاسایی كۆتایی هات، بەڵام بە بڕیاری ئەنجومەنی شورای هەرێم بەردەوام بوو، بارزانی دەیتوانی تا هەڵبژاردنی داهاتوو بەردەوام بێت، بەڵام ساڵی ڕابردوو دوای دەرئەنجامەكانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم دەستبەرداری پۆستەكەی بوو.