ماوەی پێنج ساڵە سلێمانی لە پارەی پترۆدۆلار بێبەشکراوە

ماوەی پێنج ساڵە سلێمانی لە پارەی پترۆدۆلار بێبەشکراوە

حكومەتی هەرێمی کوردستان سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین لە بودجەی پترۆدۆلار بێبەش دەكات، لە ماوەی (٥) ساڵی ڕابردوودا هیچ بڕەپارەیەكی پترۆدۆلاری بۆ ئەو ناوچانە خەرج نەكردووە، لە كاتێكدا پڕۆژە لەسەر بودجەی پترۆدۆلار لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆك دا جێبەجێ كراوه‌.

لە ماوەی (٥) ساڵدا بودجەی پترۆدۆلاری سنووری پارێزگای سلێمانی دەکاتە زیاتر لە ١٧ ملیۆن دۆلار.

له‌ ساڵی ٢٠١٧ـدا كۆمپانیای دانه‌غاز له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه ‌كردووه‌، ڕۆژانه‌ ٣٣٠ ملیۆن پێ سێجا غاز له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رهه‌م ده‌هێنن، كه‌ ده‌كاته‌ (٩) ملیۆن و ٤٤٥ هه‌زار و ٥٥٧ مه‌ترسێجا، ئه‌مه‌ش ساڵانه‌ ده‌كاته‌ ٣٤٧ ملیۆن و ٥٩٣ هه‌زار و ٦٨٠ دۆلار.

ئه‌گه‌ر ڕێژه‌ی له‌ سه‌دا یه‌کی ئه‌و پاره‌یه‌ ئه‌ژمار بکه‌ین ته‌نیا بۆ غاز له‌ ساڵێکدا پاره‌ی پترۆدۆلاری سلێمانی بۆ غاز به ‌بێ نه‌وت ده‌کاته‌، ٣ ملیۆن و٤٧٠ هه‌زار دۆلار.

ئەوە ماوه‌ی (٥) ساڵیشه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ وه‌رنه‌گیراوه‌ و بۆ ئه‌و پێنج ساڵه‌ش ده‌کاته‌ ١٧ ملیۆن و ٣٥٠ هه‌زار دۆلاری ئەمریکی، ئه‌مه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی پاره‌ی پترۆدۆلار ئه‌ژمار کرا بێت.

هەرێمی كوردستان خاوەنی (٥٧) بلۆكی نەوتییە، لەو ژمارەیەش (٢٧) بلۆكی نەوتییان دەكەوێتە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیانەوە، هەرچەندە بە پێی یاسا مافی ئەو ناوچانەی نەوت و سامانی سرووشتییان تێدا بەرهەم دەهێنرێت پارێزراوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٣ـدا پێدانی بودجەی پترۆدۆلار بە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین ڕاگیراوە.

هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند: لە ساڵی ٢٠١٣ پێدانی پارەی پترۆدۆلار بە پارێزگای سلێمانی ڕاگیراوە، لەو كاتەوە هیچ پارەیەكی پترۆدۆلار بۆ پارێزگای سلێمانی خەرج نەكراوە، خەریكی بەدواداچوونین لەسەر ڕاگرتنی و خەرجنەكردنی.

خەرجنەكردنی پارەی پترۆدۆلار بۆ پارێزگای سلێمانی لە كاتێكدایە نزیكەی ١١ ملیۆن دۆلار پارەی پترۆدۆلار لە ماوەی ئەمساڵدا بۆ پارێزگای دهۆك خەرج كراوە.

عوسمان یونس جێگری پارێزگاری دهۆك ڕایگەیاند: دوو جۆر پترۆدۆلار بۆ پارێزگای دهۆك خەرج كراوە لە لایەن حكومەتی هەرێمەوه‌، بەشێكی پەیوەستە بە ناوخۆی دهۆكەوە، كە ٧ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار بووە، بەشێكی تری بۆ ناوچە جێناكۆكەكانی سنووری ئیدارەی دهۆكە كە ٣ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دۆلار بووە.

وتیشی: لە ماوەی ڕابردوودا هەرچەندە خەرجكردنی پارەی پترۆدۆلار ڕاگیرابوو بەڵام درووستكردنی پڕۆژە لە لایەن بەڵێندەرانەوە لەسەر بودجەی پترۆدۆلار نەوەستاوە، ئێستا لەو بودجەیە پارەی بەڵێندەران دەدرێتەوە.

جگه‌ له‌وه‌ی پاره‌ی پترۆدۆلار بۆ دهۆک خه‌رج کراوه‌، واده‌ی دیاریکردنی خه‌رجکردنی پاره‌ی پترۆدۆلاری هه‌ولێریش دیاری کراوه‌ و ته‌نیا پارێزگای سلێمانی و سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیان کاتی خه‌رجکردنی ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ دیاری نه‌کراوه‌.

نافز مستەفا سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێرڕایگەیاندووە: بڕیارە لە هەفتەیەکدا پارەی پترۆدۆلار بۆ پارێزگای هەولێر خەرج بكرێت، ئەمە یەكەم وەجبەی خەرجكردنی پارەی پترۆدۆلارە كە ماوەیەكی زۆرە ڕاگیراوە.

وتیشی: پێشتر بە بڕی ١١ ملیار دینار لە بودجەی پترۆدۆلار پڕۆژە درووست كراوە لە لایەن بەڵێندەرانەوە، ئێستا پارەكەیان پێ دەدرێت، ئەم وەجبەیەی خەرج دەكرێت ٣ ملیار دینارە، دەدرێت بە بەڵێندەران.

بە پێی یاسای نەوت و گازی عێراق هەر پارێزگایەك نەوتی تێدا بەرهەم بهێنرێت پارەی پترۆدۆلاری پێ دەدرێت، بە شێوەیەك لە %٥ـی داهاتی نەوتی سنووری هەر پارێزگایەك وەكو پترۆدۆلار دەدرێت بە پارێزگاكە.

بە پێی یاسا (٣) جۆر پترۆدۆلار هەیە:

جۆری یەكەم: پاڵاوگە لە هەر شوێنێك هەبێت لە %٥ـی داهاتەكەی بۆ ئەو شوێنە دەبێت.

جۆری دووەم: غاز لە هەر شێوێنێك هەبێت %٥ـی داهاتەكەی بۆ ئەو شوێنەیە.

جۆری سێهەم: نەوت لە هەر شوێنێك هەبێت %٥ـی داهاتەكەی بۆ ئەو شوێنەیە.

غالب محه‌مه‌د سەرۆكی پێشووی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سرووشتییەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: لە ماوەی (٤) ساڵی ڕابردوودا كە حكومەت وتوویەتی پترۆدۆلار ڕاگیراوە، بەڵام بە بەردەوامی پڕۆژە لەسەر بودجەی پترۆدۆلار لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆكدا جێبەجێ كراوە، یەكێك لەو پڕۆژانە شەقامی ١٢٠ مەتریی هەولێر بووە كە ٤٥٠ ملیار دیناری تێ چووە.

وتیشی: ئەو پارەیەی بۆ پارێزگای هەولێر و دهۆك خەرج دەكرێت بە گۆترەیە و بڕی بەرهەمی وزە و سامانی سرووشتیی ئەو ناوچانە لەبەرچاو نەگیراوە، لە ماوه‌ی ڕابردوودا بە هۆی نەبوونی یاسای بودجەوە بڕی پترۆدۆلاری پارێزگاكان و شێوازی خەرجكردنیان شاراوە بووە، سنوری ئیدارەی پارێزگای سلێمانییش هه‌ر (٣) جۆره‌ پترۆدۆلاره‌که‌ شموولی ده‌کات و بۆی خه‌رج نه‌کراوه‌.

ئازاد حەمەئەمین سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: بەهۆی ئەوەی ڕێژەی بەرهەمی نەوت و داهاتەكەی ناڕوونە نازانین ڕێژەی پترۆدۆلاری سنووری پارێزگای سلێمانی چەندە، بۆیە لیژنەیەكمان دروستكردووە بۆ بەدواداچوون و زانینی بڕی بەرهەم و داهاتەكەی، هەروەها بۆ زانینی هۆكاری ڕاگرتنی پارەی پترۆدۆلاریش.