لە هەولێر خاوەنە سەرەکییەکانی دورگە گەشتیارییەکەی موسڵ دەستگیرکران

لە هەولێر خاوەنە سەرەکییەکانی دورگە گەشتیارییەکەی موسڵ دەستگیرکران

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق رایگەیاند، خاوەنە سەرەکییەکانی دورگە گەشتیارییەکەی موسڵ لە هەولێر دەستگیرکراون.

عەمید یەحیا رەسول، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندوە، بە هەمانگی لەگەڵ هێزەکانی هەرێمی کوردستاندا شانەی قەیرانەکانی نەینەوا خاوەنی سەرەکی دورگەی گەشتیاریی موسڵ-یان دەستگیرکردوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لە شاری هەولێر هەریەکە لە عەبید ئیبراهیم عەلی و کوڕەکەی بەناوی رەیان عەبید ئیبراهیم، کە خاوەنی سەرەکی دورگەی گەشتیاریی موسڵن دەستگیرکراون.

ڕۆژی ٢١ـی ٣ـی ٢٠١٩، بەلەمێک لە دوورگەی ئوم رەبیعەین لە موسڵ ژێرئاوکەوت و بەهۆیەوە زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و ٥٥ کەسی دیکەش رزگارکران، هاوکات تا ئێستا چارەنوسی ٦٠ کەسی دیکەش نادیارە.

دوای روداوەکەش عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانیکرد بە دورخستنەوەی پارێزگاری موسڵ و جێگرەکانی و هەفتەی رابردوش پەرلەمانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ لە پۆستەکانیان دوری خستنەوە.

هەروەها ڕۆژی ٢٧ـی ٣ـی ٢٠١٩ دادگاى نەینەوا بە تۆمەتى گەندەڵى و ڕوداوى ژێر ئاوکەوتنى قەیاغەکەى موسڵ بڕیارى دەستگیرکردن بۆ نەوفل عاگوب پارێزگارى پێشووى نەینەوا لە لایەن دادگاى نەینەوا بۆ دەرچوو.