قۆناغى پۆستی نێچیرڤان بارزانى و ململانێى باڵى بازەکان

قۆناغى پۆستی نێچیرڤان بارزانى و ململانێى باڵى بازەکان

پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەت، لە بەردەم چەند ئاریشە، گرفت و تێڕوانین و ململانێى جیاوازدایە کە پەیوەندى بە (پارتى و یەکێتی)یەوە هەیە بە پلەى یەکەم، دواتر گۆڕان و کۆمەڵ و هێزەکانى تر، بە تایبەتى دواى ئاڵوگۆڕ لە پۆستى سەرۆکى حکومەت و قەیرانى سەرۆککۆمار و کەیسی کەرکوک و کاراکردنەوەى سەرۆکى هەرێم، بۆیە هەرکام لە هێزەکان تێڕوانین و گرفتى خۆیان هەیە:

یەکەم: پارتى پێنج گرفت و تێڕوانینى سەرەکى هەیە بۆ پێکهاتنى حکومەت:

یەکەم: پارتى کە خۆى یەکلا کردووه‌تەوە، کە کێ سەرۆکى حکومەت دەبێت، لە نێوان نێچیرڤان بارزانى و مەسرور بارزانى، کە زۆرتر فۆکەس لەسەر کارەکتەرى دووهەم بوو، ئەم ئاڵوگۆڕەش ڕەنگە کاردانەوەى جۆراوجۆر بەدواى خۆیدا بهێنێت، بە تایبەتى کە ڕۆژى ٣/١٢/٢٠١٨، ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى پارتى بڕیارى یەکلاکەرەوەی دا، پێ دەچێت کاریگەریى لەسەر ئاڕاستەى پێکهاتن و داهاتووى کابینەکە هەبێت، کە دیوێکى پەیوەندیى ڕاستەوخۆى بە یەکێتییەوە هەیە، ئەگەرچى ئاماژەکانى پێشتر دیار بوون کە نێچیرڤان بارزانى بێزار بووە لە حکومەت و دوور دەکەوێتەوە و مەسرور بارزانى ئەو پۆستە دەبات، ئەوەى پەیوەندیى بە پارتییەوە هەبوو، پار ساڵ ئاڵوگۆڕ لە ڕێکخستنەکان و لقەکان کرا بە کۆنتڕۆڵکردنى لقەکانى هەڵەبجە و سۆران– ٢١، لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانیش لە کۆى (٤٥) کاندید (٤٣) کاندیدیان سەر بە مەسرور بارزانیین، واتا پێشتر زەمینەى کۆنتڕۆڵکردنى پەرلەمانى بۆ ساز کرابوو، کە هیچ ڕێگرییەک لە بەردەم سەرۆکى حکومەت نەبێت، ئێستا کە ئیتر هەریەکە لە ئاشتى هەورامى و کەریم سنجارى وەکو دوو پۆستى ئابوورى و ئەمنى دوور دەخرێنەوە، هێندەى تر ڕوون دەبێتەوە کە دژایەتیى نێچیرڤان بارزانى دەکرێت، بە تایبەتى کە پێ دەچێت ئەنجوومەنى ئاسایشى نیشتیمانیش بخرێتە سەر حکومەت.

ئەوەش کە پەیوەندى بە دەرەوەى پارتییەوە هەیە، لەم ئاڵوگۆڕانەدا ئەوەیە، کە دواى ڕووداوەکانى ڕیفراندۆم دوو کارەکتەرى ئەمنى سەرەکى لەناوچەى سەوز دەرکەوتن کە پارتى ئاسودە نییە لەگەڵیان (باڤێڵ تاڵەبانى و لاهور شێخ جەنگى)ین، بۆیە پێ دەچێت پارتى مەبەستى بێت مەسجێک بداتە یەکێتیى، کە ئێمەش لە بەرامبەر باڵى بازەکانى ئێوە، باڵى بازەکانى پارتى دێینە پێشەوە، بۆیە گەر یەکێتیى ئەم نەخشەیەى بۆ ثابت بوو، واباشە بیر لە ئەڵتەرناتیڤێکى تر بکاتەوە لە حکومەت، بەمەش هاوکێشەکە ڕاست دەبێتەوە، بەڵام ڕەهەندێکى ترى ئەم ئاڵوگۆڕانەى پارتى ڕاستەوخۆ پەیوەندى بە ململانێى نێچیرڤان بارزانى و مەسرور بارزانییەوە هەیە و لەناو حزبەکەشدا مەیلێک هەیە بۆ پشتیوانى لەم ئاڵوگۆڕانە بە قازانجى مەسرور بارزانى، بەڵام واقیعییەتێک هەیە ئەوەیە کە نەیارەکانى پارتى نابێت وابزانن ئەم ململانێیى ئامۆزاکان لەم دەورەیەدا دەبێتە کێشە و گرفتى گەورەى ئینشقاق، بەڵکو ئەم ئەگەرە تەنها لە غیابی بارزانییدا شیمانەى هەیە و تا چەند ئاڵوگۆڕى تر کێشەکان بە ساردى دەچنە پێش، ئەگەرچى بارزانى دەیەوێت ئەزموون لە مردنى خوالێخۆشبوان مام جەلال و نەوشیروان مستەفا وەربگرێت، کە پێش مردنى خۆى کەسێک بۆ شوێنى خۆى دابنێت، ئەگەرچى لە ڕابردوودا نێچیرڤان بارزانى واناسرا بوو کە کارەکتەرێکى نەرم و نیان و خۆگونجێنە و کارکردن لەگەڵیدا ئاسانە، لە کاتێکدا مەسرور بارزانى توند و ئەمنییە و کارکردن لەگەڵیدا پڕیەتى لە گرێ و گۆڵ، بەڵام پێ دەچێت ئەم کارەکتەرە تازەیەش، گەر تاکتیکیش بێت وا مامەڵە بکات و بگرە نەرمتر بێت بۆ جێ پێ قایمکردنى خۆی و سەرکەوتنى لەو پۆستەدا و ئەزموون لە هەڵەکانى محەمەد بن سەلمانى سعودیش وەربگرێت کە توندڕەوییەکەى گەیاندى بە کوێ، بە تایبەتى لە کەیسی خاشقچیدا، بۆیە ڕەنگە هەوڵبدات ئیدارەى کێشەکان بکات لەگەڵ یەکێتیى، سازش لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووش بکات و پارەى نەوتیش بەکاربێنێت بۆ خزمەتى ئەجێنداکەى و دووریش نییە کەیسی ئاشتى هەورامى و نەوت بهوروژێنێت و ڕابردووى ئەم کەیسە تەموومژاوییە لە ملى خۆى دابماڵێت، لە ئێستاشەوە لەگەڵ عێراق ڕێککەوتون کە نەوتى هەرێم ڕادەست بکەن و پاشەکەوتى موچە چاک بکات و دوور نییە قەرزى فەرمانبەرانیش بداتەوە، وا بڕیارە لەگەڵ پێکهاتنى حکومەتى هەرێم (وەزارەتێک دابمەزرێنێت بۆ پەیوەندییەکانى هەرێم و بەغدا کە پارتى دەبێت) ئەمەش بە دوو نیاز:

یەکەم: بۆ باشترکردنى پەیوەندییەکانى پارتى یان هەرێم و بەغداد کە سەرەتاکانى دەرکەوتووە و پارتى بەڵێنى داوە کە هەموو کێشەکان لەگەڵ عێراق چارەسەر دەکات.

دووەم: بۆ فەرامۆشکردنى سەرۆککۆمار و مامەڵەنەکردنە لەگەڵیدا بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ، واتا ئەم وەزارەتە پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و بەغدا، بە واتایەکى تر پەیوەندییەکانى (مەسرور بارزانى – عادل عەبدولمەهدى) ڕێکدەخات، سەرەڕاى ئەوەى پارتى بڕیاریداوە پشت لە واشنتۆن و ڕوو لە تاران بکات و دانیشتنە زۆرەکانى ئەم دواییەى مەسعود بارزانى و قاسم سولەیمانى ئاماژەیە بۆ تەندروستکردنەوەى پەیوەندییەکانى پارتى و هەرێم لەگەڵ عێراق و ئێران.

واتا دانانى مەسرور بارزانى ناکرێت وەکو ئاڵوگۆڕێکى سادە یان ئاڵوگۆڕێکى دیموکراسی سەیر بکرێت، بەڵکو دەکرێت ڕەهەند و باکگراوەندى زۆر بە دواى خۆییدا بهێنێت، کە هیواخوازین باشتر بێت لەو بۆچوونە نێگەتیڤانەى کە چاوەڕوانى کێشە و گرفت و ململانێى سەخت و حکومەتى ئەمنى دەکەن، ئەگەرچى بۆچوونێک دروستبووە، کە زۆرتر پارتى بانگەشەى بۆ دەکات کە ئەم ئاڵوگۆڕانە لادانى نێچیرڤان و بەهێزکردنى مەسرورە، بەڵام لە واقیعدا نێچیرڤان بارزانى بە خواستى خۆى لە حکومەت دوور کەوتۆتەوە، بە هۆکارى ڕێگریکردن و گرفت دروستکردن، نەچوونە پێشى بەرنامەکانى و دەخالەتکردن لە ئەجێنداکەی، گوێ نەگرتن لە ڕاو نەزەر و بۆچوونەکانى لە پەیوەست بە پەیوەندى پارتى و یەکێتیى بە تایبەتى بۆ دەست هەڵگرتن لە ململانێى و چارەسەرى کێشەکان، پەیوەندى پارتى بە حزبەکانى تر، پەیوەندى حکومەت و پارتى لەگەڵ ئەنکەرە و تاران و بەغدا، کە زۆرجار تێڕوانینى نێچیرڤان دبلۆماسی و مەنتقى بووە بۆ حەل و چارەسەرى کێشەکان، نەک ئەو مامەڵەیەى دەکرا و گوتارى توند و ڕادیکاڵ و هێرشکردن لە پەیوەست بە عێراقەوە، نێچیرڤان ئەگەرچى زۆرجار لە پرێس کۆنفرانسەکاندا هێرشی دەکردە سەر عێراق و حکومەتى عەبادى، بەڵام لە واقیعدا هەمیشە لەگەڵ مامەڵە و دیالۆگ و گوتارى ئارام بووە و زۆرتر فشارى پارتى لەسەر بووە و تەنانەت لە پرسی ڕیفراندۆمدا ئەو بۆچوونێکى تەواو جیاوازى هەبوو لە پارتى، بەڵام دژایەتى ڕانەگەیاند لەگەڵ پرسەکەدا، وەکو چۆن یەکێتیى پێى باش نەبوو، بەڵام لەگەڵ ڕەوتەکە ڕۆیشت و دژ نەبوو، لە سەرووى ئەوانەوە نێچیرڤان بە دەوڵەتمەدار ناسراوە و پەیوەندى لەگەڵ زۆربەى حزبەکان ئارام و دۆستانە بووە و دبلۆماسییانە مامەڵەى تەندروستى کردووە و وەکو دەڵێن دەست ئاوەڵا و میهرەبان بووە لە هاوکارى حزبەکان و وەزیرەکان لە دوایین کۆبوونەوەى باڵاى بارزانییەکان، نێچیرڤان هەموو ئەو گلەییانەى بە بارزانى و مەسرور بارزانى وتووە.

ئەوەش ڕوونە کە حکومەت ڕابردووى نێچیرڤان بارزانى و قوباد تاڵەبانى لە سەردەمێکدا بوون کە توشی قەیرانێکى گەورەى ئابوورى بووە و لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاوى باشی نا، لە کاتێکدا لە ئاستى ناوخۆ (گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ) بە ڕۆژ لەگەڵ حکومەت و شەویش ئۆپۆزسیۆن و جوێن بارانیان دەکردن، لەگەڵ عێراق کێشە و ئاریشەى زۆرى هەبوو.

دواجار دەبێت ئەوەش بزانین کە حکومەت گەر دەستکەوتى هەبوو بێت زۆرجار حزب بردوویەتى بۆ خۆی و شکستەکانیشی خستۆتە ئەستۆى حکومەت و دامەزراوەکانى، کەم جاریش هەر لەلایەن حزبەکەى خۆیەوە لەلایەن لق و ناوچەوە کێشە و گرفتى کەمى بۆ دروست نەکراوە.

واتا ئاڵوگۆڕى نێچیرڤان بە پێچەوانەوە ئەو تەفسیرەى بۆ دەکرێت، وازهێنانى خۆى بووە و بە ڕەغبەتى خۆى تا ڕێگا بدات کەسێکى تر لەو باشتر کابینەکە بەڕێوەبەرێت.

دووەم: خیلاف و دوو بۆچوونى مەسعود بارزانى و نێچیرڤان بارزانى، لەسەر بەشدارى لایەنە سیاسییەکان (هەرچى کارەکتەرى یەکەمە. پێى باشبوو گۆڕان بەشدار بێت، بەڵام سەرۆکى حکومەتى پێشوو ڕازی نەبوو لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵ کاربکات)، ڕەنگە هەر ئەوەش وایکردبێت نێچیرڤان بارزانى ئامادە نەبێت سەرۆکایەتى حکومەت بکات و پاشەکشە بکات. مەسرور بارزانى لەمبارەیەوە ئەجێنداى باوکى پێ باشترە، (بەڵام بۆچوونەکەى نێچیرڤان بارزانى دروستە لەسەر ئەوەى کە گۆڕان و کۆمەڵ، بە ڕۆژ لەگەڵ حکومەت و بە شەو لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنن، بەردەوام دژى حکومەت بوون)، کە وادیارە ئەمجارە ئەم مەرجەش بەسەر ئەو دوو هێزەدا دەسەپێندرێت گەر لە کۆتاییدا بەشداربوون، کە نابێت ئەنتى حکومەت بن.

سێیەم: پارتى دەیەوێت سەرۆکایەتى هەرێم زیندوو بکاتەوە، لەگەڵ سەرۆکى حکومەت و وەزارەتەکان بیکاتە پاکێجێک (ئەمەش دواى ئەوە دێت کە لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق، کاندیداتۆرەکەى ى.ن.ک سەرکەوت، سەد و بیست ملیۆن دۆلارى چەکى بانکى پارتى (بۆ ئاڵوگۆڕکردنى بەرهەم سالح بە فوئاد حوسێن نەیتوانى ئەو ململانێیە بە قازانجى پارتى تەواو بکات) و کارەکتەرەکەى یەکێتیش، پاڤێڵ تاڵەبانى، پرسەکەى بە قازانجى د. بەرهەم یەکلاکردەوە.

سەبارەت بە سەرۆکى هەرێم بۆ ئەم کەیسە مەسعود بارزانى شوێنەکەى خۆى جێدەهێڵێت بۆ نێچیرڤان و جێگرەکەشی کاندیدێکى یەکێتیى دەبێت، بەڵام هێشتا ساغ نەبۆتەوە کە ئایا پارتى ڕەزامەندە بە کاراکردنەوەى سەرۆکى هەرێم، بەڵام دەسەڵاتەکانى پەرلەمانى بن یان سەرۆکایەتى کە زۆرتر مەیلى بەلاى فۆڕمى دووهەمەوەیە.

قورسیشە نێچیرڤان بارزانى لە سەرۆکایەتى هەرێم سەرکەوتوو بێت، چونکە ئەو ناتوانێت ڕۆڵى مەسعود بارزانى بگێڕێت و ئەو کارێزمایەى ئەوى نییە و دووهەمیش ڕەنگە گرفتى زۆرى بۆ بێتە پێش، کە لە سەردەمى بارزانییدا هیچ کەس نەیدەتوانى ئەو کارە بکات، ئەمەش ڕێک ئەو هەلوومەرجەیە کە بۆ فوئاد مەعسوم هاتە پێش لە سەرۆککۆمارى عێراقدا، چونکە نەیتوانى ڕۆڵى کارێزمایى مام جەلال بگێڕێت دواى ئەو، لە لایەکى تریشەوە زۆرجار حزبەکەى خۆى ڕێگرى بوون لە دروستکردنى کێشە و بە گوێیان نەدەکرد.

چوارەم: تا ئەو ساتەش پارتى کەیسی سەرۆککۆمار و پارێزگارى کەرکوکى وابەستە کردووە بە حکومەتى هەرێمەوە، نەیتوانیوە ئەم ڕیتمە تێپەڕێنێت و فەرامۆشی بکات، هەر بۆیە گەر بەم شکڵە بەردەوام بێت، دوور نییە یەکێتیى هەڵوێستى توندى هەبێت، سەبارەت بە کەیسی سەرۆککۆمار پارتى چەندینجار ئەوەى بە عادل عەبدولمهدى ڕاگەیاندووە گەر وەزارەتى داد، بدرێتە ى.ن.ک ئەوان لە پرۆسەى سیاسی عێراق دەکشێنەوە و لە دواین هەوڵیشدا بە میانگیرى ئێرانییەکان و ئەمەریکییەکان لە ڕێگاى فالح فەیازز و ئەبو مةهدي مهندس لەگەڵ بارزانى کە لە نەمسا بوون، سەرکەتوو نەبوون و بارزانى پێى ڕاگەیاندون کە سەیرە هەمووتان داکۆکى لە ى.ن.ک دەکەن.

لە کەیسی پارێزگارى کەرکوکیش پارتى ئامادە نییە ئەندامانى ئەنجوومەنى برایەتى لیستەکەى خۆى بنێرێتە کەرکوک بە بیانووى داگیرکردنى بۆ ئەو شارە، بۆ ئەوەى ڕزگار عەلى کاندیدەکەى یەکێتیى نەبێتە پارێزگار، بەڵام لە ژێرەوە لەگەڵ عەرەب و تورکمانەکان دانوستان دەکات، چۆن ئەو پۆستە بۆ یەکێتیى نەبێت، ئەوە لە کاتێکدا پارتى لە هەولێر باس لە ئیستحقاقى هەڵبژاردن دەکات بۆ پۆستەکان، بەڵام لە کەرکوک باسی پێوەرى نیشتیمانى و ئیحتلال دەکات، بەڵام بە نەتیجە یەکێتیى پارێزگارەکەى خۆى دادەنێت بە تایبەتى دواى ئاسایی کردنەوەى پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا.

پێنجەم: گرفتێکى ترى پارتى ئەو نەغمە مەترسیدارەیە کە قسەى پێدەکات و گوتارى پێدەدات کە گوایە پارتى (کە زۆرینەى پەرلەمانییە) ئیتر لەگەڵ یەکێتیى و گۆڕان و کۆمەڵ شەریک نییە، بەڵکو بەشدارن.

ئەوە ڕاستە کە پارتى زۆرینەى کورسییەکانى بردۆتەوە، بەڵام ئەوە نازانێت کە هێشتا کوردستان مەحکومە بە دوو مۆدێلى حکومڕانى دوو هێزى باڵادەست و دوو جوگرافیا و دوو سیستمى دیموکراسی جیاوازە و گەر وابێت دەچنەوە سەر قسەکەى مەلا بەختیار و کە وتى: یەکێتیى بە یەک کورسیش بێت هەر یەکێتییە، بۆیە گەر پارتى لەسەر ئەو ڕیتمى هەڕەشەکردنەى باسی زۆرینە دەکات، حکومەت ناتوانێت لە دوو ساڵ زیاتر بەردەوام بێت و شکست دەهێنێت.