عەبادی زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات ، ڕێگربووە لە داگیرکردنی هەرێم لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە

عەبادی زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات ، ڕێگربووە لە داگیرکردنی هەرێم لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ڕایگەیاند، تورکیا و ئێران لەکاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستاندا داوایانکردووە هێزەکانیان بهێننە ناو هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام ڕازی نەبووم.

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق لە بەرنامەی لە دەرەوەی سنور (خاریج الحدود)ـی کەناڵی ئێن ئاڕ تی عەرەبیدا، ئاشکرایکرد، بەر لە ڕیفراندۆمەکە و لەکاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستاندا، هەریەکە لە تورکیا و ئێران داوایانکردووە، هێز بهێننە ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە و ڕێگری بکەن لە ئەنجامدانی ئەو ڕیفراندۆمە، بەڵام ئەوان ڕێگرییان لێ کردوون.

لەوبارەیەوە عەبادی وتی، "تورکیا و ئێران داوایان لێکردووم ڕێگەیان بدەم هێز بهێننە هەرێمی کوردستان و هەرێم دابەشبکەن، وتوویانە بابەتی ڕیفراندۆم شتێکی مەترسیدارە بۆیان و پێیانوابووە ئەوە کێشەیەکی عێراقی نییە."

ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەوەی لەسەرم پێویستبووە ڕۆڵێکی نیشتیمانپەروەرییانەی ڕاستەقینە بووە، چونکە من نامەوێت وڵاتەکە دابەشبکرێت، ئەوە ئەرکی من بووە کە جێبەجێم کردووە، ڕێگەم گرتووە لەوەی خوێنی عێراقی بڕژێت،" بۆ ئەو بابەتەش تەحەدای لێپرسراوانی هەرێمی کرد.

سەبارەت بە ڕووداوەکانی دوزخوورماتووش عەبادی وتی، "شاری دووز لەژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکان بووە، ئەوان ڕووبەڕووی مەترسی و خوێنڕشتنیان کردووە لەکاتی کشانەوەیان و بە شێوازی لێدانیان لە هاوڵاتییانی مەدەنی، بەڵام دواتر هێزە عێراقییەکانمان ڕەوانەکرد و ئاسایش و ئارامیمان بە تەواوی تیا بەرقەرار کرد و، هاوڵاتییان دەستیانکرد بە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان."

سەبارەت بە شاری کەرکوکیش عەبادی وتی، "لە کەرکوک و دەوروبەری بە هیچ شێوەیەک خوێن نەڕژاوە، ئەوانەی ئەو هەواڵانە بڵاودەکەنەوە، تۆمەت دروستدەکەن و بابەتەکە گەورە دەکەن، کە ڕاست نییە."

ئەو وتانەی حەیدەر عەبادی لەکاتێکدایە، بەر لە پێداگرییەکانی بارزانی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، چەندین وڵاتی جیهان و هەرێمایەتی داوایانکرد ڕیفراندۆم ئەنجام نەدرێت، چونکە داهاتووی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە.

ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەر یەکێکبوو لە دەرئەنجامەکانی ڕیفراندۆم، کە بەهۆیەوە ٪٥١ـی خاکی هەرێمی کوردستان لەدەستدرا و هێزەکانی پێشمەرگە پاشەکشەیان لێ کرد.