عه‌لی باپیر سێ مه‌رج بۆ به‌شداریكردن له‌ حكومه‌تی نوێی هه‌رێم داده‌نێت

عه‌لی باپیر سێ مه‌رج بۆ به‌شداریكردن له‌ حكومه‌تی نوێی هه‌رێم داده‌نێت

ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی سێ مەرج دادەنێت بۆ بەشداریکردنیان لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەڵێت، پارتی سەلامێکیان لێبکات بە چاکتر وەڵامیان دەدەنەوە، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی كه‌ پارتی هێشتا رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی ئیسلامی بۆ به‌شداریكردنیان له‌ حكومه‌ت نه‌كردووه‌.

عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی لە دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئاسمانی رووداو لە پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێبی هەولێر سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند: "بەگشتی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەداخەوە زۆر دواکەوت و نەدەبوو ئەوەندەی پێبچێت، پارتی و یەکێتی کە تا ئێستا ئەم وڵاتەیان بەڕێوەبردووە نیشانەی پرسیار دەکەوێتە سەریان و خەڵک ئەم دۆخەی پێناخۆشە".

عەلی باپیر لەبارەی بەشداریکردنیان لە کابینەی نوێ و گفتوگۆکانیان لەگەڵ پارتی وتی: "برادەرانی پارتی چەندجارێک هاتنە لامان، بەڵام وەکو شاندی سیاسی هاتن نەک شاندی پێکهێنانی حکومەت، نەچووینە گفتوگۆ لەوبارەیەوە".

وتیشی: "ئومێدمانوایە ئەوان سەلامێکی گەرم بکەن کە بەدڵنیاییەوە ئێمەش وەڵامێکی گەرم دەدەینەوە، ئێمە تا ئێستا رامان نەگەیاندووە کە بەشداریی کابینەی نوێ نابین بەڵام بەشداربوونەکەمان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تا چ رادەیەک پارتی لێمان دێتە پێش لە دوو سێ رووەوە".

راشیگه‌یاند: "یەکەم: بەرنامەکەمان تا چ رادەیەک بەدڵە، دووەم: تا چ رادەیەک بیروبۆچوونەکانی ئێمە وەردەگیرێن و پێگەی خۆمان چۆن دەبینین لەو حکومەتەدا، سێیەم: خوڵککردنەکەی پارتی کە ئەو خاوەنی پرسی پێکهێنانی کابینەکەیە چۆن دەبێت و سەلام عەلەیکەکەی کاک فازڵ ئینشائەڵڵا گەرموگوڕ دەبێت، وه‌ك ئایه‌ته‌كه‌ ده‌فه‌رموێت (ئەگەر سەلامتان لێکرا بە چاکتر وەڵامی بدەرەوە) بەدڵنیاییەوە ئێمە هەروا لەخۆمان دەوەشێنینەوە".

ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی ئه‌وه‌شی وت: "لەگەڵ بەرپرسانی پارتیش ئەو قسەیەمان کردووە کە ئێمە بەشداربین لە کابینەی نوێ یان بەشدار نەبین پێمان باشە باشترین حکومەت و پەرلەمانمان هەبێت".