سروە عەبدولواحید زیاتر لەدوو ساڵە ناوێرێت بچێتە هەولێر

سروە عەبدولواحید زیاتر لەدوو ساڵە ناوێرێت بچێتە هەولێر

سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق زیاتر لەدوو ساڵە ناوێرێت بچێتە شاری هەولێرەوە، وەك ئەوەی خۆی لەچاوپێكەوتنێك رایگەیاندووە.

سروە عەبدولواحید لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی رایگەیاندووە، بەهۆی ئەو هەڕەشانەی لەسەرییەتی، بۆیە دوو ساڵە نەچووەتە هەولێرەو لەئێستاشدا بەرنامەی نییە بۆ چوونە ئەو شارە.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق راشیگەیاند، لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەولێر راستەوخۆ هەڕەشەی لێكراوە، بۆیە هیچ گرەنتییەك نییە بۆ چوونە هەولێر و جەختیكردووەتەوە مەترسی لەسەر ژیانی هەیە.

سروە باسی لەوەش كردووە، ترسی هەیە، وەك جەمال خاشقچی رۆژنامەنووسی سعودی، لەهەولێر دەستگیربكرێت‌و دواتر بیكوژن، كە ئەو رۆژنامەنووسە ساڵی رابردوو لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەی لەباڵوێزخانەی سعودییە لەئەستەنبوڵ كوژرا.

سروە عەبدولواحید چەند جارێك لەچاوپێكەوتنی تەلەفزیۆنی رەخنەی لەدەسەڵاتی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات‌و دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان كرد، بەو هۆیەشەوە ناڕازایی لەدژی دەربڕاو خۆپیشاندانی گەورەی لەدژ بەرێوەبرا.