رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ چەندین کاری قێزەونی ئاسایشی هەولێر ئاشكرا دەكات

رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ چەندین کاری قێزەونی ئاسایشی هەولێر ئاشكرا دەكات

رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ "هیومان رایتس وۆچ" هێزەكانی ئاسایشی هەولێر تۆمەتبار دەكات بە ئەشكەنجەدانی مێرمنداڵان بۆ داننان بەوەی لەگەڵ رێكخراوی تیرۆریستی داعش كاریان كردووە.

رێكخراوەكە رایگەیاند كە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ چاوپێكەوتنی لەگەڵ ٢٠ مێرمنداڵی تەمەنی ١٤-١٧ ساڵیدا ئەنجامداوە كە بە تۆمەتی ئەندامێتییان لە رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە هەولێر زیندانیكراون، هەروەها سێ مێرمنداڵیش كە بەومدواییە ئازاد كراون و جەختیكردەوە لەوەی هێزەكانی ئاسایش ئەشكەنجەی داون.

روونیشیكردە كە ٦٣ مێرمنداڵ بە تۆمەتی تیرۆر لە گرتووخانەیەكی چاكسازی شاری هەولێر زیندانیكراون و٤٣یان تۆمەتەكانیان بەسەردا ساغكراوەتەوە.

یەكێك لە مێرمنداڵەكان كە تەمەنی ١٦ ساڵە بە رێكخراوەكەی راگەیاندووە، ئاسایشی هەولێر لەكاتی لێكۆڵینەوەدا بە بۆری پلاستیك و كێبڵی كارەبا و دار ئەشكەنجەیان داون.

سێ مێرمنداڵی دیكەش رایانگەیاندووە، كارەبایان لێدراوە و ئەوانی دیكەش باسیان لەوە كردووە كە بۆ ماوەی دوو كاتژمێر دەستیان لە شێوەی دووپشك لە پشتەوە بەستراوەتەوە. زۆربەشیان جەختیانكردووتەوە لەوەی ئەشكەنجەدانیان چەند رۆژێك بەردەوام بووە تا ئەو كاتەی ناچاری دانپێدانانیان كردوون.

رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ ئەوە دەخاتەڕوو كە ئەندامانی ئاسایشی هەولێر لە ساڵانی نێوان ٢٠١٧ و ٢٠١٨ مێرمنداڵەكانیان ئەشكەنجە داوە و زۆربەشیان نەیانتوانیوە پارێزەر بگرن یاخود تەنانەت ئەو دانپێدانانەش بخوێننەوە كە ئاسایشی هەولێر بۆیانی نووسیوە، لەگەڵ ئەوەشدا مێرمنداڵەكانی ناچاركردووە ئیمزای بكەن.

چوار منداڵی دیكەش بە هیومان رایتس وۆچیان راگەیاندووە كە لە كاتی لێكۆڵینەوەكاندا ئاسایشی هەولێر هەڕەشەی ئەشكەنجەدانیان لێكردوون. مێرمنداڵێكی دیكەش كە تەمەنی ١٧ ساڵە دەڵێت: لێكۆڵەرەكە پێگوتم ئەگەر راستییەكان نەڵێیت ئەوا ئەو گەنجانەی (ئاسایش) بانگ دەكەم لێتبدەن و ئێسكەكانت بشكێنن".

رێكخراوەكە ئاشكراشی دەكات كە زۆربەی مێرمنداڵەكان بەناچاری دانیان ناوە بە تاوانی ئەندامێتییان لەداعش تەنیا لەبەرئەوەی ئەشكەنجەدانیان رابگیرێت و بەشێكی زۆریشیان وتوویانە، درۆیان كردووە بۆ ئەوەی چیتر ئەشكەنجە نەدرێن.

یەكێك لە مێرمنداڵەكانیش كە تەمەنی ١٦ ساڵە بە رێكخراوەكەی راگەیاند "لە دانپێدانانەكەمدا دەڵێم بۆ ماوەی ١٦ رۆژ چوومەتە نێو داعشەوە، بەڵام لە راستیدا هەرگیز نەچوومەتە نێو داعشەوە، بۆیە وتم ١٦ رۆژ تەنیا لەبەرئەوەی ئەشكەنجەدانم رابگرن".

یەكێكی دیكەشیان كە تەمەنی ١٤ ساڵە دەڵێت: "سەرەتا پێیان وتم دەبێت دانبنێیت بەوەی ئەندامی داعشیت و رازی بووم. پاشان پێیانوم بۆ ماوەی ٣ مانگ كارت بۆ داعش كردووە، پێمگوتن من بەشێك نەبووم لە داعش، بەڵام وتیان نەخێر، دەبێت وا بڵێیت". مێرمنداڵەكە دەڵێت: دوای دوو كاتژمێر لە ئەشكەنجەدان بەو داواكارییەشیان رازی بووە.

سەمیر كە ناوی خوازراوی مێرمنداڵێكە كە ساڵی ٢٠١٧ لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا لە بازگەیەك دەستگیركرا، بەم شێوەیە باسی ئەشكەنجەدانەكانی ئاسایشی هەولێری كردووە:

سێ ئەندامی ئاسایش دەستیان لە پشتەوە بەستمەوە، یەكێكیان لەسەرەوەو ئەوەی دیكەشیان لە خوارەوە. بە دارێك لێاندام و  ٥بۆ١٠جاریش كارەبایان لێدام. وایەرەكانیان لەسەر شانم و گەدەم داناو لە كاتی كارەبا لێدانەكەدا، بە داریش لێیان دەدام. سێ رۆژ لەسەریەك بەمشیوەیە بەردەوام بوون. چەندین كاتژمێر لە ژوورەكەدا منیان هێشتەوە و خۆشیان دەهاتن و دەڕۆشتن و پشوویان دەدا. لە رۆژی سێیەمدا ئیعترافم كرد. پێیان وتم دەبێت دانبنێیت بەوەی ماوەی دوو مانگ ئەندامی داعش بووم. منیش دانمپێدانا. بەڵام هەمووی درۆ بوو. چونكە هەرگیز نەچوومەتە نێو داعشەوە".

لایخۆشیەوە جۆ بەیكەر بەڕێوەبەری پشتیوانی لە بەشی مافەكانی منداڵانی رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ رایگەیاند، "سەرباری تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر بەڵێنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ لێكۆڵینەوە لە ئەشكەنجەدانی منداڵە زیندانیكراوەكان، بەڵام هێشتا ئەشكەنجەدانەكان لە ئاستێكی نیگەرانكەردا بەردەوامن. پێویستە دەسەڵاتی كوردی دەستبەجێ كۆتایی بە ئەشكەنجەدانی منداڵان بهێنێت و لێپرسینەوەش لەوانە بكات كە بەرپرس بوون" لەو كارانە.