دەنگە ناڕازییەکانی ناو پارتی بۆ کاندیدکردنی مەسرور بارزانی  بێدەنگیان هەڵبژارد

دەنگە ناڕازییەکانی ناو پارتی بۆ کاندیدکردنی مەسرور بارزانی  بێدەنگیان هەڵبژارد

بەرلەوەی مەسرور بارزانی بە فەرمی لەلایەن پارتیەوە کاندید بکرێت بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت چەند کەسێک لەسەرکردایەتی پارتی ناڕەزایەتیان لەو بۆچوونە دەربڕی، بەڵام هەرزوو لەلایەن پارتیەوە بێدەنگ کران و تا ئەوکاتەی بەفەرمی مەسرووربارزانی دیاری کرا بەناوی سەردانەوە نێردران بۆ ئەوروپا.

بەشێکی زۆر لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی لەگەڵ پێشنیاری کاندیدکردنی مەسرور بارزانی نەبوون بۆ ئەو پۆستە، لە چاوپێکەوتنێکی سەرەتای ئەم مانگەی تەلەفزیۆنی رووداودا فازل میرانی سکرتێری گشتی رای خۆی نەشاردەوە کە ئەو لەگەڵ کاندیدکردنی نێچیرڤان بارزانیدایە، بەلام ماوەیەکی کەم دوای ئەو چاوپێکەوتنە ناوبراو چۆتە دەرەوەی وڵات و نەگەڕاوەتەوە و، رۆژی ٣ـی کانونی یەکەمیش هیچ گفتوگۆیەک و ناڕەزایەتییەک لەسەر کاندیدکردنی مەسرور بارزانی نەبووە و ئەندامانی ناڕازی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی هەڵوێستی بێدەنگیان هەڵبژارد.

دوای کۆبوونەوەی رۆژی ٣ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ سەرکردایەتی پارتی، مەحمود ئەحمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد کە مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت و نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم کاندیدکراون، بەبێ چوونە نێو هیچ وەردەکاریەکی ترەوە لەسەر چۆنێتی کاندیدکردنی ئەو کەسایەتییەی پارتی بۆ ئەو دوو پۆستە.