دوو مەتر ماوە بۆ سەرڕێژبوونی بەنداوی دەربەندیخان

دوو مەتر ماوە بۆ سەرڕێژبوونی بەنداوی دەربەندیخان

دوای سەرڕێژبوونی بەنداوی دووکان، بەنداوی دەربەندیخانیش تەنیا دوو مەتری ماوە سەرڕێژ بکات.

رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەنداوی دەربەندیخان دوو مەتری ماوە بۆ ئەو ئاستەی دەمانەوێت پێیبگەین، بەڵام دەرگاکانی سەرڕێژمان کردووەتەوە و ٧٥٠ مەتر سێجا لە چرکەیەک ئاو دەردەچێت".

ڕۆژی ٢ـی ٤ـی ٢٠١٩، بۆ دووەمجار لە مێژووی دروستکردنی بەنداوی دووکاندا، جارێکی دیکە بەنداوی دووکان سەرڕێژی کرد.

بەردانەوەی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان کاریگەری لەسەر ناوچەکانی قەزای کەلار دەبێت. قایمقامی کەلار دەڵێت، لە حاڵەتی بەرزبوونەوەی ئاوەکە مەترسی لەسەر چەند ماڵێكی کەناراوەکانی رووباری سیروان دروست دەبێت.

شەهاب ئەحمەد، قایمقامی کەلار رایگەیاند "بەنداوی دەربەندیخان کە لەسەر رووباری سیروان دروستکراوە، لەکاتی بەردانەوەیدا کاریگەری لەسەر ئاوی سیروان دەبێت. رووباری سیروانیش ئەگەر ئاوەکەی زیاتر بێت کاریگەری لەسەر گەڕەکەکانی گازینۆ و حەمەی کەریم و شارەوانی لە رۆژهەڵاتی قەزای کەلار دروستدەکات. چاوەڕواندەکرێت لە چەند کاژێری داهاتوو بەرزبوونەوەی ئاوەکە بگاتە کەلار".

رووباری سیروان لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس لە رۆژھەڵاتی کوردستانەوە لە نزیک شاری سنەوە ھەڵدەقوڵێت، لە نێوان ھەورامانەوە دێتە باشووری کوردستان.

سیروان درێژییەکەی لە ھەردوو دوو دیوی کوردستان و عێراقدا دەگاتە ٤٤٥ کم. چەندین شار دەکەونە سەری لەوانە دەربەندیخان، کەلار، بەعقوبە. دوو بەنداوی لەسەر دروستکراوە کە بەو ھۆیەشەوە دوو دەریاچەی دروستکردووە کە دەریاچەی دەربەندیخان و دەریاچەی حەمرینن.