جموجۆڵەكانی کوڕە گەورەکەی نێچیرڤان بارزانی مەسرور بارزانی نیگەران دەكات

جموجۆڵەكانی کوڕە گەورەکەی نێچیرڤان بارزانی مەسرور بارزانی نیگەران دەكات

چیرۆكی ململانێی دەسەڵات، لەنێو بنەماڵە حوكمڕانەكان لەسەر ئاستی جیهان پڕیەتی لەرووداو گەلی نەخوازراو. ململانێ لەپێناو وەرگرتنی دەسەڵات لەنێو بنەماڵە فەرمان رەواكان گەیشتۆتە ئاستی كوشتن و لەناو بردن بەشێوازی جۆراو جۆر.

تەواوی ئەو كوشتار و ململانێیانە لەنێوان ئەو خانەوادانە زیاتر لەنێو ئەو ئەندامانەی بنەماڵەیە كە پەیوەندی خوێنی نزیكیان لەگەڵ یەكتر هەیە، مێژووی كورد بەدەر نییە لەململانێی بنەماڵە حوكمرانەكان و لەمێژووی دوور و نزیكدا چەندین نمونە هەن.

لەئێستادا بنەماڵەی بارزانی، كە رابەرایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن و لەسەرەتای شۆڕشی ئەیلولەوە تا چركە ساتی ئەمڕۆ ململانێ لەنێو ئەو بنەماڵەیە هەبووە.

سەرەتای ئەو ململانێییە لەكورەكانی مەلا مستەفای بارزانەوە دەست پێ دەكات و لەئێستادا قۆناغی ململانێی ئەو بنەماڵەیە خەریكە سەر دەكێشێت بۆ جیلی سێیەمی ئەو بنەماڵەیە كە جیلی یەكەمی ئەو ململانێیە لەكورەكانی مەلا مستەفاوە دەست پێی دەكات و بەجیلی سێیەم كۆتایی دێت كە بەنەوەی كورەكانی مەلا مستەفا دەوترێت جیلی سێیەمی بنەماڵەی بارزانی.

ئیدریس نێچیرڤان بارزانی ئێستا لە میوانخانەكەی باوكی لەهەولێر نوسینگەیەكی تایبەت بەخۆی كردۆتەوەو لەو نوسینگەیە هەم كارەكانی گروپی كۆمپانیاكانی صەلاحەددین هەم كارەكانی دەزگای روانگە رایی دەكات و لەلایەكی دیكە رۆژانە خەڵكی جیاواز دەبینێت

ئیدریس نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی. كورە گەورەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمە،لەدایكییەوە نەوەی مەسعود بارزانی و لەباوكییەوە نەوەی ئیدریس بارزانی براگەورەی مەسعود بارزانییە.

دەركەوتن و چالاكییەكانی ئیدریس نێچیرڤان كە نازناوی میری بۆ خۆی هەڵبژاردووەو هاوڕێ نزیكەكانی بەمیری بارزانییەكان بانگی دەكەن، نیگەرانی لەنێو بەشێك لەخانەوەدای بارزانی دروستكردووە. نێچیرڤان بارزانی كەخۆی بەمیراتگری ئیدریسی باوكی دەزانێت و لەرووی عورفی كۆمەڵایەتییەوە برا گەورە دەمراستی خانەوادەیە، بەڵام لەنێو بنەماڵەی بارزانی ئەوە رەچاو نەكراوەو مەسعود بارزانی كە برا بچووكی ئیدریس بارزانی بوو رۆڵی براگەورەی بنەماڵەی بارزانی دەگێڕێت.

هەموو هەوڵەكانی نێچیرڤان بەئاراستەی گێرانەوەی ئەو دەسەڵاتەی باوكییەتی بۆ خۆی و لەدوای خۆیشی بۆ ئیدریسی كوڕی، نێچیرڤان بارزانی، بەبەرنامەو پلانێكی تۆكمە و گرنگی بەكورە گەورەكەی دەدات و بەپێی بەرنامەو پلانی خۆی و لەكات و ساتی خۆیدا ئیدریسی كوری لەرێگەی رێكخراوێكی خێرخوازییەوە هێنایە ناو كایەی سیاسەت.

لەدەرگای خێرخوازییەوە بۆ پەنجەرەی سیاسەت:

ئیدریس بارزانی لەتەمەنی شازدە ساڵیدا گەورەترین رێكخراوی خێرخوازی دادەمەزرێنێت و لەماوەیەكی زۆر كورتدا ئەم رێكخراوە ناسێندراو كارو چالاكی زۆری ئەنجامدا. ئەمەش لەپێناوی ناساندنی كورە گەورەی نێچیرڤان بارزانی.

رێكخراوەكەی ئیدریس نێچیرڤان بارزانی بەناوی روانگەیەو ئەو رێكخراوە جگە لەوەی كارەكانی خێرخوازین لەهەمان كاتدا گرنگی بەگەنجان دەدات و كار لەسەر هۆشیاركردنەوە دەكات، بەڵام لەبنەڕەتدا مەبەستی نێچیرڤان بارزانی لەدروستكردنی ئەم رێكخراوە بۆ كورەكەی دروستكردنی پەیوەندی دیبلۆماسییەو هەم راهێنانی كورەكەیەتی لەئیدارەدانی كاری رێكخراوەیی و ئەو ئەزمونەی وا دەكات لەوێستگەكانی دیكەدا باشتر و ئاسانتر رۆڵ ببینێ.

جموجۆڵەكانی ئیدریس نێَچیرڤان بارزانی بەشێوەیەكە مەسرور بارزانی و ئەندامانی دیكەی خانەوادەی بارزانی بەتەواوی نیگەرانكردووەو پێیان وایە نێچیرڤان بارزانی لەرێگەی ئیدریسی كوڕییەوە گەڕێكی دیكەی ململانێ لەنێو بنەماڵەی بارزانی دەكاتەوە

دامەزراندنی ئەم رێكخراوە تۆڕێكی بەرفراوانی پەیوەندی بۆ كورەكەی نێچیرڤان بارزانی دروستكردووەو جموجۆڵەكانی ئیدریس نێچیرڤان بارزانی لەجموجۆڵی كەسێك ناچێت كە سەرۆكی رێكخراوێكی خێرخوازی بێت، بەڵكو زیاتر لە جموجۆڵی كاراكتەرێكی سیاسی دەچێت. ئەمەش وایكردووە مەسرور بارزانی كورە گەورەی مەسعود بارزانی كە لەهەمان كاتدا دەكاتە خاڵی ئیدریس نێچیرڤان نیگەران بێت لەجموجۆڵەكانی ئیدریس و پێی وابێت كە ئامانج لەدامەزراندنی رێكخراوی روانگە دانانی بناغەیەكی سیاسییە بۆ ئیدریس نێچیرڤان تا بتوانێت لەقۆناغی داهاتوو لەحكومەتدا رۆڵی هەبێت و پاشان لەحیزبیشدا.

لەكاری خێرخوازییەوە بۆ كاری بازرگانی:

گروپی كۆمپانیاكانی صەلاحەددین، یەكێك لە گەورەترین گروپی كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستانە و لەبواری نەوت و وزەو فرۆكەوانی و بازرگانی گشتی كاردەكات. سەرپەرشتیاری ئەو گروپی كۆمپانیایە كورە گەورەكەی نێچیرڤانەو لەدوای مردنی دلۆڤانی برای نێچیرڤان كورە گەورەكەی دلۆڤان بەناوی مەتین دلۆڤان بارزانی بەفەرمانی ئیدریس بارزانی كراوەتە بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گروپی كۆمپانیاكانی صەلاحەددین.

نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت بەرەیەكی دیكەش بەرامبەر مەسرور بارزانی بكاتەوەو لەم روەوە هەنگاوێك لەپێش مەسرور بارزانییەوە بێت كە ئەو نەك هەر خۆی، بەڵكو كورەكەشی خاوەن دامەزراوەیە

نێچیرڤان بارزانی یەكێك لەو كەسانەیە كەلەئێستادا سیاسەت لەرێگەی ئابورییەوە دەكرێت. چ لەسەر ئاستی تاك چ لەسەر ئاستی گروپ یا حیزب یا ئاراستەی سیاسی ئەگەر خاوەنی ئابوورییەكی بەهێزبووی دەتوانی لەململانێ سیاسیەكانیش سەركەوتنی زیاتر و مسۆگەر بەدەست بێنی بۆیە نێچیرڤان بارزانی هەمیشە گرنگی بەبواری ئابوری داوەو پێگەی بەهێزی نێچیرڤان بارزانی چ لەناو حكومەت چ لەناو حیزب بەشێكی پەیوەندی بەبەهێزی پێگەی نێچیرڤان بارزاییەوە هەیە لەرووی ئابوورییەوە.

لەم رووەوە نێچیرڤان دەیەوێت كورەكەی هاوشێوەی خۆی بتوانێت پێگەیەكی بەهێزی ئابووری هەبێت بۆیە گروپی كۆمپانیاكانی صەلاحەددینی تەسلیم بەئیدریسی كوڕی كردووە.

نوسینگەی تایبەت و بینینی خەڵك:

ئیدریس نێچیرڤان بارزانی ئێستا لەمیوانخانەكەی باوكی لەهەولێر نوسینگەیەكی تایبەت بەخۆی كردۆتەوەو لەو نوسینگەیە هەم كارەكانی گروپی كۆمپانیاكانی صەلاحەددین هەم كارەكانی دەزگای روانگە رایی دەكات و لەلایەكی دیكە رۆژانە خەڵكی جیاواز دەبینێت.

جموجۆڵەكانی ئیدریس نێَچیرڤان بارزانی بەشێوەیەكە مەسرور بارزانی و ئەندامانی دیكەی خانەوادەی بارزانی بەتەواوی نیگەرانكردووەو پێیان وایە نێچیرڤان بارزانی لەرێگەی ئیدریسی كوڕییەوە گەڕێكی دیكەی ململانێ لەنێو بنەماڵەی بارزانی دەكاتەوە. یا لەدیوێكی تردا نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت بەرەیەكی دیكەش بەرامبەر مەسرور بارزانی بكاتەوەو لەم روەوە هەنگاوێك لەپێش مەسرور بارزانییەوە بێت كە ئەو نەك هەر خۆی بەڵكو كورەكەشی خاوەن دامەزراوەیەو دەتوانێت لەرووی ئابورییەوە لەسەر پێی خۆی بوەستێت و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش لەرێگەی رێكخراوی روانگەوە خاوەنی تۆڕێكی فراوانی پەیوەندیییەو لەرووی جەماوەریشەوە لەرێگەی بینینی كادیرو ئەندامانی پارتییەوە دەتوانێت پێگەیەكی بەهێز بۆ كورەكەی دروست بكات.

بینینی خەڵكی جیاواز لەلایەن ئیدریس نێچیرڤان بارزانییەوە لەكاتێكدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی حكومەتی لێسەندراوەتەوە بۆ مەسرور بارزانی تا مەسرور بارزانی بتوانێت لەرێگەی حكومەتەوە پێگەی خۆی بەهێزتر بكات. بەڵام بەهۆی زۆری پەیوەندییەكانی ئیدریس نێچیرڤان بارزانیی و بوونی ئیمكانیەتێكی ماددی بەهێز ئەستەمە مەسرور بارزانی بتوانێت رێگە لەبەهێزبوونی پێگەی ئیدریس بارزانی بگرێت.

پەیوەندی خوێن:

پەیوەندی خوێنی لەنێو بنەماڵەدا رۆڵی یەكلاكەرەوە دەگێرێت لەدیاریكردنی میراتگری سیاسی هەر بنەماڵەیەك. نێچیرڤان بارزانی بەهۆی ئەوەی دایكی خەڵكی سلێمانی بوو، یەكێك نەبووە لەئەندامانی خانەوادەی بارزانی بۆیە لەنێو بنەماڵەی بارزانییدا دایكی نەیتوانیوە هیچ پشتگیرییەكی بەهێز لەكوڕەكەی بكات.

بەڵام دایكی ئیدریس كچە گەورەی مەسعود بارزانییەو لەئێستادا ئەندامانی خێزانی بارزانی بەئاراستەی زاڵی نێو بنەماڵەی بارزانی دادەنرێت. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا نەبیلە بارزانی دەتوانێت پشتیوانێكی بەهێز بێت بۆ كوڕەكەی.

هەموو هەوڵەكانی نێچیرڤان بەئاراستەی گێرانەوەی ئەو دەسەڵاتەی باوكییەتی بۆ خۆی و لەدوای خۆیشی بۆ ئیدریسی كوڕی

خاڵی جیاواز و بەهێزی ئیدریس ئەوەیە كە كوڕی نەبیلیەیەو نەبیلە خوشكی مەسرور بارزانییە كە دەیەوێت ببێتە تاكە دەسەڵاتداری نێو بنەماڵەی بارزانی. ئایا نەبیلە دەتوانێت ئاوێك بەئاگری توڕەیی براكەیدا بكات بەرامبەر جموجۆڵەكانی كوڕەكەی؟ یا دەتوانێت لەداهاتوودا پێگەیەكی بەهێز بۆ كوڕەكەی بنیاتبنێت لەتەنیشت براكەیداو نەهێڵێت كورەكەی بخرێتە دەرەوەی بازنەی دەسەڵات لەنێو بنەماڵەی بارزانییدا.

نەبیلە، پێگەی كورەكەی بەهێزدەكات؟

هەمیشە باوك و دایك لەهەر ئاستێكی كۆمەڵایەتی بن حەز دەكەن داهاتووی منداڵەكانیان باش بێت و هەمیشە حەز دەكەن پێگەو ژیانی منداڵەكانیان لەهی خۆیان باشتر بێت. ئەم هەستە بۆ بنەماڵە فەرمانرەواكانیش راستە. بەسەرنجدان لەلێدوانەكانی مەسعود بارزانی لەدوای كاندیدكردنی مەسروری كوڕی بۆ پۆستی سەرۆك حكومەتی هەرێم بەئاشكرا راستی ئەم قسەیەمان بۆ روون دەبێتەوە كە هەمیشە دایك و باوك حەز دەكەن داهاتووی منداڵەكانیان لەهی خۆیان باشتر بێت، بۆیە دەبینین لێدوانەكانی مەسعود بارزانی بەو ئاراستەیەیە كە ئەو حكومەتە دەتوانێت كێشەكانی خەڵك چارەسەر بكات و دەتوانێت ژیانێكی باشتر بۆ هاوڵاتیان دابین بكات. ئەمە لەكاتێكدا هیچ كات لەكاتی بوونە سەرۆك حكومەتی نێچیرڤان بارزانیدا هیچ كات مەسعود بارزانی لێدوانی لەو شێوەیەی ئێستای نەداوە.

ئیدی لەمەدا نەبیلە كە كچە گەورەی مەسعود بارزانییە بەدەر نییە لەو هەستەو دەیەوێت پێگەی كورەكەی هەم لەحیزب هەم لەنێو بنەماڵەی بارزانی هەم لەنێو حكومەتدا بەهێز بێت. نەبیلە دەتوانێت كورەكەی لەململانێی توندی براكانی بپارێزێت و داهاتووی سیاسی مسۆگەر بكات بەهۆی ئەو پەیوەندییە خوێنییەی لەگەڵ براكانیدا هەیەتی.