توركیا، بەهەشتی دارایی داعش

توركیا، بەهەشتی دارایی داعش

بە گوێرەی بەدواداچوونەكان، رێكخراوی داعش توانیویەتی سەروەت و دارایی خۆی بۆ توركیا بگوێزێتەوە، شكستی سەربازی رێكخراوەكەش دەرفەتی بۆ تیرۆرستان رەخساند، كە ستراتیجێكی ئابوری تەبەنی بكەن كە لە رابردودا قاعیدە پەیڕەوی لێكردووە.

بەپێی بەدواداچوونی گۆڤاری (ئەتلانتیك)ـی ئەمەریكی، بەرپرسێكی گەورەی عێراق كە نەیویستوە ناوی ئاشكرابكرێت رایگەیاندووە بەشێكی زۆری سەروەتی داعش گوێزراوەتەوە بۆ توركیا، هەرچەندە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزای بەسەر ژمارەیەك كۆمپانیای خزمەتگوزاری دارایی لە عێراق و سوریادا سەپاندووە.

بەپێی قسەی بەرپرسە عێراقییەكە، سەروەتی داعش كە گوێزراوەتەوە بۆ توركیا پارەی نەختینە بووە یان گۆڕدراوە بۆ زێڕ، ئەمە وێڕای مامەڵەی دەسەڵاتدارانی توركیا لەگەڵ ژمارەیەك ئەندامی داعش كە نەوتیان بە كڕیارە توركەكان فرۆشتووە.

هەر بەپێی راپۆرتەكە و بەگوێرەی بەڵگەنامەیەك ئەوە دەردەكەوێت كە داعش وەبەرهێنانی لە كەرتی خانوبەرە و ئۆتۆمبێل كردووە لە رێگەی چەند دامەزراوەیەكەوە كە هاوسۆزانی داعش بەڕێوەی دەبەن، لەو نێوەندەشدا تۆرێكی دارایی كە (فەواز محەمەد جوبێر راوی) لە بەرژەوەندی داعش دروستیكردوە.

چەكی دووسەر

وێرای ئەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات كە لەلایەن ئەمەریكاوە پشتیوانی دەكرێت رایانگەیاند سەركەوتنی سەربازیان بەسەر داعش تۆمار كرد و دواپێگەی رێكخراوەكەیان لە باغۆز كۆنتڕۆڵ كرد، بەڵام بەپێی خەمڵاندنی پسپۆڕان هێشتا ئەندامانی رێكخراوەكە سەدان ملیۆن دۆلاریان لەبەردەستە. كۆتایی داعش بەلای ئەو وڵاتانەوە كە دەخوازن سەرچاوەكانی تیرۆر وشك بكەن چەكێكی دووسەریە، لەلایەكەوە ئەو زیانە زۆرەی بەر ئەو ئەو رێكخراوە كەوتووە، زەحمەتە بتوانێـت كێڵگەكانی نەوت لەو ناوچانەی عێراق و سوریا قۆرخ بكات و باج سەپێنێتەوە بەسەر هاووڵاتیان كە لەژێر دەستیدابوون. بەڵام لەلایەكی ترەوە بەوپێیەی ناوچەكانی ژێر دەستی لەدەستدا، رەنگە رێكخراوەكە چالاكی تیرۆریستی زۆرتر ئەنجامبدات و پەرە بەو چالاكییانەی بدات.

هەرچەندە داعش هیچ كێلگەیەكی نەوتی لەبەردەستدا نەماوە بەڵام بە وتەی بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا هێشتا نەوت سەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییەیە، ئەمەش لە رێگەی فشارخستنەسەر بەرپرسانی هیڵی گواستنەوەی نەوت لە ناوچەكە،

زیندوكردنەوەی ستراجیی  دارایی قاعیدە

بە وتەی (هوارد شاتز) پسپۆڕی ئابوری لە ناوەندی توێژینەوەی (راند)، داعش لەماوەی باڵادەستیدا سەروەتێكی زۆری كۆكردوەتەوە و پارەیەكی زۆری نەختینە یاخود لە بواری خانووبەردا هەیە، بەڵام دیارنییە دوای شكستی رێكخراوەكە چارەنووسی سەروەتی ئەو رێكخراوە چی دەبێت.

بەهۆی جەنگەكانی داعش لە سوریا و عێراق دەرفەتی ئەوە بۆ ئەو رێكخراوە لەپێشە كە ستراتیجی دارایی قاعیدە پەیڕەو بكات، لە نیوان ساڵانی ٢٠٠٨ – ٢٠١٢ قاعیدە لە موسڵ لە رێگەی دزینی كەلوپەلی بازرگانی و دوبارە فرۆشتنەوەی و رفاندنی منداڵی بنەماڵە دەوڵەمەندەكان سەروەتێكی زۆری كۆكردەوە بۆ برەودان بە چالاكییەكانی.

دووبارە بنیادنانەوە

یەكێك لە هۆكارە یارمەتیدەرەكان كە رەنگە داعش بیقۆزێتەوە دووبارە بنیادنانەوەی ناوچەكانی باكوری عێراقە، لە كۆنگرەی ساڵی رابردوو كە لە وبارەوە بەسترا بڕی ٣٠ ملیار دۆلار تەرخانكرا بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە، رەنگە لە رێگەی گەندەڵی لە كاتی خەرجكردنی ئەو پارەیەی كە تەرخانكراوە بۆ ئاوەدانكردنەوە داعش پشكی خۆی بەركەوێـت.

 

بەپێی چەند بەڵگەنامەیەكی نهێنی، سیاسییە عێراقی و كورد و توركەكان لە ٢٠٠٩ مامەڵەیان لەگەڵ قاعیدە كردوە لە عێراق، بۆیە چاوەڕواندەكرێـت سەرپەرشتیكردنی ئەو بڕەی بۆ ئاوەدانكردنەوە تەرخانكراوە ئەنجامێكی خراپ بەدەستەوەبدات. داعش تۆماری ٧- ٨ ملیۆن كەسی لایە كە رەنگە لە داهاتوودا ئەو تۆمارانە بەكاربێنێت بۆ هەڕەشكردن لە هاووڵاتیانی عێراق و سوریا.

دەربارەی ئەو ستراتیژە (شاتز) ئاشكرای دەكات كە رێكخراوی داعش زانیاری تەواوی لەبەردەستدایە دەربارەی ئەو كەسانەی لەناوچەكەدا دەژین، بۆیە دەتوانێت دەوڵەمەند و پیاوانی خاوەنكار پۆلێن بكات و هەرەشەی فڕاندیان لێبكات لە داهاتوودا.

ئاڵوگۆڕی ئاسان

لە بەدواداچوونەكەدا نمونەی تۆرێكی ئاڵوگۆڕی دراو هێنراوەتەوە كە بەشێوەیەكی نهێنی كارەدكات و كەسێك بەناوی (ئەبوشەكەوت) سەرپەرشتی دەكات و نووسینگەیەكی بچووكی لە بەیروت هەیە تایبەت بە ئاڵوگۆڕی دراو.

ئەبوشەوكەت پەیڕەوی لە سیستمێكی ئاڵوگۆڕی دراو دەكات كە لە شوێنێكەوە پارەكە دەگوێزرێتەوە بۆ شوێنێكی تر كە بە سیستمی بانكیدا تێپەڕ نابێـت، چونكە كرێی گواستنەوە لە بانكەكان زۆرە.

كاتێك ئەبوشەكەوت پارەكە حەواڵەی شوێنێكی تر دەكات، ئەو كەسەی وەریدەگرێت دەبێت وشەی نهێنی و بڕی پارەی حەواڵەكراو بڵێت و بڕێك پارە بداتە دەڵاڵەكە. بەمشێوەیە پارەكە دەنێردرێت بۆ شوێنی دوور و سنوورەكان دەبەزێنێـت بێ ئەوەی پرسیار لە ناسنامەی نێرەر و وەرگری پارە بكرێت.

بەپێی بەدواداچوونەكەی (ئەتلانتیك) ئەبوشەكەوت سەرپەرشتی تۆڕێكی بەرفراوانی كۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو دەكات، كە هەفتانە جوڵە بە چەند ملیۆن دۆلار لە بەرژوەندی داعش دەكەن.