بەنداوەكانی هەرێم توانای گلدانەوەی ئاوی پێویستیان لە دەست داوە

بەنداوەكانی هەرێم توانای گلدانەوەی ئاوی پێویستیان لە دەست داوە

لە وەرزی بارانباریندا بەنداوەكانی هەرێم ناتوانن بڕی پێویست ئاو گل بدەنەوە، بەو پێیەی مەترسیی ڕووخانیان لەسەرە، بەندوای دەربەندیخانیش بە هۆی بوومەلەرزەی ساڵی ڕابردوەوە كەمتر لە نیوەی ئاوی ساڵانی ڕابردووی گل دەداتەوە.

هەرێمی كوردستان لە ئێستادا تەنها خاوەنی بەنداوی دووكان و دەربەندیخانە كە ئەوانیش لە نیوەی سەدەی ڕابردوودا لە لایەن حكومەتی عێراقەوە درووست كراون، ئەو دوو بەنداوە بە هەردووكیانەوە توانای گلدانەوەی ١٠ ملیارد مەترسێجا ئاویان هەیە، لە ساڵانی ڕابردوودا تەنها گرفتیان نەبوونی ئاو بوو بۆ پڕكردنیان، بەڵام لە ئێستادا بە هۆی كۆنبوونی بەنداوەكان و ئەو ڕووداوە سرووشتییانەی ڕوویان داوە توانای گلدانەوەی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان كەمی كردووە و بەنداوی دووكانیش بەردەوام لە نۆژەنكردنەوەیدان بۆ ئەوەی بتوانن بڕی پێویست ئاوی تێدا گل بدەنەوە.

ڕه‌حمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ڕایگەیاند: لە ماوەی ڕابردوودا بە هۆی بارانبارینی زۆرەوە ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان سێ مەتر زیادی كردووە، بەشێكی زۆری ئەو ئاوەی هاتووەتە بەنداوەكە، بەردراوەتەوە بۆ ئەوەی بۆشایی خەزنمان هەبێت بۆ مانگەكانی داهاتوو، لەو مانگانەدا ئاو كۆ بكەینەوە و مەترسیی سەر بەنداوەكە نەهێڵین بە هۆی ئاوی زۆرەوە.

وتیشی: شارەزایانی بیانی ڕاسپاردەیان پێ داوین لەسەر چۆنێتیی خەزنكردنی ئاو،  نابێت ئاوی گلدراوەی بەنداوەكە لە ملیاردێك و ٤٠٠ ملیۆن مەترسێجا زیاتر بێت بە هۆی ئەو زیانانەی لە ئەنجامی بوومەلەرزەوە بەر بەنداوەكە كەوتووە، مەترسی لەسەرە، لە كاتێكدا پێشتر دوو ملیارد و ٦٠٠ مەتر سێجا ئاومان گل دەدایەوە.

هەروەها بودجە بۆ نۆژەنكردنەوەی بەنداوەكە تەرخان كراوە، پەیوەندی بە چه‌ندین كۆمپانیای بیانییەوە كراوە، بەڵام تا ئێستا نۆژەن نەكراوەتەوە، لە هەفتەی ڕابردوودا دوو گرووپی جیلۆجی لە بەغداوە هاتوون و سەرقاڵی كاركردنن، ئەگەر كەموكوڕییەكان نەهێڵن توانای خەزنكردنمان وەكو جارانی لێ دێتەوە.

بەنداوی دەربەندیخان بەر لە ٦٠ ساڵ و لە نزیك قەزای دەربەندیخان درووست كراوە و توانانی گلدانەوەی سێ ملیارد مەترسێجا ئاوی هەیە، لە ئێستادا ملیارێك و ٤٠٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، بەنداوی دووكان لە نزیك قەزای دوكان و لەسەر زێی بچووك ٦٢ ساڵ بەر لە ئێستا درووست كراوە و توانای گلدانەوەی حەوت ملیارد مەترسێجا ئاوی هەیە، لە ئێستادا زیاتر لە سێ ملیارد مەترسێجا ئاوی تێدایە.

حەمەتاهیر جەلال بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان ڕایگەیاند: تاوەكو ئێستا ٦٥٠ ملیۆن مەترسێجا ئاومان گل داوەتەوە، بەنداوەكە حەوت ملیارد مەتر سێجا ئاو دەگرێت، بەڵام سێ ملیارد مەترسێجا ئاوی تێدایە، توانای گلدانەوەی حەوت ملیاردەكەمان هەیە و خۆمان بۆ ئامادە كردووە، ئەگەر باران بەم شێوەیە ببارێت پێشبینی دەكەین بەنداوەكە پڕ ببێت بەڵام نازانین جارێ مانگەكانی تر باران دەبێت یان نا.

وتیشی: بەنداوی دووكان،  تەمەنی ٦٠ ساڵە، وەكو لاشەیەكی نەخۆشە، بەردەوام پێویستی بە چاودێری و نۆژەنكردنەوەیە، لەبەر ئەوەی بەنداوەكە گەورەیە نەتوانراوە پاك بكرێتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵی درووستكردنی ١٥ بەنداوی داوە، هەندێكیان دەستی پێ كردووە، بەڵام بە هۆی قەیرانی دارایی هەرێمەوە كاركردن تیایاندا وەستاوە.

ئەكرەم ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكان لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ڕایگەیاند: بەنداوەكانی هەرێم توانای گلدانەوەی ئاوی پێویستیان هەیە، تەنها بەنداوی دەربەندیخان نەبێت كە بڕی دوو ملیارد مەترسێجا توانای گلدانەوەی كەمی كردووە، لە هەوڵداین لەگەڵ حكومەتی عێراق بۆ چاكکردنەوەی بەنداوی دەربەندیخان و پاككردنەوەی بەنداوەكان بەڵام لەبەر ئەوەی تێچووی زۆری دەوێت هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

وتیشی: حكومەتی هەرێم لە ماوەی ڕابردوودا ١٥ بەنداوی درووست كردووە، گەورەترینیان بەنداوی ئاوەسپییە كە توانای گلدانەوەی ٢٥ ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە، چەندین بەنداوی ٦٠ ملیۆنی و ٨٠ ملیۆنی لە بواری جێبەجێكردندان، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە كاركردن تێیاندا وەستاوە.