بەرهەم ساڵح وەڵامی ترەمپ دەداتەوە

بەرهەم ساڵح وەڵامی ترەمپ دەداتەوە

بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لەبارەی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق وەڵامی ترەمپ دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ڕێگە بە کارێکی لەو جۆرە نادەین هێزی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق چاودێری ئێران بکەن.

لە میانی بەشداریكردنی كۆنفرانسی ساڵانەی دیداری رافیدەین كە لە بەغدا بەڕێوەچوو، ئەمڕۆ بەرواری ٤ـی ١ـی ٢٠١٩، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ڕایگەیاند: بەپێی رێککەوتن نامەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر رێگەمان داوە هێزە ئەمریکییەکان لە عێراقدا بن و مافی ئەوەیان نیە کە چاودێری زۆر شت بکەن، وەک چاودێریکردنی ئێران.

دەشڵێت، تا ئێستا لەمەڕ ئەو بابەتە هیچ جۆرە مۆڵەتێکیان لە عێراق وەرنەگرتووە.

سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژە بەوەشدەکات، لەوەی رێگە بەكارێكی لەو جۆرە نادەن، عێراق نایەوێت ببێتە لایەن یاخود میحوەری ململانێی نێوان وڵاتان.

بەرهەم ساڵح دووپاتیشیكردەوە كە وەک عێراق دەیانەوێت پەرە بە پەیوەندییەكانیان بدەن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و لە نێویشیاندا ئێران.

لە کۆتاییدا ڕایگەیاند، چاوەڕێی روونكردنەوەی واشنتۆن دەكەن سەبارەت بە ژمارە و ئەركی هێزەكانی ئەمریكا.