باڵوێزخانەكانی توركیا بوونەتە بنکەی سیخوڕی

باڵوێزخانەكانی توركیا بوونەتە بنکەی سیخوڕی

بەپێی چەند بەڵگەنامەیەك، كە پێگەی "نۆردیك مۆنیتۆر"ـی سویدی بڵاویكردووەتەوە، باڵیۆزخانەكانی توركیا لەچەند وڵاتێكی جیهان كاری سیخوری ئەنجامدەدەن.

هەر بەپێی بەڵگەنامەكان، ئەو چالاكیانه‌ بۆ كۆكردنەوەی زانیارییە لەسەر ئەو كەسانەی توركیا بە "تیرۆریست" ناویان دەبات‌و باڵوێزخانەكانی توركیاش لەسەر فەرمانی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری وڵاتەكە ئەو هەڵمەتانە بەرێوەدەبەن.

لەو بارەوە راپۆرتێكی پێگەكە ئاشكرایكردووە، كە باڵیۆزخانەی توركیا لەنیوزیلەندا لیستێكی بۆ ناوی ئەو كەسانە دروستكردووەو چاودێرییان دەكات، كە ئەو كەسانە لەرێكخراوەكانی "بێرل ئۆف زە ئایلاندز"و " لیتڵ بیرلز" كاردەكەن.

ئەو رێكخراوانە تایبەتن بەپێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی چاودێری‌و فێركردن منداڵانی تەمەن ٣ مانگ بۆ ٥ ساڵ، كە باڵوێزخانەكەی توركیا لەسەر رێنمایی پۆلیسی نیشتمانی وڵاتەكەی زانیاری لەسەر ئەو كەسانە كۆكردووەتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، بەپێی یاسا دەزگای پۆلیسی نیشتمانی دەسەڵاتی ئەوەی نییە، لێكۆڵینەوە لەو پرسانە بكات كه‌ لەدەرەوەی سنووری توركیان، ئەوەش بەپێی راپۆرتی پێگە سویدییەكە.

هەروەها پێگەكە ئاماژەی بەكارەكانی باڵیۆزخانەی توركیا لە ئۆتاوای كەنەدا كردووە، كە سیخوری بەسەر ئەو كەسانەدا كردووە رەخنەیان لەرەجەب تەیب ئەردۆغان‌و دەسەڵاتی وڵاتەكە گرتووە.

هەروەها لەو چوارچێوەیەدا، دیپلۆماتكارەكانی توركیا لەو باڵوێزخانانە زانیارییان لەسەر ئەو كەسانە كۆكردووەتەوە، دژی دەسەڵاتی توركیا بوون، دواتر ئەو زانیارییانە نێردراونەتەوە بۆ توركیا.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەو كەسانە، كە زانیارییان لەسەر كۆكراوەتەوە، لەدادگاكانی توركیا دۆسیەی تاوانكارییان لەسەر كراوەتەوەو بەو هۆیەشەوە، ناتوانن بچنە ئەو وڵاتە، كە بەشێكی زۆریان رەگەزنامەی توركیشیان هەیە.

پێگە سویدییەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، ئەو كارەی باڵوێزخانەكانی توركیا، نیگەرانی‌و تووڕەیی چەند وڵاتێك لێكەوتووەتەوەو لەو بارەوە دەستیان بەلێكۆڵینەوە كردووەو تەنانەت لێپرسینەوەش لەچەند دیپلۆماتكارێكی توركی كردووە.

دیارترین ئەو دامەزراوەو كەسانەی دیپلۆماتكارە توركییەكان سیخووڕییان بەسەرەوە كردووە كۆمەڵەی "هاورێیەتی توركی كەنەدیی"، "ئەكادیمیای نیل"، رۆژنامەنووسان "فاروق ئەرسەلان" و "حیسان یڵمز".