ئایدز چییە و چۆن خۆمانی لێ بپارێزین؟

ئایدز چییە و چۆن خۆمانی لێ بپارێزین؟

ئایدز یان "AIDS" كە كورتكراوەی (Acquired immune deficiency syndrome) وەرگێڕانی كوردییەكەی دەبێتە نەخۆشیی نوقسانی سیستمی بەرگریی لەش، لەو نەخۆشییەدا سیستمی بەرگریی لەش لاواز دەبێت و هۆكاری نەخۆشییەكەیش "ڤایرۆسی نوقستانی بەرگریی لەش"ە.

مێژووی نەخۆشیی ئایدز

ئایدز بۆ یەكەم جار لە ساڵی ١٩٨١ لە ئەمەریكا دۆزرایەوە، ئەوە نەخۆشییە لە نێو بەكارهێنەرانی مادەی هۆشبەر و هاوڕەگەزبازە نێرەكاندا دیتراوە، لە نەخۆشییەكەدا ئەوە كەسانە، سیستمی بەرگریی لەشیان تووشی كەموكورتی و لاوازی دەهات و لە دەرەنجامی ئەوەدا تووشی پەسیوی، شێرپەنجەی پێست و چەندین نەخۆشی تر دەبوون.

بەهۆی ئەوەی سەرەتا تەنیا نەخۆشییەكە لە نێو هاوڕەگەزباز و بەكارهێنەری مادەی هۆشبەر و نەخۆشیی هێمۆفیلی تۆمار دەكرا، راگەیاندنەكان بە نەخۆشیی "نوقستانی بەرگریی لەشی هاوڕەگەزبازەكان" ناویان دەبرد؛ بەڵام دواتر ئاشكرا بوو كە ئەو نەخۆشییە تەنیا تایبەت بە هاوڕەگەزبازەكان نییە، بەو هۆیە لە حوزەیرانی ١٩٨٢ـدا، بۆ یەكەم جار وشەی "ئایدز"یان بەكار هێنا و لە كانوونی دووەمی ساڵی ١٩٨٢ـدا، ناوەندی كۆنترۆڵی نەخۆشی لە ئەمەریكا، بە فەرمی وشەی "ئایدز"ی بەكار هێنا.

ساڵی ١٩٨٣، دوو گرووپی توێژینەوەی سەربەخۆ لە یەك بەرپرسایەتی "رابێرت گالۆ" و "لۆك مۆنتانیە" لە خوێنی نەخۆشی تووشبوو بە ئایدز، ڤایرۆسێكیان دیتەوە، ئەو گرووپانە هەر كام ناویان بۆ هەڵبژارد، بەڵام دواتر لە ساڵی ١٩٨٦ دەركەوت هەردوو ڤایرۆسی دیتراوە، یەك ڤایرۆسن و پاش ئەوە ناوی "HIV” یان بۆ ئەوە ڤایرۆسە دیاری كرد.

ساڵی ١٩٨٨ بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی ئاگاداری لە نێو خەڵكدا لەسەر نەخۆشیی ئایدز و هەروەها بەرگریكردن لە تووشبوون بەو نەخۆشییە، رۆژی یەكی كانوونی یەكەم، وەك رۆژی جیهانیی ئایدز دەستنیشان كرا و ساڵی ٢٠١١ تا ٢٠١٥، سێ دروشمی "بەرگریی لە مردن بە هۆكاری ئایدز"، "بەرگری لە هەڵاواردن و ناونیتكەدان لە نەخۆشی ئایدز" و "بەرگری لە توشبوون بە نەخۆشیی ئایدز"، وەك دروشمی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ نەخۆشیی ئایدز دەستنیشان كراوە.

هەر ئەو ساڵە هێمای "دەسرۆكەی سوور" وەك هێمای بەرەورووبوونەوە لەگەڵ نەخۆشیی ئایدز دستنیشان كرا.

چۆن تووشی نەخۆشیی ئایدز دەبین؟

بەگشتی سێ هۆكاری سەرەكی بۆ مەترسی تووشبوون بە نەخۆشیی ئایدز هەیە:

١: سەرجێیكردن "پێوەندی سێكسی"

باوترین هۆكاری تووشبوون بە نەخۆشیی ئایدز، سەرجێیكردنە و زۆربەی حاڵەتەكانیش بە گشتی لە جیهاندا سەرجێیكردنی پیاو و ژنە و هاوڕەگەزبازیی نێو نێرەكان یەكی تر لە هۆكارەكانە، بەگشتی ٦٤%ـی هۆكاری تووشبوون بە نەخۆشیی ئایدز، دەگەڕێتەوە بۆ "سەرجێكردنی پڕ مەترسی" سەرجێیكردن لەگەڵ لەشفرۆشان.

كاتێ كەسێك نەخۆشی یان برینی لە كۆئەندامی زاوزێ هەبێت، مەترسیی تووشبوون بە ئایدزی زۆرترە.

مەترسی گواستنەوە لە ژنەوە بۆ پیاو زیاترە، واتە ئەگەر ژنێك تووشی نەخۆشیی ئایدز بووبێت و پیاوێك سەرجێی لەگەڵدا بكات، مەترسیی تووشبوونی زیاترە تا پیاوێك تووش بووبێت و ژنێك سەرجێی ئەو پیاوە بكات؛

پێوەندی سێكسی لە زارەوە مەترسی كەمە، بەڵام زۆریش روون نییە و ناكرێ بگوترێ هەر مەترسی نییە.

سەرجێیكردن لە دواوە، مەترسیی تووشبوونی نەخۆشیی ئایدز زیاتر دەكات.

خوێن

دووەمین رێگەی تووشبوون بە نەخۆشیی ئایدز، ئالوودەبوون بە خوێنی نەخۆشیی ئایدزییە رێگەی ئالوودەبوون زۆر جیاوازە

١: بەكارهێنانی سورنگەوەی پیس.

٢: برینی جەستە بە چەقۆ، یان ئامێرێكی تیژ كە پێشتر ئالوودەی خوێنی نەخۆشییەكی ئایدزی بووبێت.

3: ئامێرێكی پزیشكی كە ستریل نەبێت، مەترسیی گواستنەوەی نەخۆشیی ئایدزی لەسەرە.

زۆربەی ئەو كەسانەی لە رێگەی سورنگەوە مادەی هۆشبەر بەكار دێنن، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشیی ئایدز لەسەرە و بە پێی ئاماری ساڵی ٢٠٠٩، ١٢%ـی ئەوانەی تووشی ئایدز بوون، بەكارهێنەری مادەی هۆشبەر بوون كە سوورنگی ئالوودەیان بەكار هێناوە و لە دەرنجامی ئەوەدا تووشی هاتوون.

لە خاڵكوتان و تاتۆكردندا مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی ئایدز هەیە. هەروەها لە كاتی خوێن تێكردنەوەدا مەترسیی تووشبوون هەیە، بەڵام ئێستە لە بانكی خوێنەكان بۆ هەموو ئەو خوێنانە پشكنینی نەخۆشیی ئایدز دەكرێت، بۆیە ئەو مەترسییە زۆر كەمە.

لە وڵاتانی دواكەوتوو بەهۆی ئەوەی پاك و خاوێنی تەواو لە كاتی ددانكێشان و راژە پزشكییەكان لەبەرچاو ناگیرێت، مەترسی هەیە كەسانێك لە شوێنە تەندروستییەكان تووشی ئایدز ببن.

دایك بۆ كۆرپەڵە

سێیەمین هۆكاری تووشبوون بە نەخۆشیی ئایدز، مەترسیی ئەوە هەیە كۆرپەی دایكێك كە نەخۆشیی ئایدزی بێت، كۆرپەكەیش تووشی ئایدز ببێت، ئایدز لە رێگەی شیری دایكەوە دەگوازرێتەوە.

ئەوە رێگایانەی خوارەوە ئایدزیان لێ ناگوازرێتەوە

لە رێگەی پیسایی، چڵم، لیك، ئاوی لووت، بەڵغەم، ئارەق، فرمێسك، میز و رشانەوە ڤایرۆسی ئایدز ناگوازرێتەوە، هەروەها لە رێگەی مێرووەوە ناگوزرێتەوە.

نیشانەكانی نەخۆشیی ئایدز چییە؟

نەخۆشیی ئایدز نیشانەكانی گشتین و لە سەرەتادا هیچ نیشانەیەكی تایبەت نییە كە لە لەشی نەخۆشەكە دەربكەوێت و لە رووی ئەو نیشانانەوە بگوترێ ئەوە كەسە تووشی ئایدز بووە.

نەخۆشەكە دەبێ بۆ ئەوەی دڵنیا بێ لە نەخۆشبوونی، سەردانی تاقیگە بكات و لە رێگەی پشکنینی تایبەتی نەخۆشیی ئایدزەوە، بۆ روون بێتەوە ئایا ئەو نەخۆشییەی هەیە یان نا؟

چۆن پێشگیری بكەین لە تووشبوون بە ئایدز؟

وەك باسمان كرد، سەرجێیكردن و ئالوودەبوون بە خوێن، هۆكاری سەرەكیی تووشبوون بە نەخۆشیی ئایدزن، بۆ ئەو سەرجێیانەی كە پڕ مەترسین (سەرجێیكردن لەگەڵ لەشفرۆشان) پێویستە كۆندۆم بەكار بێت و سەرجێیكردن لە دواوە مەترسیدارە، چونكە مەترسیی پچڕانی ماسوولكەی كۆم زۆرە و ئەوەیش دەبێتە هۆی ئەوەی خوێن و تۆ و تێكەڵ ببن كە مەترسیی تووشبوون بە ئایدز زیاد دەكات.

بۆ كاروباری پزیشكی، بەتایبەتی دەرزی لێدان و برینپێچی و كاری پزیشكی ددان و.. سەردانی شوێنی پاك و خاوێن بكەن كە دڵنیایی تەندروستیی هەبێت. هەوڵ بدەن لە شوێنی وەك سەرتاشخانە، شتومەكی تایبەتی خۆتان بەكار بێنن و خۆ بپارێزن لە بەكارهێنانی ئەو شتومەكانەی كە لە سەرتاشخانەكە بۆ هەمووانی بەكار دێنن.

ئەو كەسانەی كە مادەی هۆشبەر لە رێگەی سۆرنگەوە بەكار دێنن، خۆ بپارێزن لە ئەوەی سۆرنگێك بۆ دوو كەس بەكار بێنن. هەروەها منداڵەكانتان رابێنن كە شتومەكی تیژ لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەكان هەڵنەگرنەوە.