گۆڕان بە پرۆژەیەك شەرعییەت به خۆكاندیدكردنەوەی بارزانی دەدات بۆ هەشت ساڵی تر

ئەم بابەتە 6,317 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:

فراكسیۆنی گۆڕان پڕۆژەیاسایەك بۆ سڕكردنی پۆستی سەرۆكی هەرێم پێشكەش دەكات، كە هاوشێوەی پڕۆژەیەكە پێشتر بە هەمان مەبەست پێشكەشی كردووە و بە هۆیەوە ژمارەیەك پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی ئیمزای خۆیان لەسەر پڕۆژەكە دەكێشنەوە، كە پێشتر وەك پاڵپشتییەك كردبوویان كە بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە تاوتوێ بكرێت و پرۆژەكەش لە ״بەرژەوەندیی پارتی״ لە قەڵەم دەدرێت.

ئەو پڕۆژەیە كە بەشێك لە پەرلەمانتارانی یەكگرتووی ئیسلامییش ئیمزیایان لەسەر كردووە ڕۆژی سێشەممە ١٠ـی تەمووز لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا، كە تیایدا ئاماژە بەوە دراوە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان ئەنجام نەدرێت و كاركردن بە یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی بەردەوام بێت.

پێشكەشكردنی ئەو پڕۆژەیاسایە لە دوای چەند هەفتەیەك هات لە پێشكەشكردنی پڕۆژەیەكی هاوشێوە لە لایەن پارتییەوە بۆ سڕكردنی پۆستی سەرۆكی هەرێم تا نووسینەوەی دەستووری هەرێم.

تەلار لەتیف، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتیی ڕایگەیاند: ״ڕۆژی دووشەممه زۆر بەپەلە پڕۆژەكە نووسراوە و ڕۆژی سێشەممەش خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا و ڕۆژی چوارشەممە ١١ـی تەمووز بخرێتە بەرنامەی كارەوە بۆ گفتوگۆكردن و دەنگدان لەسەری، ئەم پڕۆژەیە پێچەوانەی داواكاریی پێشووی گۆڕان و یەكگرتووە بەوەی سیستم ببێتە پەرلەمانی، ئەوەش دەگەیەنێت كە پەشیمان بوونەتەوە لە پڕۆژە هاوبەشەكەی نێوان هەر پێنج فراكسیۆنەكە بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم. ״

وتیشی: ״ئەو پڕۆژەیەی گۆڕان شەرعییەت دەدات بە سەرۆكی پێشووی ههرێم كە بۆ ماوەی هەشت ساڵی تر خۆی هەڵبژێرێتەوە، ئەگەر دەستوور بنووسرێتەوە لە بەرژەوەندیی پارتییە.״

بەڵام بەهار مەحمود، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندووە: ״پڕۆژەیاسا بە پەرچەكردار و ڕق داناڕێژرێت، لەبەر ئەوە حەقی ئەوەم نییە پڕۆژەیاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم خزمەت بە كێ دەكات، ئەوەش پەشیمانبوونەوە نییە لەو پڕۆژەیەی كە دەمانەوێت سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستانەوە هەڵبژێردرێت.״

هەرچەندە بەشێك لە ئەندامانی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی پێشتر ئیمزایان لەسەر پڕۆژەكە كردبوو، بەڵام دواتر ئیمزاكانیان كشاندەوە.

مەڕوان گەڵاڵی سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی وتویەتی: ״ئەندامانی فراكسیۆنی كۆمەڵ ئیمزاكانیان لەسەر ئەو پڕۆژەیە سڕییەوە، چونكە بڕوامان وایە دەبێت یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم هەموار بكرێتەوە و پۆستی سەرۆكی هەرێم ببێتە پۆستی تەشریفاتی و لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت.״

وتیشی: ״پارتی و برادەرانی گۆڕان لەسەر پڕۆژەكە یەكدەنگن، هەرچەندە تەواوی ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان و یەكگرتوو لەناو خۆیاندا یەكدەنگ نین. ״

یەكگرتووی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت ئەوان پڕۆژەكەیان ئاماده نەكردووه، بەڵام واژۆیان كردووه.

ئەبوبەكر هەڵەدنی، پەرلەمانتاری یەكگرتوو له پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند: ״ئێمە پڕۆژەكەمان ئامادە نەكردووە، بەڵام پەرلەمانتارانی یەكگرتوو بە خۆشمەوە واژۆمان كردووە.״

وتیشی: ״لە لیژنەی یاسا بۆچوونی خۆم وا نووسیووە كە بەو مەبەستە واژۆم كردووە، دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم هەڵوەشێت نەك هەڵپەساردن بۆ ماوەیەكی كاتی، چونكە پۆستی سەرۆكایەتیی هەرێم زیادەیە و كێشەوگرفتی درووست كردووە و هیچ وجودێكی نەماوە.״