مەریوان وریا قانع و عەبدوڵا كوێخا موبارەك دژی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا دەنووسن

ئەم بابەتە 4,684 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:

ماوەیەكە هێرشێكی بەرنامە بۆداڕێژراو بۆ سەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، دامەزرێنەر و رێكخەری گشتی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیپێكردووە، ئەوەی جێی سەرنجە هێرشەكە لەلایەن ژمارەیەك كەسایەتی ئەو نووسەرانەوە بەڕێوەدەبرێت كە سەر بە بزووتنەوەكەن.

ئەو ئەندام و نووسەرانەی گۆڕان لەرێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە سەنگەریان لە نما و چیا نەوشیروان مستەفا گرتووە و لەنوێترین بابەتیشدا مەریوان وریا قانع و عەبدوڵا كوێخا موبارەك لە دوو بابەتی جیادا هێرشیان كردۆتە سەر كوڕەكانی رێكخەری گشتی پێشووی گۆڕان.

مەریوان وریا قانع لە بابەتێكدا كە بەناوی "سەبارەت بەدۆخی ئەمڕۆکەی بزوتنەوەی گۆڕان" لە هەژماری تایەبتی خۆی لە تۆڕی كۆمەلایەتی فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، نووسیوێتی، هێرش دەكاتە سەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا و دەڵێت: "ھیچ کەسێکی سەر بە بنەماڵەی نەوشیروان مستەفا بەشێک نەبوو لە پێگە گرنگ و بنەڕەتییەکانی دەسەڵات لەناو بزوتنەوەکەدا، نە خێزانەکەی، نە کوڕەکانیی و نە خزمەکانی. لەباتی ئەمانە کۆمەڵێک کەسایەتی نوێ و کەسانی گەنجی سەر بەچینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا دروستبوون و بوون بە ڕووخساریی سەرەکیی ئەم بزوتنەوەیە".

مەریوان وریا قانع، نووسیوێتی: " تەوریسی سیاسیی لەناو بزوتنەوەکەدا لە چڵەپۆپەدایە و تا ئەو شوێنەی من ئاگاداربم ئێستا کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا خاوەنی ھەموو شتێکن لەناو گۆڕاندا. خاوەنی زەویی و زار، پارە و کۆمپانیا و میدیای بزوتنەوەکەن. ئەم خاوەندارێتیەش مەسەلەیەکی مەعنەویی و رەمزیی نییە، بەڵکو ئامرازێکە ھەم کوڕەکان و ھەم ئەوانەی لەدەوریان کۆبوونەتەوە، بەکاریدەھێنن بۆئەوەی سەرجەمی بزوتنەوەکە کۆنترۆڵ بکەن".

چەند رۆژێكیش پێش نووسینەكەی مەریوان وریا قانع، عەبدولا كوێخا موبارەك كە بە كەسایەتییە توندەكانی نێو بزووتنەوەی گۆڕان وەسفدەكرێت، هێرشێكی هاوشیوەی كردە سەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا و ئەویش لەرێی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكەوە بابەتێكی بەناوی "ئەوەی لەناو گۆڕاندا دەگوزەرێ کێشە و دوبەرەکی نیە، بەڵکو پرسیارە؟" بڵاوكردەوە.

عەبدوڵا كوێخا موبارەك نووسیوێتی: "ئەگەر نەوشیروان مستەفا ئەو کۆمپانیا و پارە و زەویەی بۆ شۆڕشە چاکسازیخوازەکەی (گۆڕان) بوە؟ ئەبێت لەژێر دەسەڵات و چاودێری بڕیاردەرانی گۆڕان و بۆ خزمەتی گۆڕان بێت، نەک لەژێر دەسەڵاتی کوڕ و کەسوکاری خۆیدا بێت".

پێیوایە "شانازی یان لەکەدار بونی مێژوی کاک نەوشیروان بەندە بە ھەڵوێستی کوڕەکانی و جڤاتی نیشتیمانیەوە" و دەڵێت: "ئەگەر کوڕەکانی کۆمپانیا و سەروەتوسامانی مادی و مەعنەوی باوکیان ڕادەستی گۆڕان دەکەن و جڤاتی نیشتیمانی جەریئانە کۆتایی بە قۆرخی دەسەڵات لەناو گۆڕاندا دەھێنێت و بڕیار لە ھەڵبژاردنی ناوخۆیی و ڕێکخەری گشتی و خانەیەکی نوێ و تێکەڵاو لە گەنج و ئافرەت و بڕیار لە ھەڵبژاردنی لیژنەیەکی چاودێری دارای گۆڕان دەدات، ئەوا پێویستە کۆبونەوەیەکی جڤاتی نیشتیمانی لەسەر پرسە ناوخۆییەکانی گۆڕان ئەنجام بدەین و پابەندی ھەر بڕیارێک بین کە لە بەرژەوەندی بزوتنەوەی گۆڕان ئەدرێت".

عەبدوڵا كوێخا موبارەك لە كۆتایی بابەتەكەیدا نووسیوێتی: "ئەگەریش جڤاتی نیشتیمانی جورئەتی بڕیاری ڕاست و دروستی نەبێت و کوڕانی کاک نەوشیروانیش بیانەوێت وەکو کوڕی بەرپرسانی تر خاوەنی دەسەڵات وسەروەت وسامان وکۆمپانیا بن و لە ڕەفائێت و ناز و نیعمەتدا بژین لە نێو ئەم گەلە ھەژار و دەردەدارەی کوردستاندا، ئەوا لەکەدار بونی مێژوی کاک نەوشیروان وشکست و لاواز بونی گۆڕان ئەکەوێتە ئەستۆی ئەوان و یەک بە یەکی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی".