بەرگری شارستانی سۆران: کچێکی ١١ ساڵان لە ڕووباری شانەدەر خنکا

ئەم بابەتە 878 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:

بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران ڕایگەیاند، کچێکی تەمەن ١١ ساڵ لە ڕووباری شانەدەر خنکا و تیمەکانی فریاکەوتن سەرقاڵی گەڕانن بەدوای تەرمەکەیدا.

لە ڕاگەیەندراوێکدا، عیماد کەنعان ڕێکانی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران ڕایگەیاند: "کاتژمێر ٥ـی ئێوارەی ڕۆژی ١٢ـی حوزەیرانـی ٢٠١٨، کچێک بە ناوی ئاسیا عەزیز سەلیم تەمەن ۱۱ ساڵ لە ڕووباری شانەدەری سەربە قەزای مێرگەسۆر خنکاوە".

ئاماژەی بەوەش کرد، ئاسیا لەگەڵ براکەیدا لە قەراغ ڕووبارەکەدا یارییان کردووە و لەوکاتەدا کەوتووەتە ناو ڕووبارەکەوە.

وتیشی، تا کاتژمێر ٨ـی شەوی ڕۆژی ١٢ـی حوزەیرانـی ٢٠١٨، تیمەکان بەدوای تەرمەکەیدا گەڕاون بەڵام لەبەر لێژی و خوڕی ئاوەکە نەیانتوانی تەرمی ناوبراو بدۆزنەوە و لە ڕۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبن لە گەڕان.