دادگای فیدراڵی داوای هەڵوەشاندنەوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ڕەتکردەوە

ئەم بابەتە 591 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:

وتەبێژی دادگای فیدڕاڵی ڕایگەیاند، دادگای فیدڕاڵی داواکارییەکانی ڕاگرتنی جێبەجێکردنی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی لەلایەن پەرلەمانەوە ڕەتکردووەتەوە.

ئیاس ساموک وتەبێژی دادگای فیدراڵی لە ڕاگەیەندراوێکیدا ئاشکرایکرد، ڕۆژی چوارشەممە ١٣ـی حوزەیرانـی ٢٠١٨، دادگا بە سەرۆکایەتی مەدحەت مەحمود و تەواوی ئەندامانی کۆبوونەوەیەکی لەسەر پێنج داواکاری ئەنجامدا، کە داوادەکەن دادگا جێبەجێکردنی هەمواری یاسای هەڵبژاردن ڕابگرێت.

ئاشکراشیکرد، دادگا پێی وایە بڕیاردان لەسەر ئەو داواکارییانە بە سلبی یان ئیجابی بەبێ گوێگرتن لە وەڵامی لایەنی بەرامبەر، لایەنگری بۆ داواکارییەکە دروستدەکات.

ڕوونیشیکردەوە، نەریتی یاسایی ڕێگە بە دادگای فیدراڵی نادات بۆچوونی خۆی بخاتەڕوو لەسەر سکاڵایەکی یاسایی، تا ئەو کاتە بڕیارێکی یاسایی یەکلاکەرەوە لەبارەیەوە دەردەچێت، لەبەر ئەو هۆکارە داوای ڕاگرتنی هەمواری یاسای هەڵوەشاندنەوەیان ڕەتکردووەتەوە.

پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی شەشی ئەم مانگە یاسای هەڵبژاردنی هەموارکردەوە و بڕیاریدا بە ژماردنەوەی دەستیی تەواوی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی دەرەوە و دەنگدانی تایبەتی هەرێمی کوردستان و دەنگدانی مەرجداری ئاوارەکانی عێراق.

هەفتەی ڕابردووش، ڕێبوار تەها سەرۆکی لیستی یەکێتی لە کەرکوک لە دادگای فیدراڵی تانەی لەو بڕیارە دا و داوای هەڵوەشاندنەوەی کرد.