حاكم شێخ لەتیف: پێشمەرگە نەك دەنگی دەبێت خۆشی ھەڵبوەشێتەوە

ئەم بابەتە 2,250 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:

حاكم شێخ لەتیف دەڵێت: پێشمەرگە بەحیساب سوپای بەرگری كوردستانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشە دەرەكییەكان‌و بەرگری لەكوردستان.

حاكم شێخ لەتیف، كە ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق بوو دەشڵێت: پێشمەرگە "نابێت دەست وەرداتە كاروباری سیاسی، یان لە ململانێ سیاسییە ناوخۆییەكان بەكاربھێنرێت".

ئەو قسانەی ئەندامەكەی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەمیانی نووسینێك بووە، كە پرسیاری ئەوەی كردووە ئایا پێشمەرگە لە كوێی ئەم دوو ئەركەدایە.

یەكەم: سەبارەت بە بەرگری ھێڕشە دەرەكییەكان:
عێراق ھێڕشی كردوو ٥٠٪‏ـی خاكی كوردستانی گرتەوە پێشمەرگە نەك ھەر بەرگری نەكرد، بەڵكو پاشەكشەیەكی شەرمەزاروو ئابڕوتكێنی پێكرا.

ئەوە توركیا بە قوڵایی ٣٠ كیلۆمەتر ھاتۆتە ناو خاكی كوردستان دەیەھا بارەگای داناوەو ھەڕەشەی ھاتنە ناوەوەی زیاتریش دەكات ، كەچی پێشمەرگە مێش میوانی نییە ، ئەڵێی سوپای توركیا چووەتە ناو خاكی حەبەشەوە.

ئێرانیش خۆی كەی پێی خۆش بێت و تا كوێ پێی خۆش بێت دەتوانێت بێت و وەڵامی پێشمەرگە لەوەی توركیا زیاتر نابێت.

لەشەڕی داعشیش خۆتان بینیتان چیان وت، تەیارەكانی تەحالوف قەسفیان دەكرد شوێنەكانیان ڕزگار دەكرد ، ئێمەش دەچووین سێڵڤیمان دەگرت.

دووەم: لەبەرانبەردا و لەسەر ئاستی ناوخۆ پێشمەرگە بەكاردەھێنرێت ‌و بەكارھێنران :
لەشەڕی ناوخۆ و ھەزارەھایان لێبەكوشت دان.

لەململانێ سیاسییە ناوخۆییەكان بەكاریان دەھێنن و ھیچ مەرجەكانی سوپایەكی بێ لایەنی نیزامیان تێدا نییەو كراونەتە میلیشیایەكی حیزبی ھەردوو حیزبی دەسەڵاتدارو تەنیا بۆ مانەوەی خۆیان بەكاریان دەھێنن ، چەندین جارە بینیومانە چۆن لەخۆپیشاندانە مەدەنییەكان بە چەك و دارەوە دادەبەزنە سەرجادەكان و خەڵك دەكوژن یان فەلاقەیان دەكەن دەوری بارەگای ھێزە ئۆپۆزسێۆنەكانیش دەدەن‌و تەنانەت تەقەشیان لێ دەكەن.

لەھەموو ھەڵبژاردنەكانی دەنگدانی تایبەت بەكاردەھێنرێن بۆ تەزویری ڕێكخراو بە قازانجی ھەردوو حیزبی دەسەڵات.

بەكارھێنانیان لە گەندەڵی بێ شوماردا ، ئامارەكان دەڵێن ٣٥٠ ھەزار كەس بەناوی پێشمەرگە موچەو دەرماڵەو خەرجی سەربازیان لە بودجەی گشتی بۆ سەرف دەكرێ ، بەڵام ژمارەی ئەوانەی بەڕاستی مووچە وەردگرن لە ٥٠ ھەزار كەس تێناپەڕن، ھەموو ئەو بودجە زیادەش دەڕوات بۆ ئەمیرەكانی جەنگی ھەردوو ھێزی ٧٠ و ٨٠ ، بۆیە لەدوای ناردنی پڕۆژە یاساكەی حوكمەت تایبەت بە ڕێكخستنەوەی مووچەو نەھێشتنی موچەی بن دیوار فەرماندەكای ئەو دوو ھێزە فشاری زۆر لەسەر پەرلەمان دەكەن بۆ ئەوەی یاساكە تێ نەپەڕێت تەنانەت ھەڕەشەشیان كردبوو.

حاكم شێخ لەتیف جەختیكردووەتەوە، كە كەواتە پێشمەرگە بەم شێەوەیەی ئێستای "گەورەترین بارگرانییە بەسەر میللەتەوە بێ ئەوەی ھیچ سودێكی ھەبێت ، بەپێچەوانەوە بووەتە ئامڕازێك بەدەست دەسەڵاتەوە بۆ گەندەڵی و لێدانی خەڵك ، دەبێ یان ڕزگار بكرێت و بكرێتەوە بە سوپای بەرگری كوردستان یان ھەڵبوەشێتەوە".