پڕۆژە پەسەند کراوەکەی پەڕلەمان پێچەوانەی دەستوور و یاساکانی کۆمیسێۆنی هەڵبژاردنی عێراق-ە

ئەم بابەتە 820 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:

لایەنە دۆڕاوەکانی عێراق دەیانەوێت عێراق بەرە و هەڵدێر بەرن و شکستی خۆیان بشارنەوە لە کاتێکدا حکوومەت و پەرلەمانی عێراق چەندین پێشێلکاریی دەستووریی و یاساییان ئەنجام داوە.

لە کاتێکدا پەرلەمانی عێراق ماوەی بەسەرچووە و مافی پەسەندکردنی پرۆژەیاساکانی نییە، ئەو پێشێلکارییە یاسایی و دەستوورییانەی دانیشتنی رۆژی چوارشەممە ٦ـی حوزەیرانـی ٢٠١٨، پەرلەمانی عێراقی بریتین لە؛

- پەرلەمان ئێستا تەنیا دەتوانێ پێشنیازی یاسایی بکات و بیداتە حکوومەت بۆ ئەوەی حکوومەت بیکاتە پرۆژەیاسا و بینێرێتە پەرلەمان، خۆی ناتوانێ پرۆژەیاسا پێشکەش بکات.

- دەستووری عێراقی و پەیڕوی ناوخۆی پەرلەمان رێگایان بە بەکراوەیی ھێشتەوەی دانیشتنەکان نەداوە.

- پەرلەمان لەو دانیشتنەدا، خۆی وەک لایەنێکی کێشەکانی دوای ھەڵبژاردن نیشان دا و ھەر خۆیشی وەک داوەرێک رەفتاری کرد. ئەو کارەشی لە بەرژەوەندیی ئەندامە شکستخواردووەکانی لە ھەڵبژاردن، کرد.

- کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق پەیوەست نییە بە پەرلەمان، تەنیا دەکەوێتە ژێر چاودێریی پەرلەمان.

پەرلەمان دەسەڵاتی دەرکردنی کۆمسیارانی کۆمسیۆن و دانانی دادوەر لە شوێنی ئەو کۆمسیارانەی نییە.

- ئەنجومەنی وەزیرانیش دەسەڵاتی دروستکردنی لێژنەیان بۆ دەستوەردان لە کاروباری کۆمسیۆن، چونکە کۆمسیۆن دەستەیەکی سەربەخۆیە.

لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە ٦ـی حوزەیرانـی ٢٠١٨، پەرلەمان تاوتوێی پرۆژەیاسای ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنی کرد و پەسەندی کرد. پرۆژە پەسەندکراوەکە پێچەوانەی ھەموو یاساکانی دیکە، بەسەر ھەڵبژاردنێکدا جیبەجێ دەکرێت، کە بەر لە پەسەندکردنی ئەو پرۆژەیەی ھەموارکرد، ئەنجام دراوە.