کوڕی فەرەیدون عەبدولقادر بەچوار سال زیندانی کردن سزا درا

ئەم بابەتە 4,525 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:

دادگای سلێمانی سزای زیندانی كردن بۆ ماوەی چوار ساڵی بەسەر كورێكی فەرەیدون عەبدولقادر سەپاند بە شێوەی ئامادە نەبوو.

بەگوێرەی هەواڵێكی رۆژنامەی ئاوێنە كە ئەمرۆش لە دوا ژمارەی خۆیدا بڵاوی كردووەتەوە، پاش تێپەڕینی‌ نزیكەی‌ هەشت ساڵ بەسەر روداوی ئاگركەوتنەوەكەی ئۆتێل سۆما لەشاری سلێمانی، دادگا سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەر تۆمەتبارێكی كەیسەكەدا سەپاندوە كە كوڕی‌ فەرەیدون عەبدولقادری‌ ئەندامی‌ پێشوی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ یەكێتییە.

رۆژنامەكە باس لەوەش دەكات، دوو تۆمەتباری دیكەی كەیسەكە كە بەپێی بۆچونی پێشتری دادگای تەمیز دەبو حوكم بدرانایە، بێ سزا دەرچون و دواتر دادگای تەمیزیش لەو بۆچونەی پاشگەزبۆتەوە.

عوسمان سدیق، پارێزەری قوربانیانی كەیسی‌ ئاگركەوتنەوەكەی‌ ئوتێل سۆما، بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە: لەساڵی ٢٠١٣دا دادگای تاوانەكانی سلێمانی، بڕیاری ئازادكردنی سێ تۆمەتباری سەرەكی كەیسەكەی‌ دەركردوە، بەڵام دواتر لە ٢٠/٤/٢٠١٥ بڕیارەكەی دادگای تاوانەكانی سلێمانی لەلایەن دادگای تەمیزەوە هەڵوەشێنراوەتەوە ‌و داوای‌ كردووە ئەو سێ تۆمەتبارە حوكم بدرێن كە بریتین لە(ش. ب. ع.)، بەرپرسی ئیدارەی ئۆتێلەكە. (ن. ع. أ.) و (ع. ق. ر.) كە هەردوكیان خاوەنی مۆڵك‌و بینای ئۆتێلەكەن.

یەكێك لەو سێ كەسە بەگوێرەی وتەی رۆژنامەكە كوڕی فەرەیدون عەبدولقادر، ئەندامی پێشوی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە، پارێزەری كەیسەكە لە قسەكانیدا دەڵێت "دادگا كە لە 2017 بڕیاریداوە بەئازادكردنی هەردوو تۆمەتبار (ن. ع. أ.) و (ع. ق. ر.) و تەنیا (ش. ب. ع.)ی حوكمداوە بەچوار ساڵ زیندانی بەشێوەی غیابی، دواتریش لەلایەن دادگای تەمیزەوە ئەو حوكمە پاڵپشتی كراوە".