ئەردۆگان هێرشێکی توند دەکاتە سەر دەسەڵاتدارانی عێراق و بە ”بێ گوێ ” ناویان دەبات

ئەم بابەتە 3,040 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:

رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، ١٠ ساڵ پێش ئێستا بە دەسەڵاتدارانی عێراقمان ووت ئاو عەمبار بکەن و بە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەی ووت '' ئەوان گوێیان نییە''.

لە دوو رۆژی رابردوودا کاریگەرییەکانی بەنداوی (ئەلیسۆ) لەسەر رووباری دیجلە لە عێراق دەرکەوت بەتایبەتی لە شارەکانی بەغدا و موسڵ لە باکور و ئاستی ئاوەکە بەرێژەی %٥٠ زیاتر کەمیرکرد کە ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کشتوکاڵی هاوڵاتیان و جوتیارانی رۆخی رووبارەکە دەبێت.

ئەردۆگان لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، هەرگیز لەبڕیاری پڕکردنی بەنداوی ئەلیسۆ پاشگەز نابینەوە و پێوییستە لەسەر عێراق کە رێز لە ڕا و بەرژەوەندی گەلەکەمان بگرێت.

ئەردۆگان روونیشیکردەوە، هەر کات بەنداوی ئەلیسۆ پڕبوو، ئەوا هەموو شتێک بۆ سروشتی خۆی دەگەڕێتەوە و ئێمە ماوەی ٥ ساڵە چاوەڕوانی ئەم رۆژه دەکەین.

سەرۆکی تورکیا هەروەها ووتیشی: '' ١٠ساڵ پێش ئێستا بوو کە بەدەسەڵاتدارانی عێراقمان ووت ئاو عەمبار بکەن و بەنداو دروست بکەن بۆ وڵاتەکەتان و گەلەکەتان، بۆچی دەبێت ئاو لە کەنداوی عەرەبی بەبێ سوود بەهەدەر بڕوات؟ بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراق هیچیان نەکرد و ئەوان گوێیان نییە''.

راشیگەیاند، بەنداوی ئەلیسۆ ناوچەکانی باکوری رۆژهەڵاتی تورکیا ( باکوری کوردستان) دەکاتە گەورەترین ناوچەی کشتوکاڵی و گەشتیاری و بەرهەمهێنانی کارەبا، هەروەها وەبەرهێنەرانمان بۆ رادەکێشێت.