عادل موراد كۆچی دوایی كرد

ئەم بابەتە 677 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:

سكرتێری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ناوه‌ندی‌ و ئه‌ندامی‌ ده‌سته‌ی‌ دامه‌زرێنه‌ری‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان له‌ ته‌مه‌نی‌ ٦٩ ساڵیدا له‌ وڵاتی‌ ئه‌ڵمانیا كۆچی‌ دوایی كرد.

میدیاكانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌ کاتژمێر ١٠:١٥ خولەکی به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌ ١٨ـی ئایارـی ٢٠١٨، عادل موڕاد سكرتێری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ناوه‌ندی‌ یه‌كێتی‌ كۆچی‌ دوایی كرد.

ئاماژه‌شیان به‌وه‌دا كه‌ دوای‌ ململانێیه‌كی‌ سه‌خت له‌گه‌ڵ‌ نه‌خۆشی‌، عادل موڕاد له‌ وڵاتی‌ ئه‌ڵمانیا كۆچی‌ دوایی كردووه‌.

هاوكات ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا هه‌واڵی كۆچی دوایی عادل موراد ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر و سكرتێری ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی راده‌گه‌یه‌نێت.

ئه‌مه‌ش ده‌قی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یه‌:

كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان

ئه‌ندام و كادیر و هه‌ڤاڵانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان

به‌داخ و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه‌ هه‌واڵی كۆچی دوایی هه‌ڤاڵ عادل موراد ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و سكرتێری ئه‌نجومه‌نه‌كه‌مان، ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی (ی.ن.ك) راده‌گه‌یه‌نین، به‌م بۆنه‌ خه‌مناكه‌وه‌ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی له‌ خۆمان و كه‌سوكار و خانه‌واده‌ و هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌رانی و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك به‌ گشتی و جه‌ماوه‌ری یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان به‌ تایبه‌تی ده‌كه‌ین، به‌ڵێن دووپاتده‌كه‌ینه‌وه‌ درێژه‌ پێده‌ری رێبازه‌ پیرۆزه‌كه‌ی بین.

 


ژیاننامه‌ی عادل موراد، سكرتێری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ناوه‌ندی‌ و ئه‌ندامی‌ ده‌سته‌ی‌ دامه‌زرێنه‌ری‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان:

عادل موراد، له‌ دایكبوونی ساڵی ١٩٤٩ـی شاری به‌غداده‌ و به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر كورده‌ فه‌یلییه‌كان.
خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌ خوێندنگه‌ی كوردانی فه‌یلی و ھه‌ردوو قۆناغی ناوه‌ندی و ئاماده‌یی له‌ به‌غدا ته‌واو كردووه‌.

عادل موراد، سه‌ره‌ڕای دووری له‌ كوردستان ژیانی سیاسیی له‌ پێناو كوردایه‌تیدا به‌ زوویی ده‌ستپێكردووه‌.
له‌و پێناوه‌شدا له‌ ساڵی ١٩٥٦ـدا له‌ به‌غدا په‌یوه‌ندی به‌ رێكخستنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌.

له‌ ساڵی ١٩٦٦ـدا له‌ به‌شی كیمیای كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی زانكۆی به‌غدا وه‌رگیراوه‌و له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌رپه‌رشتی به‌شێكی رێكخستنه‌كانی به‌غدادی كردووه‌.

له‌ ساڵی ١٩٦٩ كاتێك به‌شێكی رێكخستنه‌كان ئاشكرا ده‌بن و واز له‌ خوێندن ده‌ھێنێت و روو ده‌كاته‌ شاخ و ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌.

له‌ ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا ده‌بێته‌ ئه‌ندامی ناوچه‌ی پارتی له‌ ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی و له‌ ھه‌مان كاتدا له‌به‌ر كه‌می مامۆستای گونده‌كان، له‌ خوێندنگه‌ی یه‌كێك له‌ گونده‌كان ده‌ست به‌كاری مامۆستایه‌تی ده‌كات.
پاش راگه‌یاندنی به‌یاننامه‌ی ١١ـی ئازارـی ساڵی ١٩٧٠ له‌ كۆنگره‌ی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان به‌ سكرتێری یه‌كێتیه‌كه‌ ھه‌ڵده‌بژێردرێت.
له‌دوای ئه‌مه‌ عادل موراد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌غدادو تا ساڵی ١٩٧٤ و به‌ر له‌ ده‌سپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌ نێوان كوردو رژێمیدا، به‌غدا به‌جێ ده‌ھێڵیت.
دواترو له‌ پاش ھه‌ره‌س ھێنانی شۆڕشی ئه‌یلول له‌ ساڵی ١٩٧٥ ئاواره‌ی ئێران ده‌بێت و ھه‌ر له‌و ساڵه‌شدا ئێران به‌جێده‌ھێڵیت و روو ده‌كاته‌ وڵاتی سوریا.
كاتێك ده‌چێته‌ سوریا، له‌وێ له‌گه‌ڵ مام جه‌لال په‌یوه‌ندی دروست ده‌كات و به‌شدار ده‌بێت له‌ دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان.
دوا به‌دوای دامه‌زراندنی یه‌كێتی، لێپرسراوێتی رێكخستنی نێو وڵاتی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ و دواتریش بۆ دروستكردنی رێكخستن له‌ ئه‌وروپا، ده‌چێته‌ ئه‌وروپا و توانی بناغه‌یه‌ك بۆ رێكخستنی یه‌كێتی له‌ چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وروپی دابنێت.

پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ سوریا، له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی دیكه‌ی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ردا سه‌رقاڵی دابینكردنی پێویستیه‌كانی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خه‌باتی چه‌كداری ده‌بێت له‌ كوردستان و له‌م رووه‌وه‌ لێپرسراوی ئه‌ركه‌ لۆجستیه‌كان و ناردنی مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی بۆ ناو وڵات ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ...

له‌ مانگی كانوونی دووه‌می ساڵی ١٩٧٩ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كوردستان و له‌ ناوزه‌نگ ده‌گیرسێته‌وه‌.
به‌ڵام له‌ مانگی شوباتی ھه‌مان ساڵدا، له‌به‌ر ھه‌ندێك ھۆكاری سیاسی واز له‌ یه‌كێتی ده‌ھێنێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سوریا، پاشان له‌ رۆژنامه‌ی سه‌فیر وه‌ك رۆژنامه‌نووس ده‌ست به‌كار ده‌بێت.

له‌ ساڵی ١٩٨١ په‌یوه‌ندی به‌ حزبی سۆسیالیستی كوردستان ده‌كات و له‌ كۆنگره‌ی یه‌كه‌می ئه‌و حزبه‌دا كه‌ له‌ مانگی ئایاردا به‌سترا، به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی ھه‌ڵده‌بژێردرێت.

پاشان و له‌ ساڵی ١٩٩٤ په‌یوه‌ندی به‌ ریزه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌و پله‌ی ئه‌ندامی كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی پێده‌درێت.
دواتر له‌ شاری ھه‌ولێر لێپرسراوێتی مه‌كته‌بی ناوه‌ندنی راگه‌یاندی یه‌كێتی پێ ده‌سپێردرێت و تا ساڵی ٢٠٠٠ به‌رده‌وام ده‌بێت.

ھه‌ر له‌ ھه‌مان ساڵدا وه‌ك لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی له‌ سوریا دیاریده‌كرێت..
له‌ كانوونی دووه‌می ساڵی ٢٠٠٣ ـدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كوردستان و به‌شدار ده‌بێت له‌و ھه‌وڵانه‌ی كه‌ بۆ رژێمی به‌عس له‌ ئارادا بوون.

له‌گه‌ڵ رووخانی رژێمی به‌عس له‌ ساڵی ٢٠٠٣ـدا ده‌چێته‌ به‌غداو ئه‌ركی په‌یوه‌ندی و دیپلۆماتكارانه‌ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆو ماوه‌یه‌كیش له‌ ئه‌نجوومه‌نی حوكم نوێنه‌ری سه‌رۆك مام جه‌لال ده‌بێت.

ساڵی ٢٠٠٤ ده‌بێته‌ باڵیۆزی عیراق له‌ رۆمانیا.
له‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی ٢٠١٠ له‌ كۆنگره‌ی سێیه‌می یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا خۆی بۆ كۆمیه‌تی سه‌ركردایه‌تی ھه‌ڵنابژێرێت. له‌ ساڵی ٢٠١٢ـدا لێپرسراوێتی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتیی پێده‌درێت. كه‌ ئه‌مه‌ دوایین وێستگه‌ی كاری سیاسی به‌گشتی و به‌تایبه‌تیش له‌ ناو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌بێت.