یەکێتی دەنگ نەھێنێ، ئـەی کێ دەنگ بێنێ؟

ئەم بابەتە 1,883 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:

سەرەتا دەبێت بڵێم ھێزی کڕین (قوەی شرائی) کورسیەکانی یەکێتی لەھی ھەر ھێزێکیتر گەورە ترە، بۆ نمونە ئـەگەر تۆ ١٠ ھەزار دیناری عیراقی و ١٠ ھەزار لیرەی تورکی و ١٠ ھەزار دۆلاری ئـەمریکیت پێبێت ، ڵەبازاڕدا وەک ژمارە ھەمویان ١٠ ھەزارن و یەکسانن، بەڵام لەڕوی توانای کڕین و بەھێزیەوە ١٠ ھەزار دۆلارە ئـەمریکیەکە سەدان جار بەبەھاترە، جا کورسیەکانی یەکێتیش ئـاوھان، ئـەمە بەھۆی ھێزی پشت کورسیەکەیە کەبریتیە لەھەزاران شەھیدو تێکۆشەری دێرین وپێشمەرگەو زانیاری و پەیوەندیەکی حساب بۆ کراوی ئـیقلیمی ونێودەوڵەتی، لەڕونوبونەوەی ئـەنجامی ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی عیراقەوە، ئـەو حزبانەی تاکە خاڵی ھاوبەشیان گەلەکۆمەکێیە لەیەکێتی دەڵێن یەکێتی چی کردووە ئـەم دەنگانە بێنێ؟!

١/ یەکێتی حزبێک نەبووە باکورو باشوری یان مەیدانی کارکردنی تووی مەلیک و تاسڵوجە بێت، بەڵکە ساحەکەی یەکێتی لەباشور زاخۆ تا حەمرین و ڕۆژئـاواو باکورو ڕۆژھەڵاتی کوردستان بووە، بیرتانە تورکیا وتی حزبەکەی تاڵەبانی ھاوکاری تیرۆرەو ئـاسمانی بەڕودا داخست؟ ئـەمەڕونە.

٢/ پێشتر تەنیا گۆڕان ھەبوو پوختەی خیتابەکەی دژایەتی دەسەڵات بوو، ئـێستا ٤ حزب (گۆڕان+نەوەی نوێ+ھاوپەیمانی+کۆمەڵی ئـیسلامی) ھەمان ختاب و ھەمان قسە دەکەن کەواتە ھەمان جەماوەر یان دەنگدەر ئـێستا دابەشی ٤ دەبێت.

٣/ ڕێژەی بەشداری ھەڵبژاردن لەسلێمانی نەگەشتۆتە ٥٥٪ ، لەو ژمارەیە یەکێتی عاقڵانە زۆربەی زۆری ڕێکخستن و دەنگدەری خۆی نارد بۆ دەنگدان.

٤/ لەپارێزگای ھەولێر یەکێتی دەسەڵاتی ئـەمنی وئـیداری وکۆمسیۆنی نییە، ئـەی لەوێ گۆڕان وھاوپەیمانی بۆ چوارەم و پێنجەمن؟ ھاوڕێ تۆ کابانی ماڵ دەنگی نەداوێتێ یەکێتی بڵێ چی! ئـەگەر بەمەنتقەکەی خۆتان بیڵێم کەواتە لەھەولێر نەوەی نوێ ھاکی کردون!

٥/ خاڵی بەھێزو پاڵەوانی سەرکەوتنەکانی ئـەمجارەی یەکێتی بنکە بەھێزو نەلەرزیوەکەی بون لەگەڵ ئـەو دەموچاوە خۆشەویستانەی کەقیادەی بانگەشەیان کردو شارو شارۆچکە نەما بۆی نەچن و جەماوەر تاو نەدەن.

٦/ برادەرانی ئـەزیز ئـێوە بیرتانچووە یەکێتی لە ٢٠١٤ کەدواین ھەڵبژاردنکرا تا ئـێستا زیاد لەھەزارو پەنجا شەھیدی دیکەی بەرامبەر تیرۆرێک داوە لەبری ھەموو جیھان.

٧/ برادەران یەکێتی حزبێک نییە ڕەگ و ڕیشەکەی لەفەیسبوک بێت بەڵکە حزبێکە ڕیشەی لە ٢٠ ھەزار بنەماڵەی شەھیدو ھەر چوار پارچەی کوردستانە.

٨/ لەماوەی کەمتر لە ١٠ ساڵدا ٢ جێگری سکرتێری یەکێتی جیابونەوەو حزبی ڕکابەری یەکێتیان دروست کرد بەبێ ئـەوەی یەک کەس خوێن لەپەنجەی بێ! ئـەمە زۆر نییە بۆ ئـەم ناوچەیە؟

٩/ لەدوای ١٦ ی ئـۆکتۆبەر یەکێتی کەرکوک و کەرکوکیەکانی جێنەھێشت، مایەوەو بووەوە قەڵا بۆیان و لەبری ھەموو حزبە کوردیەکان، خەڵکی کەرکوک ئـیتر تێگەشت کشانەوەی تاکتیکی نەبوایە کەرکوک جگە لەلەدەستدانی ئیدارەکەی دەبووە شارێکی وێران و داڕوخاو لەگەڵ شەھیدبونی ھەزاران ڕۆڵەی کورد، تۆبڵێی ھەبێت ئـەمەی پێخۆش بێ؟

١٠/ یەکێتی ئـەو حزبەبوو کە ڕەحمەتی کاک نەوشیروان بە ٢٥ کورسی پەرلەمانەوە ھات لەگەڵ یەکێتی ڕێکبکەوێت چونکە دڵنیابوو ئـەو خەونەی ھەیبوو دەبێ لەڕێی ھێزو قورسایی یەکێتیەوە بەدیبێنێت، ئـەم بەڕێزانەی ئێستای ھێزە ڕکابەرەکانی یەکێتی ھیچیان نە لەکاک نەوشیروان کاریزماترن نەلەو دەست و دەم و داوێن پاکترن!

رێکەوت زەکی