ھەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا پێشدەخرێت

ئەم بابەتە 535 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:
بەرپرسێکی باڵای تورکیا ئاشکرای دەکات، پێویست ناکات زۆر چاوەڕوان بین بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان بە تەواوەتی ببێتە وڵاتێکی خاوەنی سیستمی سەرۆکایەتی، پێویستە ھەڵبژاردن پێش بخەین. ساڵێک بەسەر ریفراندۆمی تورکیا بۆ زیادکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار و گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی تێدەپەڕێت و بەرپرسێکی باڵاش پێی باشە زوو بە زوو ھەڵبژاردن بکرێت بۆ ئەوەی ئەنجامی ریفراندۆمەکە بکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، چونکە تا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی نەکرێت ئەو دەسەڵاتانەی دراونەتە سەرۆک کۆماری چالاک ناکرێن. بەکر بوزداغ جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایگەیاندوە، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) سەرقاڵی تاوتوێکردنی پرسی پێشخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانە، لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١٩ وە بۆ مانگی ٨ی ساڵی ٢٠١٨ واتە پاش چەند مانگێکی تر. ئەم لێدوانەی بوزداغ لە کاتێکدایە کە پێشتر دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی میللی ھاوپەیمانی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا داوایکردبوو ھەڵبژاردنەکان پێشبخرێن.