کۆمسیۆن: ٦٠ لیست و کاندید بەهۆى پێشێلکارییەکانى هەڵبژاردنەوە سزادراون

ئەم بابەتە 340 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:

کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان لە عێراق ئاشکرایکرد بەهۆى پێشێلکاری و دەرچوون لە ڕێنماییەکانى هەڵبژاردن ٦٠ لیست و کاندیدیان سزاداوە.

كەریم تەمیمی، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “ئەنجومەنی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان سزای توندی دژی ٦٠ كاندید و قەوارەی سیاسی بەشدار لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دەرکردووە”.

ڕاشیگەیاند، هەر قەوارە و کاندیدێک لە بانگەشەی هەڵبژاردن سەرپێچی رێنماییەکانی کۆمیسیۆن بکات سزادەدرێت، سزای کۆمیسیۆنیش بۆ قەوارەکان پێنج ملیۆن دینار و بۆ کاندیدەکانیش سێ ملیۆن دینارە.

وتەبێژى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق جەختى لەوەشکردووەتەوە، كاندیدەکان و پارتەكان سەرپێچی دووبارەبكەنەوە ئەوكات كۆمیسیۆن سزا داراییەکە دوو هێندە زیاد دەكات، ئەگەر جاری سێیەمیش سەرپێچییان كردەوە، ئەوكات متمانە لە كاندید و پارتەكەش وەردەگرنەوە”.

لە ڕۆژى ١٤ـى ئەم مانگەوە لە عێراق و لە ڕۆژى ١٥ـى مانگیشەوە لە هەرێمى کوردستان بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دەستیپێکردووە کە بڕیارە ڕۆژى ١٢ـى ئایار بەڕێوەبچێت.