پارتى بۆ زیانگه‌یاندن به‌ هێزێكى كوردستانى، په‌ناى بۆ به‌غدا برد

ئەم بابەتە 4,198 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا كه‌ سه‌ر به‌ پارتى دیموكراتى كوردستانه‌ بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ده‌كات “پارتى كرێكارانى كوردستان و حكومه‌تى عێراق له‌باره‌ى به‌ فه‌رمى ناساندنى (په‌كه‌كه‌) له‌ قه‌زاى شه‌نگال، به‌نیازى رێككه‌وتن بوون”، به‌ڵام ده‌شڵێت “دوای كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئه‌و هه‌وڵ و پیلانگێڕییه‌مان پووچه‌ڵكرده‌وه‌”.

(به‌شار كیكی) سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌ ئاژانسى ئه‌نادۆڵى توركیاى راگه‌یاندووه‌ “په‌كه‌كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك شه‌رعییه‌تی نییه‌ له‌ شه‌نگال و وه‌ك ئیداره‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ئه‌نجام ناده‌ین، هه‌ڵوێستی ئێمه‌ جێگیر و نه‌گۆڕه‌ كه‌ ده‌بێت په‌كه‌كه‌ له‌ شاره‌كه‌ ده‌ربچێت و هه‌وڵه‌كانیشمان چڕكردووه‌ته‌وه‌ بۆ ده‌ركردنی ئه‌و گروپه‌ ناشه‌رعییانه‌”.

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌ “چه‌ند وه‌زیرێك له‌ حكومه‌تی عێراق به‌ پێچه‌وانه‌ی یاسا ده‌سه‌ڵاته‌كانیان به‌كارهێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رعییه‌ت به‌ مانه‌وه‌ی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ بده‌ن له‌ شه‌نگال، له‌ رابردوو پێشوازییان له‌ شاندێكی په‌كه‌كه‌ كردووه‌ له‌ به‌غدا و له‌ به‌رنامه‌ی داهاتووشیاندابوو لیستێك له‌ داواكارییه‌كانی په‌كه‌كه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن كه‌ سه‌ره‌كیترینیان به‌ شه‌رعی ناساندنی په‌كه‌كه‌ له‌ شه‌نگال بوو”.

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو “دوای كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، ئه‌و هه‌وڵ و پیلانگێڕییه‌مان پووچه‌ڵكرده‌وه‌ كه‌ په‌كه‌كه‌ و چه‌ند وه‌زیرێكی حكومه‌تی عێراق مه‌به‌ستیان بوو ئه‌نجامی بده‌ن”.