نێچیرڤان بارزانی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و چالاکییەکانی مەسعود بارزانی لە تۆڕی میدیایی ڕووداو قەدەغە دەکات

ئەم بابەتە 22,213 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:

ناكۆكییە نێوخۆییەكانی پارتی و دژایەتیكردنی باڵەكەی (نێچیرڤان بارزانی) لەپەرەسەندندایە، بەجۆرێك كار گەیشتۆتە ئەوەی بڵاوكردنەوەی هەواڵەكانی (مەسعود بارزانی) سەرۆكی پارتی لە (كەناڵی رووداو) قەدەغە دەكرێت كە لەلایەن (نێچیرڤان بارزانی)یەوە خاوەنداری دەكرێت.

دەرئەنجامەكانی ریفراندۆم پارتی شپرزەكردووە، ئێستاش ناكۆكییەكان پێیان ناوەتە قۆناغێكی نوێیوە و تادێت دژایەتیكردنی (مەسعود بارزانی) سەرۆكی پارتی بۆ (نێچیرڤان بارزانی) برازای زیاتر دەكات كە پێیوایە نەك هەر پشتیوانی ریفراندۆمەكەی نەكردوون، بەڵكو دژایەتیشیكردووە و دوای ئەنجامدانی پرۆسەكەش هەموو هەوڵێكی بۆ نزیك بوونەوە بووە لە (حەیدەر عەبادی) سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمەش لەگەڵ بانگەشەكانی (مەسعود بارزانی) بۆ سەربەخۆیی و دژایەتیكردنی بەغدا یەكناگرێتەوە.

لەوچوارچێوەیەشدا (مەسعود بارزانی) بڵاوكردنەوەی هەواڵ و چالاكییەكانی لە كەناڵی (رووداو) قەدەغە كراوە، كە لەلایەن (نێچیرڤان بارزانی) برازای خاوەنداری دەكرێت و هەڕەشەی ئەوەشیلێكردوون كە ئەگەر پابەند نەبن بە بڕیارەكەوە، ئەوا كەناڵەكەیان دادەخات.

هەر بەو هۆیەشەوەیە كەناڵی (رووداو) ناتوانێت هیچ هەواڵێكی (مەسعود بارزانی) بڵاوبكاتەوە، لەوانەش چاوپێكەوتنەكەی ٢٧ی ١ی ٢٠١٨ی كەناڵی بی بی سی لەگەڵ مەسعود بارزانی، پەیامەكەی (مەسعود بارزانی) لە یادی راپەڕین و پایەمەكەی سەرەتای ئەم هەفتەیەش كە بە بۆنەی (١١ی ئادار)ەوە راگەیاندن، هیچیان لە كەناڵی (رووداو) بڵاونەكرانەوە، بەڵام لەكەناڵەكانی دیكەی پارتی بایەخی زۆریان پێدرا.

جگە لەوەش نووسینگەی (مەسعود بارزانی) (رووداو)ی ناچار كردووە، هەواڵەكانی سەرۆكی پارتی لە ئەرشیفی ماڵپەڕەكەیدا بسڕێتەوە، ئەم ناكۆكییانەش دوای ئەوە پەرەیان سەند كە (مەولود چاوشئۆغڵو) وەزیری دەرەوەی توركیا ئاشكرایكرد كە (نێچیرڤان بارزانی) دژی ریفراندۆمەكەی (مەسعود بارزانی) سەرۆكی پارتی دیموکڕاتی کوردستان بووە.