پەرلەمانتارێكی عێراق: سوپای توركیا لە بەرژەوەندی پارتی هاتۆتە نێوخاكی هەرێم و پیلانی داگیركردنی كەركوكیشیان هەیە

ئەم بابەتە 1,467 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات كە هێزە سەربازییەكەی توركیا لە بەرژەوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان هاتۆتە نێو خاكی هەرێمی كوردستانەوە و پیلانیشیان هەیە كەركوك داگیر بكەن.

(محەمەد عوسمان) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: بوونی سوپای تورکیا له‌ خاکی باشوری کوردستان، پێشلکاریه‌ به‌رامبه‌ر به‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌کان و به‌زاندنی سه‌روه‌ری خاکی عێراقه، هه‌م په‌رله‌مانی هه‌رێم، هه‌میش په‌رله‌مانی عێراق بڕیاری داوه‌ به‌ ده‌رکردنی ئه‌م سوپایه‌.

(محەمەد عوسمان) ئەوەشیخستەڕوو، كە سوپای توركیا ئامانجی داگیركردنی باشوری كوردستان و لەنێویشیاندا ئامانجی داگیركردنی كەركوكی هەیە و وتیشی، “ئه‌وه‌ی جێگای نیگه‌رانیه‌ تاوه‌کو ئێستا هێزه‌ کوردستانیه‌کان نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌و مه‌ترسیه‌ له‌سه‌ر خۆیان لابه‌رن، ئه‌وه‌ی جێگای داخه‌ به‌شێک له‌ حزبه‌کانی کوردستان وا تێگه‌یشتوون، که‌ به‌له‌ناوبردنی هێزێکی کوردی ده‌بنه‌ ئاغای کوردستان، به‌ڵام ڕۆژێک دێت ئه‌و حزبه‌ش نامێنێت و داگیرکه‌رانی کوردستان خاکاکه‌مان داگیر ده‌که‌ن، ده‌بێت کورد له‌ خاڵی سفر و ئه‌ی ڕه‌قیبه‌وه‌ ده‌سپێبکاته‌وه”‌.

راشیگەیاند: كە “له‌ کاتی شه‌ڕی ناوخۆ، تورکیا ده‌وری خراپی بینی، ئه‌و کاته‌ به‌چه‌کی قورس ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی بۆردومان کرد، و په‌لاماری سه‌نگه‌ره‌کانی هێزه‌کانی یه‌کێتی-یان ده‌دا، له‌ جێگای هێزێکی هه‌رێمایه‌تی، بوو به‌ هێزێکی ده‌مکداری لایه‌ندار، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌زیانی خه‌ڵکی کوردستان یه‌کلابووه‌وه‌، له‌ لایه‌کی تر پارتی دیموکرات له‌گه‌ڵ پارتی کرێکارانی کوردستان، کێشه‌و ململانێیه‌کی درێژیان هه‌یه‌، ئه‌م هێزه‌ش ئێستا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارتی کار ده‌کات، ئه‌وه‌ تاوانێکی گه‌وره‌یه‌ که‌ هێزێکی کوردی بۆ یه‌کلای کردنه‌وه‌ی کێشه‌کانیان په‌نا بۆ سوپایه‌کی داگیرکه‌ر به‌رن”.

(محەمەد عوسمان) هۆشداریدا لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی مانەوەی توركیا لە باشوری كوردستان و هەولدا بۆ داگیركردنی و رایگەیاند، ئه‌م سوپایه‌ کێشه‌ی زۆری دروست کردووه‌، وه‌ به‌شێکه‌ له‌ ململانێ سیاسه‌کان، به‌ تایبه‌ت له‌گه‌ڵ هێزه‌ کوردستانیه‌کانی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان، ئه‌مه‌ش دیاره‌ به‌ زه‌ره‌ری هاوڵاتیان و گه‌لی کورد ده‌شکێته‌وه‌.

جێی ئاماژەیە زیاتر لە (٢٠) ساڵە سوپای توركیا لەسەر داوای پارتی دیموکراتی کوردستان چەندین بنكەی سەربازیی لەنێو خاكی باشوری كوردستاندا دروست كردووە و چەند مانگێكیشە لەسەر بنەمای رێككەوتنێكی نوێی (پارتی دیموکڕاتی کوردستان و پارتی دادو گەشەپێدان) كە (رەجەب تەیب ئەردۆغان) سەرۆک کۆماری تورکیا سەرۆكایەتی دەكات، سوپای توركیا ناوچەیەكی ئەمنیی بۆ دژایەتیكردنی (پەكەكە) لەسەر سنووری نێوان (باكور و باشوری كوردستان) دروستكردووە.

سەرچاوە: سایتی (ڕۆژنیوز)