یه‌كێتی‌ له‌سه‌ر هێنانی‌ هێز بۆ سنوری‌ كه‌ركوك وه‌ڵامی‌ پارتی‌ ده‌داته‌وه‌

ئەم بابەتە 5,828 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:

یه‌كێتیی‌ نیشتمانی‌ له‌باره‌ی‌ ره‌وانه‌كردنی‌ هێزێكی‌ زۆر به‌چه‌كی‌ قورسه‌وه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ عیراقه‌وه‌ بۆ سنوری‌ كه‌ركوك دێته‌ده‌نگ و جێگری لێپرسراوی‌ مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی‌ یه‌كێتی رایده‌گه‌یه‌نێت”له‌ئێستاشدا دۆخی‌ كه‌ركوك گۆڕانێكی‌ ئه‌وتۆی‌ به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌، ئیتر ناكرێت زانیاری‌ نادروست بڵاوبكرێته‌وه‌ بۆ مه‌رامی‌ دیكه‌” و ئامانجی‌ هێنانی‌ ئه‌و هێزه‌ش ئاشكراده‌كات.

(ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود) جێگری لێپرسراوی‌ مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگه‌یاند: “(كه‌مال كه‌ركوكی‌) ده‌یه‌وێت خۆی‌ وه‌ك پاڵه‌وانی‌ كه‌ركوك نیشان بدات، بۆیه‌ هه‌میشه‌ به‌وشێوه‌یه‌ قسه‌ له‌سه‌ر پارێزگای كه‌ركوك ده‌كات كه‌ عیراق ده‌یه‌وێت په‌لاماری‌ كه‌ركوك بدات و شه‌ڕی‌ له‌گه‌ڵ بكات، له‌كاتێكدا خۆی‌ به‌وشێوه‌یه‌ نییه‌”.

وتیشی‌: “ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ عیراق هێزی‌ بۆ سنوری‌ پارێزگای كه‌ركوك هێنابێت، شتێكی‌ تازه‌ نییه‌، چونكه‌ پێشتریش هێزی‌ شه‌ڕكه‌ری‌ هێناوه‌ ته‌نانه‌ت شه‌ڕ و پێكدادانیش روویداوه‌، له‌ئێستاشدا دۆخی‌ كه‌ركوك گۆڕانێكی‌ ئه‌وتۆی‌ به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌ وه‌ك ئه‌وان باسی‌ ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نوێنه‌رو په‌رله‌مانتاره‌كانی پارتی‌ له‌به‌غدان و سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت كه‌جێگری‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموکراتی کوردستانە له‌هاتووچۆی‌ به‌غداد و رێكه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵیدا”.

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، هاتنی‌ ئه‌و هێزه‌ بۆ پارێزگای كه‌ركوك نییه‌، به‌ڵكو له‌ناوچه‌كانی‌ (حه‌ویجه‌، عه‌تشانه‌، ریاز، عوزێریه‌) و ده‌وروبه‌ری‌ جموجوڵی‌ داعش هه‌یه‌، عیراقیش هێزی‌ هێناوه‌ بۆ روبه‌روبونه‌وه‌یان، ئیتر ناكرێت زانیاری‌ نادروست بڵاوبكرێته‌وه‌ بۆ مه‌رامی‌ دیكه‌.

به‌رپرسانی‌ پارتی‌ دیموکراتی کوردستان له‌ سنوری‌ پارێزگای كه‌ركوك له‌رێگای‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ زانیاری‌ هه‌ڵه‌ له‌میدیاكانی‌ خۆیانه‌وه‌ هه‌وڵی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێ‌ له‌ناو خه‌ڵكی‌ سنوره‌كه‌دا ده‌ده‌ن، به‌نمونه‌ ئه‌ندامێكی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ كه‌ له‌سنوری‌ كه‌ركوك به‌رپرسیارێتی‌ سه‌ربازی‌ پێدراوه‌ له‌گه‌ڵ وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی له‌ (كه‌ركوك-گه‌رمیان) به‌ راگه‌یاندنه‌كانی‌ نزیك له‌حزبه‌كه‌یان راگه‌یاندوه‌، له‌ئێستادا بارودۆخی‌ كه‌ركوك خراپه‌ و چه‌كی‌ قورسی‌ زیادكردوه‌و هێزی‌ زۆری‌ بردوه‌ به‌رامبه‌ر به‌پێشمه‌رگه‌ جێگیریكردوه‌.