دۆسته‌ كورده‌كانى توركیا: هه‌ر ئه‌و هێزه‌ ساختانه‌ن كه‌ به‌ناوی ئابووری سه‌ربه‌خۆوه‌ ژێرخانی هه‌رێمیان وێران كرد”

ئەم بابەتە 2,148 جار خوێندراوەتەوە
متمانە:

گرنگیدانى میدیاكانى ئه‌و حزبه‌ كوردیانه‌ى په‌یوه‌ندی به‌هێزیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانى توركیا هه‌یه‌ به‌ گواستنه‌وه‌ى ئه‌و هه‌واڵانه‌ى به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌و وڵاته‌ى تێدایه‌ له‌باره‌ى هێرشى سوپاى توركیاوه‌ بۆ سه‌ر كانتۆنى عه‌فرینى رۆژئاواى كوردستان، ناڕه‌زایه‌تى راى گشتى كوردى لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و رۆژنامه‌نوسێكیش رایده‌گه‌یه‌نێت “ئه‌و حزبانه‌ی له‌ ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانیانه‌وه‌ وه‌ك مژده‌ی سه‌ركه‌وتن داگیركردنی ناوچه‌كانی عه‌فرین بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌ر ئه‌و هێزه‌ ساختانه‌ن كه‌ به‌ناوی ئابووری سه‌ربه‌خۆوه‌ ژێرخانی هه‌رێمیان وێران كرد”.

رۆژنامه‌نوس و چالاكوان (نیاز عه‌بدوڵا) له‌ نوسینێكدا كه‌ له‌ ئه‌كاونتى تایبه‌تى خۆى له‌ فه‌یسبووك بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌ “ئه‌و حزبانه‌ی له‌ ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانیانه‌وه‌ وه‌ك مژده‌ی سه‌ركه‌وتنی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان داگیركردنی ناوچه‌كانی عه‌فرین له‌ رۆژئاوای كوردستان بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌ر ئه‌و هێزه‌ سیاسییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ ساختانه‌ن كه‌ به‌ناوی ئابووری سه‌ربه‌خۆ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵات، ژێرخانی په‌روه‌رده‌ و خوێندن و ته‌ندروستی و ئابووری هه‌رێمی كوردستانیان وێران كرد”.

ناوبراو ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو “ئه‌م هێزانه‌ وه‌ك چۆن ته‌نیا له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی بیره‌ نه‌وته‌كانی كه‌ركوك تا ساڵی ٢٠٢١ پاره‌ی پێشینه‌ی فرۆشتنی نه‌وت و خێره‌كه‌یان وه‌رگرتووه‌، ده‌یانخواست رۆژئاوای كوردستانیش له‌ رێگای هێزه‌ دارده‌سته‌كانیانه‌وه‌ وه‌ك هه‌رێمی كوردستان تاڵان بكه‌ن و بیخه‌نه‌ مشتی ئه‌ردۆغانه‌وه‌”.

به‌شێكى به‌رچاو له‌ میدیاكانى پارتى دیموكراتى كوردستان، به‌هۆى بوونى په‌یوه‌ندى به‌هێزى حزبه‌كه‌یانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانى ئێستاى توركیا، گرنگى زۆر به‌و هه‌واڵانه‌ ده‌ده‌ن كه‌ به‌رژه‌وه‌ندى توركیاى تێدایه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌و وڵاته‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ دژایه‌تیكردنى كورد له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ى كوردستان، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایه‌تى راى گشتى كوردى لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

(٥٢) رۆژ تێپه‌ڕده‌بێت به‌سه‌ر ده‌ستپێكردنى هێرشى سوپاى توركیا بۆ سه‌ر كانتۆنى عه‌فرینى رۆژئاواى كوردستان، به‌ڵام تائێستا له‌لایه‌ن شه‌ڕڤانانه‌وه‌ هێرشه‌كان تێكشكێنراوه‌ و سه‌دان سه‌ربازى سوپاى توركیا و چه‌كداره‌ میلیشیاكانى سه‌ر به‌و وڵاته‌ كوژراون.

به‌هۆى هێرشى سوپاى توركیاوه‌ بۆ سه‌ر كانتۆنى عه‌فرینى رۆژئاواى كوردستان و تۆپبارانكردنى سنورى كانتۆنه‌كه‌ له‌لایه‌ن تۆپخانه‌كانى سوپاى ئه‌و وڵاته‌وه‌ و ئه‌نجامدانى بۆردوومان له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانییه‌وه‌، تائێستا ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ هاوڵاتیانى عه‌فرین شه‌هیدبوون كه‌ به‌شێكى زۆریان ژن و منداڵن.